ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر: کۆتاییهێنان بە داگیرکاری دەبێتە هۆی ئارامی بۆ هەرێمەکە

لە ٥ـەمین ساڵوەگەڕی داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپیدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر ڕایگەیاند؛ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری دەبێتە هۆی ئارامی بۆ هەرێمەکە. جەختیشی کردەوە، کە هەرێمەکان ڕزگار دەکەنەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بۆنەی ٥مین ساڵوەگەڕی داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی هاوکاریی هێزە نێونەتەوەییەکان، ئەو شارانە داگیرکران و ئەو گەلانەی بۆ کەرامەت و ئازادی خۆیان تێکۆشانیان دەکرد، کرانە ئامانج.

هەروەها ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامی داگیرکارییەکان درێژەدان بە عەقڵیەتی کۆمەڵكوژییە کە دەبێت کۆتایی بێت، بەتایبەتی هەموو هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلانی هەرێمەکەیە کە لە دیاریکردنی داهاتووی دیموکراتیکدا ڕەوڵی دەبێت.

هەروەها ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر ئاماژەی بەوەدا کە پیلانگێڕی دژی هەموو گەلانی سووریایە و بە ئامانجگرتنی یەکلاکەرەوەی سەروەری سووریایە.

لە بەیاننامەکەدا دڵنیایی دراوە بە پێکهێنانی یەکڕیزیی و هاودەنگی گەلانی هەرێمەکە و درێژەدان بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، شکستپێهێنان بە هەوڵە دوژمنکارییەکان کە دەیانەوێت پڕۆژەکانیان بەسەر گەلانی هەرێمەکەدا بسەپێنن و داوای لە هێزە جیهانییەکان بەتایبەت هاوکارانی دەوڵەتی تورک کرد، بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە. هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە یاسایی و مرۆییەکان کرد، کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ دەستنیشانکردنی تاوانەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان دروست بکەن و تاوانباران رادەستی دادگا بکەن.

هەروەها ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر ئەوەشی ڕایگەیاند کە بەردەوامی داگیرکارییەکان بەردەوامی ئاژاوەگێڕیی و پاڵپشتی هێزە چەکدارەکانە، بۆیە ڕایگەیاند کە کۆتایی هێنان بە داگیرکاری بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکە، بڕیارێکی ستراتیژیکە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری چەندە بەردەوام بێت ئەوەندە پێداگری لەسەر ڕێگەی شەهیدان بۆ پاراستنی گەلانی هەرێمەکە و ڕزگاری خاکە داگیرکراوەکان دەکات.