دەستەی ژنانی رؤژئاوای کوردستان بانگێکی ئاڕاستەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی کرد

دەستەی ژنان-ی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک-ی هەڕێمی جزیری رؤژئاوای کوردستان لە بارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆمەڵکوژی و داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو بانگێکی ئاڕاستەی ڕێخستنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی کرد.

دەستەی ژنان-ی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک لە هەڕێمی جزیری رؤژئاوای کوردستان تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بانگی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بەرامبەر بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی جدی بنوێنن.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کرا کە ئەوان وەکو دەستەی ژنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک لە هەوڵی پاراستنی ئاسایش و تەندروستی ئەو منداڵانە دان کە دایک و باوکیان لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدان، گیانیان لەدەست داوە، بە تایبەت کاتێک دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیر کرد ژمارەیان ٦١ بوو. بەڵام لە ئێستادا دوای زیادبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی خۆرهەڵاتی فرات ئەم ژمارەیە گەیشتووتە ٧٠ منداڵ.

'ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە'

لە بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی کە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بە هیچ شێوەیەک جێی قبول نین, ئامانجی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لەم هێرشانە دا ئاشکرایە. بەرچاوترین ئامانجیشی دووبارە زیندووکردنەوەی داعشە. هەروها بە بەهانەی درووستکردنی گوایا 'ناوچەی ئارام' ئامانجی ئەوەیە کە ڕۆژئاوا داگیر بکات. لە هەوڵی ئەوەشدایە کە بە بەهانەی 'گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سوریا' دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و بەرامبەر بە پێکهاتەکانی هەڕێمەکە کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات کە بڕیاریان داوە بە شێوەیەکی دیمۆکراتیک بەشداری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ببن.

'تورکیا بووەتە رێڕەوی تیرۆریستان'

دەستەی ژنان هەروها ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک لەم داگیرکەریەدا هەموو جۆرە چەکێک بەکار دەهێنێت کە لەناویاندا چەکی قەدەغەکراویش هەیە و دەڵێت : " دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خەلافەتی داعشیان لە سوریا لەناو برد، تورکیا لە رووی پەروەردەکردن و پێدانی چەک و رێنمانیکردن و کردنەوەی سنوور بۆیان، بەردەوامە لە پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستیەکان و بووەتە رێڕەوی تیرۆریستەکانی نەک تەنها ناوچەکە، بەڵکو تیرۆریستەکانی سەرتاسەری جیهان.

'کردەوەکانی دەوڵەتی تورک کەمتر نین لە تاوانەکانی داعش'

لە بەیاننامەکەدا ئەوە بەبیر خرایەوە کە مرۆڤایەتی ئەزمونی داگیرکردنی عەفرینی بینی. ئێمە بڕوامان وایە کە ئەم ئەزمونە بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تورکیا هیچ خێرێکی تێدا نیە بۆ ناوچەکە. سوپاو گروپە توندڕەوەکانیی، لە کوشتنەوە بگرە تا فڕاندن و دەستدرێژی و ئاوارەکردن و تاڵان و گۆڕینی دیمۆگرافی، لە عەفرین هەزاران تاوان و بنپێکارییان ئەنجام دا. ئەم کردەوانە کەمتر نین لە تاوانەکانی دەستی خودی داعش. ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەمان سیناریۆ لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فرات دوبارە بکاتەوە.

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا دەستەی ژنان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی، دەستیان کردووە بە بە دوبارەکردنەوەی سیناریۆی عەفرین لە گرێ سپی و سەرێکانی. هەورها چەندین تاوانی شەڕ و بنپێکاریی وەکو کوشتنی مەدەنیەکان و سیاسەتمەدارو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس لەو دوو شارە ئەنجام دا. ژمارەی ئەو مەدەنیانەی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژران گەیشتووەتە ٢٥١ کەس کە بە دەیان منداڵیشی تێدایە. هەروها ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١١٠٠ کەس.

لە کۆتای بەیاننامەکەدا دەستەی ژنان-ی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک ڕایدەگەیێنێت بە هۆی ئەوەی ئەوان پاراستنی ئاسایش و بەخێرکردنی ئەم منداڵانەیان گرتووەتە ئەستۆی خۆیان کە لە ئەنجامی کۆمەڵکوژیەکاندا بێ دایک و باوک کەوتوون، ئەرکی ئەخڵاقی خۆیان جێبەجێ کردووەو بەم بانگە کۆتاییان بە بەیاننامەکە هێنا: "ئێمە بانگ لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گشت مرۆڤایەتی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئەخلاقی و دیمۆکراتیک و یەکسان و دادپەروەرو ئاشتیانەدا بتوانن بە ئارامی بژین، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی تورکیا کۆتایی بە داگیرکاریەکانی ئەم دواییەی رؤژهەڵاتی فرات بهێنێت."

ز.ش