ئەمڕۆ کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری قامیشلۆ دەستی پێ کرد، لە کۆنفرانسەکە پەیامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) لەلایەن ئەمین بابە شێخ خوێنرایەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكە دەخوازین و پشتیوانتان دەبین، هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی كورد بووە و ئێستاش پشتیوانی بزافی ڕزگاریخوازی كوردین لە سووریا، چونكە سەقامگیری سووریا واتا سەقامگیری ناوچەكە، بۆیە دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان بەتایبەت كورد پارێزراوبێت."
لە درێژەی پەیامەکەدا دەڵێت: " بە یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتنی نیشتیمانی دەگەینە ئامانجەكانمان، لە نزیكەوە ئاگاداری ئاڵنگاری و پێشهاتەكانی ناوچەكەین و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەش، پێویستە هەموو لایەنە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان یەكڕیز و یەكهەڵوێستبن بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانمان.
سەقامگیری سووریا كاریگەریی لەسەر سەقامگیری ناوچەكە هەیە و یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی لایەنەكانیش دەبێتە جێی ئومێدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی كورد، بۆیە پێویستە ڕێگربین لە هەر پیلانێك كە بۆ تێكدانی یەكڕیزیی گەلی كورد داڕێژرابێت".