ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی هەوڵی تیرۆرکردنی ڕێبەر ئاپۆیە کە لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ئەنجام درا. وڵاتپارێز سەبری مەحمود بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەربارەی هەوڵی تیرۆرکردنە قسەی کرد. مەحمود ئاماژەی بەوەدا ئەو هێرشە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی پلانێکی بەرفراوان بە هاوکاری هەواڵگری هەرێمی ئەنجام درا.
سەبری مەحمود کە دەرفەتی بینی ڕێبەر ئاپۆی هەبووە، ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بەرخۆدان دەکات، ئەم بەرخۆدانە دەبێتە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتداری بترسێ و گوتی: "ئەمڕۆ ٦ی ئایارە، لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦دا لە لایەن میت و هەواڵگری دەوڵەتی تورک و ڕژێمی بەعس ویستیان ڕێگری لە فکری ئازاد بکەن. هەربۆیە لە شاری دیمەشق لە نزیک ئەو شوێنەی کە ڕێبەر ئاپۆ لێی دەمایەوە، ئۆتۆمبێلێک زیاتر لە شەش تۆن تەقەمەنی تێدا بوو، تەقێنرایەوە."
مەحمود ئاماژەی بەوەشدا دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لەسەر خوێنی گەلان هەبوونی خۆیان بونیاتناناوە، لە مێشکی ئەواندا تەنها یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک نەتەوە هەیە و گوتی: "لەبەر ئەوەش پارادایمی دیموکراتیک لە بەرانبەر خۆیان دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو کەسێ ئاشتی دەوێت و تێدەکۆشێت. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی دەکات و دەڵێت: "ئێمەی گەلانی بندەست دەبێ بە ئازادی بژین". بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات، ویستی ڕێبەر ئاپۆ لەبەرامبەری خۆی لاببات. بەڵام سەرنەکەوت، چونکە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن بیرۆکەیەکی وەهایە کە دەتوانێت بەرامبەر هەر جۆرە دەسەڵاتێک بوەستێتەوە.
سەبری مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکانی بە هەموو شێوازێک هێرشیان ئەنجامدا بەڵام دیسان شکستیان هێنا و وتی: "دەوڵەتی تورک لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەترسا کە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سوریای دەکرد. لە بەر ئەوە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ چووە دەرەوەی وڵات. پاشان پرۆسەی پیلانگێڕی دەستیپێکرد. بە ڕێگەی ئەو پیلانگێڕییەوە دەیانویست رێبەر ئاپۆ لەناوببەن. بەڵام دیسان ڕێبەر ئاپۆ پیلانەکانی پووچەڵ کردەوە و دەوڵەتی تورک بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دیسان شکستی هێنا."
مەحمود ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک'، نیشانی دا کە تەنیا ئاشتی دەوێت و وتی: "بەڵام دەوڵەتی تورک هەتا ئێستا لەو بارەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە."
لە کۆتاییدا مەحمود ڕوونی کردەوە کە ئەمڕۆ بەهەزاران و ملیۆنان کەس پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و ڕایگەیاند؛ ئێمە بەهەزاران کەس لەسەر رێبازی ڕێبەرایەتیمان تێدەکۆشین و هەتا کۆتایی پشتیوانی لە ڕێبەرەکەمان دەکەین و ئەم ڕۆژە شەرمەزار دەکەین. بۆیە پێویستە بزانرێت هیچ هێزێک ناتوانێت لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و گەلدا دابڕانێک دروست بکات."