گرنگ نییە مرۆڤ چەندە بژی، گرنگ ئەوەیە چۆن دەژی، مام بەهادین پێشمەرگەیەکی دێرین بوو، شیعری خۆشدەویست و وڵاتپارێزیکی نمونەیی بوو، دوێنی دووشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢٥ مەلا بەهادین دەروێش تاهیر لە تەمەنی ١١٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی شارەکە قسەیان کرد و ڕایانگەیاند کە تا لە ژیاندا بووە نموونە و پێشەنگ بووە بۆ هەمووان و تەنانەت دوای مردنیشی لە دڵی هەموواندا دەمێنێتەوە، خەڵکی کەرکوک لە قوڵایی دڵیاندا دڵگران بوون بە بیستنی کۆچی دوایی مام بەهادین.
مام بەهادین هەموو ژیانی خۆی لە ژیانێکی پر لە تێکۆشان و خۆڕاگریدا بەسەر برد، هەمیشە نموونەی کەسێکی ووڵاتپارێز و کوردپەروەربووە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی شاری کەرکوک، له هه ڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی ١٨ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣، یەکێک لەو کەسانەی کە بەشداری هەڵبژاردنەکە بوون و دیمەنی بەشداریکردنی ناوبراو کاریگەرییەکی مەزنی لە دڵ هەموواندا درووستکرد، دیمەنی مام بەهادین بوو.
مام بەهادین بەو شیعرەی کە لەو کاتەدا بە دەنگێکی بەسۆز و بەهێزەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) خوێندبوویەوە، شیعری "کوردم ئەمن، کوردم ئەمن"ی هێمن موکریانی شاعیر بوو، جێگەی خۆی لە دڵی هەموو کوردێکدا کردەوە و بووە بەنموونە و پێشەنگ بۆ هەمووان.
مام بەهادین لە قسەکانییدا داوای لە هەموو کوردان کرد بەشداری هەڵبژاردن بن و ئەمەی گوت: "شەرمە خەڵکی نەیەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، زۆر شەرمە بۆ هەر کوردێک کە ئەمرۆ دەنگ نەدا".