ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٨٢ی کەرکوک بەرزڕاگیرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە مەڕاسیمێکدا یادی ٤٣هەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە شکۆدارەکەی ساڵی ١٩٨٢ی شاری کەرکوک بەرزڕاگیرا.

ساڵی ١٩٨٢ خۆپیشاندانێكی گەورە لە قەڵادزێ لە یادی بۆردوومانە خوێناوییەكەی ساڵی ١٩٧٤ی ئەو شارەدا روویدا و خۆپیشاندان شارەكانی دیکەی كوردستانیشی گرتەوە بە كەركوكیشەوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكانی بەعس زۆر بە توندی كەوتنەگیانی خۆپیشاندەران و ژمارەیەكیان لێ شەهید و برینداركردن و ژمارەیەكی زۆریشیان دەستگیركرد.

ڕۆژی ٦/٥/١٩٨٢ لە كەركوكیش وەكو پاڵپشتی بۆ خۆپیشاندانەكەی قەڵادزێ، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە ئاكامدا هەشت كەس بە ناوەكانی "فەرەیدون فەتحوڵڵا، عەباس عەلی مەولود، ئەنوەر عەلی مەولود، ئازاد عەبدولقادر، رەسوڵ كەریم، عەبدولقادر حەسەن، عەلی خەتاب، جەلال سەید ئەحمەد" شەهیدبوون و ٩٥ كەس بریندار بوون و زیاتر لە ٢٥٠ كەسیش دەستگیركران كە ژن و پیاوی بە تەمەنیشیان تێدابوو، كە بەداخەوە بەشێكی زۆریان لە ژێر ئەشكەنجەدا كەمئەندام بوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ-شەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ بەهاوکاری کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکانی ناوەندی کەرکوک، لە یادی ٤٣هەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە شکۆدارەکەی ساڵی ١٩٨٢ی شاری کەرکوک، هەستان بە ڕێکخستنی مەڕاسیمێکی ڕێزلێنان بۆ بنەماڵەی شەهیدان و بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە، سەرەتای مەڕاسیمەکەش بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو خۆپیشاندانە مێژووییە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد.

'بە گژی ئەو ڕژێمە توندوتیژەی بەعس چووینەوە'

ڕەشید ئەحمەد سابر، نووسەر و ڕۆشنبیری و پێشمەرگەری دێڕین، کە ناوبراو خوێندکاری ئامادەیی بووە کاتێک بەشداری لەو خۆپیشاندانە مێژوویە کرد لە ساڵی ١٩٨٢، ڕەشید ئەحمەد لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) باسی لە مێژووی ئەو رۆژە و ووردەکارییەکانی ڕووداوەکەی کرد و گووتی: "لە ساڵانی حوکمی ڕژێمی بەعسی فاشیستیدا، کورد لەژێر چەوساندنەوە و ستەمێکی زۆردا بوو، بەتایبەت لە شاری کەرکوک، کە چەوسانەوەکان بریتیبوو لە زەبروزەنگی توندوتیژی و کوشتن، ڕاگواستن، بەعەرەب کردن، بێبەشکردنی کورد لە هەموو مافە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی، ئەمە وایکردبوو کە کڵپەی شۆڕش لەگەڵ ڕێکخستنەکان تێکەڵ بەناو جەماوەر بێت، کاتێک کە ستەمەکان گەیشتنە ئەو ئاستە زۆرەی کە خەڵکی باشوری کوردستان ڕاپەڕی لە قەڵادزەوە دەستیان پێکرد، شار بە شار هات هەتا گەیشتە شاری کەرکوک، ئێمەش لێرە وەکو ئەرکێکی خۆمان هەموو ڕێکخستنەکان بەپێی بڕیارێک کە ئاگادارکراینەوە خۆمان ئامادە کرد بۆئەوەی کە خۆپیشاندانێک ئەنجام بدەین و بچین بە گژ ئەو ڕژێمە توندوتیژەدا و بۆی بسەلمێنین کە ئێمە لە کەرکوک بوونمان هەیە و بێدەنگ نین".

'سەلماندمان ئێمەی کورد کۆڵندەر و خەباتگێرو شۆرشگێڕین'

هەروەها ڕەشید ئەحمەد ووتیشی: "وەکو ئاگادارم خەڵک و خوێندکاران کە لە ڕێکخستنەکانی شار نەبوون بەڵام بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون، ئەم خۆپیشاندانە دەریخست بۆ ڕژێمی بەعس کە ئێمە لە کەرکوک ناتوێنەوە، ئەچین بە گژ ئەو دەسەڵاتەدا، رژێمی پێشووی بەعش توندوتیژی زۆر بەکارهێنا، کە جگە لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ کە بۆ شەهیدکردنی چەندین ڕۆڵەی تێکۆشەری ئەم شارە، پاشان بە کەوتنە گیانی خەڵکی و چەندین هەڤاڵی خۆمم بینی بە شێوەیەکی زۆر خراپ لێدرا و شەهید کران، ئەم خۆپیشاندانە ناوی دەنێم ڕاپەرین چونکە زۆر قورس بوو لەم شارەکە تەنها بلین کوردم، ئەمە وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ڕژێمی بەعس کە کورد لەم شارەدا خۆی بە خاوەنی شارەکە دەزانێت، وە پێکهاتەیەکی سەرەکییە ناکرێ پەراوێز بکرێت، وە توانیمان بیسەلمێنین ئێمە لەم شارەدا کۆڵنەدەرین خەبات گێڕو شۆڕشگێڕین".

'بە خوێنی شەهیدان ناسنامەی کورد و کوردستانی کەرکوکمان سەلماند'

هەروەها ئەسعەد عومەر ڕەحیم ناسراوی بە ئەسعەد خاڵەبازیانی پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی شاری کەرکوک، گەنجێکی دیکەی بەشدار لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی ١٩٨٢ی کەرکوک بوو، بەم شێوەیە باسی لە خۆپیشاندانەکە کرد: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر پیرۆزە بەلای من و کەرکوکییەکانەوە، لەبەر ئەوەی ٦ی ئایاری ١٩٨٢ خوێندکارانی شاری کەرکوک گەورەترین خۆپیشاندانیان لەم شارە کرد، ١٣ گەنجی شەهیدی کەرکوک خۆیان کردە قوربانی ئەم شارە، بەڕاستی شاری قەڵادزێ شاری قارەمانانە ڕاپەڕین، لەو ڕاپەڕینە دایکە ئامینە و خوشکە سنۆبەر شەهید بوون، دواتر داوا لە هەموو شارەکان کرا کە ڕاپەرن دژی ڕژێمی بەعس لە عێراق، لە کەرکوکیش گەورەترین خۆپیشاندانیان ساز کرا، دوژمن هەوڵی دەدا ناسنامەی کەرکوک بکاتە شارێکی عەرەب بەڵام ئێمە سەلماندمان کە کەرکوک شاری کورد و کوردستانییە وە بە خۆپیشاندان و ووتنەوەی ووتافی شۆرشگێرانە سەلماندمان کە هەر کوردین و کورد کۆتایی نایات لەم شارە".

'ئەم مێژووە هەموو کوردێک شانازی پێوەدەکات'

لە کۆتایدا مامۆستا سەیفەدین کەرکوکی، ڕێکخەری مەڕاسیمەکە و بەشداری خۆپیشاندانەکە، سەبارەت مەڕاسیمەکە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ٤٣ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر خۆپیشاندانە شکۆدارەکەی ٦ی ئایاری ١٩٨٢ی شاری کەرکوک، کە لەو ڕۆژەدا خوێندکارانی شاری کەرکوک بەگژ دڕندەترین ڕژێمی ئەو سەردەمە رژێمی بەعس چوونەوە، ئەوەی کرا تۆمارکردنی میژوو بوو لەلایەن خەڵکی کەرکوکەوە، ئەوکات حکومەتی عێراق لەبری ئەوەی ماف بدات بە گەلەکەی هەڵدەستا بە بۆردوومان کردنی، بینیمان کە رژێمی بەعس کۆتاییەکەی چۆن بوو، ٤٣ ساڵ لەمەوبەر گەنجانی خوێندکارانی ئەم شارە هەستان بە خۆپیشاندانێک لە گۆرستانی (شێخ محێدینەوە) بەرەوە بازاڕی (چووت قاوە) بەگژ ئەو ڕژێمەیان چوونەوە، بێگومان ئەمەش مێژوویەکە هەموو کەرکوکییەکان هەموو کوردێکی کوردستان شانازی بەو ڕۆژەوە دەکات، پێوویستە مێژوونووسان باس لەم یادە مەزنە بکەنەوە و یادی قوربانیان بەرزڕابگرین".