پادێ وڵامی هەڕەشەکانی تورکیای دایەوە

پارتی ئازادی ‌و دیموكراتیی ئێزدی (پادێ‌)، وڵامی هەڕەشەکانی تورکیای دایەوە ‌و ڕەخنەی لە بێهەڵوێستیی حكومەتی عێراق گرت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەوڵی فراوانکردنی داگیرکارییەکانی دەدات و لەودیو سنوورەکانییەوە هێرشی زیاتر دەكات، هاوکات ئەردۆغان بە ئاشکرا هەڕەشە لە ناوچەی شەنگال لە باشووری کوردستان، دەكات.

ئەمڕۆ پادێ‌ لە بەیاننامەیەكدا بۆ ڕای گشتی كە لەلایەن  حەیدەر ڕەشۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەوە لە شارەدێی سنونێی سەر بە شەنگال، خوێنرایەوە، ڕایگەیاند: شەنگال بۆ فرۆشتن ‌و سەوداكردن نییە.

پادێ‌ داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك دەربارەی شەنگال ‌و ئەو هەڕەشانە ڕەت بكاتەوە.

پادێ‌ هەر لە بەیاننامەكەیدا، ڕوو لە نەتەوەیەكگرتوەكان ‌و حكومەتی عێراق، جەختی لەوە كردوەتەوە كە شەنگال بۆ فڕۆشتن نییە ‌و پاڵپشتیی دەوڵەتی توركیش بۆ تیرۆریستان ئیدانە دەكات.

پادێ‌ لە كۆتاییشدا، جەختی لەوە كردوتەوە، كە هەرگیز دەستبەرداری ئەو دەستكەوتانە نابن كە لە دژی داعش ‌و بە خوێنی شەهیدان بەدەستهێنروان ‌و دەشڵێت: بە خوێن بەرپەرچی هەر هێرش ‌و دوژمنكارییەكی دەوڵەتی تورك دەدەنەوە.

ف.ق