مەزڵوم عەبدی: تێبینیمان هەیە لەسەر هەندێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی سوتچی

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە لە سەر ڕێککەوتنی سوتچی نێوان ڕووسیا و تورکیا هەڵوێستی خۆیانی ڕایگەیاند و ئاشکرای کرد : تێبینیمان لەسەر هەندێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە هەیە و لە بەرژەوەندی گەلەکەماندا نین.

ئەمڕۆ، لە شاری حەسەکە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک - قەسەدە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای سەرخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی حەمید حاجی دروێش سکرتێری پارتی پێشڤەڕۆ و بەناوکردنی بە وڵاتپارێزێکی مەزن ڕوونکردنەوەی لە سەر مژارەکانی ئاگربەست و ڕێککەوتنی سوتچی نێوان تورکیا و ڕووسیادا و هەڵوێستی خۆیانی بەم شێوەیە لەبارەیانەوە ڕاگەیاند:
 
"لەگەڵ ڕژێمی تورکیای ڕێککنەکەوتووین، تاقمەکانی سەر بەو ڕژێمە ئاگربەست پێشێل دەکەن"

تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ ڕژێمی تورکیادا نەکردووە و تەنها ئاگربەست هەیە، سەرەڕای ئاگربەستیش بەڵام تاقمە چەتەکانی سەر بە تورکیا لە هێرشەکانیان بەردەوامن و ئاگربەستەکە پێشێل دەکەن. ئەمریکا هێرشی تورکیای بۆ سەرمان ڕانەگرت، بەڵکو ویستی لە بواری دیپلۆماسی و ئابوری و بە سەپاندنی سزا بە سەر تورکیادا شەڕەکە ڕابگرێت و دەرەنجام لەو ڕێگەیەوە ناچاری کرد ئاگربەست ڕابگەیەنێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێرشەکانی تورکیا بەردەوامن، ئەوەش ئەمریکا و سەرۆک ترەمپ لێی بەرپرسیارن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا لە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا  پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و هیوادارین ئەمەریکا هەڵەکانی سەرڕاست بکاتەوە.

"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بە تایبەتی بۆ لەناوبردنی داعش  بەردەوامن"

سەرۆککۆماری ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا لەگەڵماندا جەختی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا تا کاتێکی درێژ و نادیار دەمێنەوە، ئێستاش هەردوولا تاتوێی ئەو مژارە و  بابەتی لەناوبردنی داعش و شانەنووستووەکانی دەکەین. بەتەنها هێزێک ناتوانێت ئاڵۆزی سوریا چارە سەربکات، هەبوونی ئەمریکا لە سوریا کاریگەرییەکی باشی هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی پەیدا دەکات، سەرۆک ترامپیش ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە.

"٤٠٠ هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ئاوارەبوون"

بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆ سەر هەرێمەکە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون.

"لەسەر ڕێککەوتنی سوتچی ڕای خۆمان بە ڕووسیا ڕاگەیاندووە"

سەبارەت بە ڕێککەوتنی سوتچی ڕای خۆمان بە ڕووسیا ڕاگەیاندووە و ئێمە هەر ١٠ خاڵەکەی نێو ڕێککەوتنەکە قبوڵ ناکەین، تێبینی جددیمان لەسەر هەندێک خاڵی هەیە و بە دژی بەرژەوەندی گەلەکەمنی دەزاین.

"دەورییەی هاوبەش پێکهێنراوە و بەرژەوەندی گەلەکەمان بنەمایە"

دەورییەی هاوبەش پێکهێنراوە و لە کۆبانێ و منبج ئەرکدار کراون و ئەمڕۆش لە درباسییە گەڕاون، بابەتی بەرژەوەندی و پاراستنی گەلەکەم بنەمای گفتوگۆکانمانن و ئێمە گەلەکەمان دەپارێزین.

"بەهۆی هێرشی تورکیاوە ٥ چەتەی داعش هەڵهاتوون، سەرجەم زیندانیانی داعشی لەژێر کۆنتڕۆڵمان دان"

بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانی سوپای داگیرکەری تورکیاوە بۆ سەر یەکێک لەزیندانەکانی قامیشلۆ کە چەتەکانی داعشی تێدایە، ٥ چەتەی داعش هەڵهاتوون، لە ئێستادا سەرجەم زیندانیانی داعشی لەژێر کۆنتڕۆڵمان دان. جەخت دەکەینەوە دۆسیەی زیندانیانی داعش و بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هاوکارمان دەکەن، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک - قەسەدە لێی بەرپرسیارە، نە تورکیا، نە ڕووسیا، نە ڕژێمی سوریا هیچ پەیوەندیێکیان بەو بابەتەوە نییە.

"قەسەدە لەگەڵ چارەسەری سیاسییە لە سوریا و سوپاسی پشتیوانکارانمان دەکەین"

قەسەدە لەگەڵ چارەسەری سیاسییە لە سوریا بەڵام بەو مەرجەی تایبەتمەندێتی قەسەدە لەناو سوپای سوریادا پارێزراو بێت. ئێمە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتان و لایەنانەی جیهان دەکەین کە هاوکاری پشتگیرییان کردین. سوپاسی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دەکەین، ئێمە بانگەوازی لە هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکەین پاڵپشتی هێزی قەسەدە و بەرخۆدانەکەی بکەن، چونکە بە هێزبوونی ئێمە دەرفەتی گەورەی سەرکەوتن دەڕەخسێنێت.

"متمانەمان بە تورکیا نییە، هێشتا گەلی ئێمە لەژێر مەترسی دایە"

قەسەدە هیچ متمانەیەکی بە تورکیا نەبووە و نییە، تورکیا هێشتا درێژە بە هێرشەکانی دەدات، داهاتووی گەلەکەمان لە مەترسی دایە، ئێمە دەمانەوێت هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک و شەڕ بوەستێت و گەلەکەمان پارێزراو بێت.

هـ.هـ