ئۆپراسیۆنی قەسەدە: سەرچەتەیەک دەستگیرکرا

قەسەدە رایگەیاند لە ئۆپراسیۆنێکدا لە دێرەزۆر لەدژی شانەکانی داعش سەرچەتەیەک دەستگیرکراوە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لە ماڵپەرەکەیدا بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لە ناوچەی ئەلکەسرای دێرەزۆر لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانیان و هاوپەیماناندا سەرتەچەیەکی داعش دەستگیرکراوە.

قەسەدە لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئۆپراسیۆنەکانی هاوبەشی هێزەکانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوامە و لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا پێنج ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە.

قەسەدە دەڵێت، " رۆژی هەینی ١٥ی کانونی یەکەم بە پشتگیری هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەی ئەلکەسرای رۆژئاوای دێرەزۆر ئۆپراسیۆنێک ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا ئەمیرێکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیرکراوە کە بەرپرسی رێکخستن و چالاکییە تیرۆریستیەکانی داعش لە هەرێمەکە بووە."

هەروەها قەسەدە باسی ئەوەی کرد کە لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەک ئامێری پەیوەندی و بەڵگەدا گیراوە.

ف.ق