بە دیمەن

لە کەرکوک کۆڕی "رۆژئاوای کوردستان بەرەو دیموکراسی و ناناوەندێتی دەسەڵات" بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "ڕۆژئاوای کوردستان لە عەلمانیەتەوە بەرەو دیموکراسی و ناناوەندێتی دەسەڵات"، کۆڕێک بۆ ئەبوبەکر کاروانی نووسەر و سیاسەتمەدار ڕێکخرا.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی، رۆشنبیر، چالاکوان، نووسەر و ئەدیب، ئێوارەی دوێنێ لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، کۆڕێکی تایبەت بە پرسی داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەبوبەکر کاروانی نووسەر و سیاسەتمەدار، بەناونیشانی "ڕۆژئاوای کوردستان لە عەلمانیەتەوە بەرەو دیموکراسی و ناناوەندێتی دەسەڵات" ڕێکخرا، لە کۆڕەکەدا نووسەر بە وردی باسی لە دۆخی ئێستای سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەگەرەکانی داهاتووی ووڵاتەکە کرد و جەختی کردەوە کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ وڵاتەکە پابەندبوونە بە بنەماکانی دیموکراسی و ناناوەندێتی دەسەڵاتەوە.

سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ئەو سیاسەتەی ئیدارەی بەڕێوەبەری پەیڕەوی دەکەن بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان، ئەبوبەکر کاروانی نووسەر و سیاستمەدار، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو ئێستا ئیدارەدانی ململانییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا لەلایەن ژەنڕاڵ مەزلوم عەبدی و هێزەکانی سوریا دیموکرات(هەسەدە) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە ئەتوانم بڵێم بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵ ململانێ و ڕووداوەکان کردووە، مەزڵوم عەبدیش لێدوان و جۆری بیرکردنەوەکانی مامەڵەکردنی میانڕەوانەیە، ڕەنگە ئەستەنگی گەورە لەبەردەم کوردی ڕۆژئاوا پەیوەندییەکانی ئەنەکەسە لەگەڵ هەسەدە بێت هیوادارین بە زووترین کات ئەوەش چارەسەر بێت، لەبەر ئەوەی کورد پێویستە دیدگا و تێگەێشتن و نوێنەری هاوبەشی هەبێت".

هەروها ئەو نووسەر و سیاسەتمەدار ووتیشی: "ئەوەی بۆ کورد گرنگە لە ئێستای سوریادا عەلمانیەت نیە بەڵکو دیموکراسییە و بەتەنها دیموکراسییش چارەسەری دۆزی کورد ناکات بەڵکو پێویستی بە ناناوەندێتی دەسەڵات، بوونی فیدڕاڵیزم، چارەسەری پرسی کورد و هێنانە کایەی هەرێمی "بارۆس" هەیە لە سوریا، ئەوەی تائیستا لە رۆژئاوای کوردستان ئەکرێت باشە و پێویستە یەک ڕێزی کورد پتەوتر بکرێت و سوود لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرن و هیوادارین کە رۆڵی هێزە سەربازییەکان لە رۆژئاوا بەردەوام بێت تاوەکو نووسینەوەی دەستور و گەیشتنی کورد بە مافەکانی، بۆ کۆتایی هاتنی قۆناغێکی تاریک کە ژیان لە سایەی رژێمی بەعس بەشێک لە تەمەنی کورد و نەتەوەکانی دیکەی برد".