ئایا تورکەکان دێنە سەر ئایینی ئۆجالان؟
هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە هێمایە بۆ ئەوەی لێرەوە بانگی ئاشتی دەدرێت بەگوێی جیهاندا؛ لەو شوێنەی ڕۆژنامەی "بانگی حەق" چاپ دەکرا. ئاشتی، بانگی حەقی کوردە.
هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە هێمایە بۆ ئەوەی لێرەوە بانگی ئاشتی دەدرێت بەگوێی جیهاندا؛ لەو شوێنەی ڕۆژنامەی "بانگی حەق" چاپ دەکرا. ئاشتی، بانگی حەقی کوردە.
دوای ماراسۆنێکی پەنجا ساڵە، پرۆسەی سیمبولیی لەناوبردنی چەک دەستی پێکرد. ئەم پرۆسەیەش دوای بانگەوازی ئاشتی لەلایەن ئۆجالانەوە، لە ئەشکەوتی جاسەنەدا بەڕێوە چوو. دیارە هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە هێمایە بۆ ئەوەی لێرەوە بانگی ئاشتی دەدرێت بەگوێی جیهاندا؛ لەو شوێنەی ڕۆژنامەی "بانگی حەق" چاپ دەکرا. ئاشتی، بانگی حەقی کوردە.
خەڵکی کوردستان خۆشحاڵن بە پرۆسەی ئاشتی، چونکە لەڕاستیدا جەنگ هەڵبژاردنێکی ناچاری بووە. چەک کاردانەوە بوو بەرامبەر نکۆڵیکردن لە "بوون"ی کورد. دوای ماراسۆنێکی پەنجا ساڵی و دوای سەدەیەک نکۆڵیکردن لە بوونی کورد، ئێستا پەکەکە و تورکیا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان؛ تاقیکردنەوەیەکی سەخت. دەگوترێت ئاشتی لە جەنگ سەختترە، ئاشتیش پێویستیی بە سوپا و چەکی خۆی هەیە.
ئۆجالان، وەک چۆن کاریگەرترین هێزی گەریلا و جەنگاوەری لە ڕووی پەروەردە و ڕێکخستن و باوەڕەوە دروست کرد، بە هەمان شێوەش سوپایەکی ئاشتیی پڕچەکی بە بیرکردنەوە و جیهانبینی و ئاشتیخوازی خولقاندووە. وەک دوایین "ئایین"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بانگی ئاشتی دەدات بەگوێی نەتەوە و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەوەی خەڵک لێی بەگومانە، تورکیایە. کوردەکان گومانیان لەوە هەیە کە تورکیا مەبەستی ئاشتی بێت، چونکە تورکیا لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە بوونی کورد دامەزراوە. بەڵام دەبێت هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە تورکیا ناتوانێت چیتر نکۆڵی لە بوونی کورد بکات. ئۆجالان کاتێک بانگەوازی ئاشتی دەکات، پێی وایە کە ئیتر کورد بوونی خۆی سەلماندووە. ماراسۆنی پەنجا ساڵەی پەکەکە بۆ سەلماندنی ئەم "بوون"ە بوو. ئێستا سەردەمی پاراستن و پێشخستنی ئەم بوونەیە، چونکە جەنگ چەقبەستنە.
ئاشتی بۆ گەلی کورد باشترین بژاردەیە. ڕەنگە چەکی جاشایەتیش، کە دەرەنجامی شەڕی چەکدارییە، لە دەوڵەت بستێنێتەوە، چونکە ئەگەر جەنگ نەمێنێت، جاشایەتیش نامێنێت. هەر بۆیە، پێم وایە هێزی کورد لە ئاشتیدا زیاترە تا لە جەنگدا. کورد لە دۆخی ئاشتیدا دەتوانێت بوونی گەشە بکات. بەڵام، ئایا تورکەکان دێنە سەر ئایینی ئۆجالان؟
ئەمە پرسیار و گومان دەورووژێنێت، چونکە کورد مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ تەڵەی تورکاندا هەیە، کە لێرەدا پێویست بە باسکردنی ئەم مێژووە ناکات. تەنیا ئەوەندە نەبێت کە پێویستە وەک زەردەشت باوەڕمان وابێت: تا تورکەکان باوەڕ بە ئایینی ئاشتی نەهێنن، کورد ناحەسێتەوە.
لە ئاڤێستادا باسی "فریانە" کراوە، کە کابرایەکی تورانییە و تورکەکان ڕەگەزی خۆیان دەگێڕنەوە سەر ئەو. دەقی ئاڤێستا دەڵێت: "کاتێک خزم و کەسی فریانە هاتنە سەر ئایینی حەق و ڕاستی، بە ئەشق و ئیمانەوە بۆ گەشە و پێشکەوتنی جیهان هەوڵ دەدەن. لە سایەی ئەندێشەی چاکدا دەبنە یەک و سەرەنجام، ئاهورامەزدا ئارامی و ئاسایشتان پێ دەبەخشێت."
بێگومان ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەربکەوێت، ئەوا هەروەک مزگێنییەکەی ئاڤێستا، کورد ئارامی و ئاسایش بەدەست دێنێت، کە ئەمەش ئامانجە لەدوای سەلماندنی بوونی خۆی. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ؛ ئەم ناوچەیە پڕیەتی لەو مرۆڤە گورگئاسایانەی کە نانیان لە جەنگدایە، بەڵام ئازایەتی و ورە و هێزی ئاشتی دەگمەنە.