ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:
"دەوڵەتی تورک ماوەی ٣ ڕۆژە بەردەوامە لە هێرشەکانی دژی ژێرخان و خەڵکی سڤیل. ئەمڕۆ زۆر شوێنی عامودا و خەڵکی سڤیل، فەرمانگەی پەروەردەیی، ناوەندەکانی بیناسازی لە تەل تەمر و گر زیرۆ، ناوەندەکانی نیشتەجێبوون لەسەر سنوور کرانە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شەهید و بریندار هەبوون. ئەم هێرشانە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان دروست کرد. ئامانج لە بۆردومانکردنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان تەواوکردنی گەمارۆیە لەسەر گەلەکەمان و زیادکردنی بارگرانیی گەلە، تاوەکو ئاستەنگی ئابووری و بژێوی دروست بکەن. بەمەش قەیرانێکی سەختی مرۆیی دروست دەبێت، هەروەها کەرتی خزمەتگوزاری و پیشەسازی بە سووتەمەنی و خۆراکیشەوە دەوەستێنرێت.
"١٧ خەڵکی سڤیل شەهیدبوون و مناڵی تێدایە"
تا ئێستە لە ئەنجامی هێرشەکاندا ١٧ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٤٨ برینداربوون، کە مناڵیان تێدایە. ئەم هێرشانە لەسایەی بێدەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا و لایەنەکانی تر بەردەوامە. ئەمەش "مەترسی قۆناغەکە" پیشان دەدات. پێویستە بەرامبەر ئەم هێرشانە هەڵوێستێکی توند و بەرپرسیار هەبێت، گەر نا دەوڵەتی تورک هەموو شتێک دەکات بۆ ڕێگری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵۆزی بڵاودەکاتەوە و کارەساتێکی مرۆیی دەخوڵقێنێت.
ئێمە بە پشتیوانی گەلەکەمان پلانی دوژمن تێکدەشکێنین و لە بەرامبەر هێرشەکاندا، ئیرادە و پێداگریی ئازادیمان سەردەکەوێت".