سوپای داگیرکەر جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی سەرێکانی

سوپای داگیرکەر و چەتەکانی ئەلنوسرە و داعش، جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر گوندەکانی شارەدێی زرگان-ی سەر بە سەرێکانی و شەڕڤانانی قەسەدە بەرپەرچیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا سێ ئۆتۆمبیلی دۆشکەبەسەر و زرێپۆشێکی سوپای داگیرکەر تێکشکاندراوە.

وێڕای ئەو ئاگربەستەی لە ئارادا هەیە، سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی ئەلنوسرە و داعش بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.  لەم چوارچێوەیەدا لە گوندەکانی باب ئەلخەیر، ئوم عەشبە، دەردارە-ی شارەدێی زرگان-ی سەربە سەرێکانی هێرشەکانیان بەردەوامن و شەڕڤانانی قەسەدەش بە توندی بەرپەرچیان دەدەنەوە.
بەگوێرەی زانیاری خۆجێیەکان، لە ئەنجانی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لە گوندی ئوم عەشبە سێ ئۆتۆمبیلی دۆشکەبەسەری سوپای تورک و چەتەکانی تێک شکێندراون.
لە گوندی دەردارەش هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەرپەرچی هێرشێکی سوپای تورک و چەتەکانیان داوەتەوە و ئۆتۆمبیلێکی زرێپۆشیان تێکشکاندووە.
بە پێی زانیاریەکان تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ و پێکدادانی قوڕس لەو سێ گوندە بەردەوامە.
ز.ش