ڕیهام حەجۆ: عێراق و هەرێم پێیان خۆش بێت یان نا لە شەنگال لایەنی سێیەم هەیە

هاوسەرۆکی بەڕێوبەری شەنگال لە بارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان پەدەکە و عیڕاق کراوە ڕایگەیاند: "عێراق و هەرێم پێیان خۆش بێت یان نا لایەنی سێیەمین لە شەنگال هەیە و ئەوەش ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگالە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەرە، ناتوانن ئیرادەی ئەو ئەنجوومەنە نەهێڵن.

هاوسەرۆکی بەڕێوبەری شەنگال لە بارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان پەدەکە و عیڕاق کراوە ڕایگەیاند: "عێراق و هەرێم پێیان خۆش بێت یان نا لایەنی سێیەمین لە شەنگال هەیە و ئەوەش ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگالە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەرە، ناتوانن ئیرادەی ئەو ئەنجوومەنە نەهێڵن، ئەگەر ئیرادەی ئەو ئەنجومەنە نەبینن ئەوکات کێشەی شەنگال گەورەتر دەبێتەوە".

ریهام حەجۆ هاوسەرۆکی بەڕێوبەری شەنگالە و لە هەمانکاتدا سەرپەرشتی شاندی ژنانی شەنگال دەکات لە سلێمانی، دەربارەی ڕەوشی شەنگال و ڕێککەوتنی نێوان پارتی و بەغداد لەسەر شەنگال بە وردی باسی لێوە کرد و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕایگەیاند: "ئامانج لە هاتنی ئێمە بۆ سلێمانی وەکو تەڤگەری ئازادیی ژنی ئێزیدخان بڕیارمان دابوو، کە بێین سەردانی چەند لایەنێک بکەین و لە نزیکەوە بیانبینین، لە هەمانکاتدا ئێمە پڕۆژەیەکمان هەبوو، کە کۆنگرەیەک یاخود کۆنفرانسێک دروست بکەین ئەو کۆنفڕانسەش دەربارەی کۆمەڵکوژیی سەر ژنان بێت، بەڵام بەداخەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا هات و هەموو ڕێگاکان گیران".

ریهام حەجۆ لە بارەی ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسی ژنان و هەڵوێستی ئەو لایەنانەی کە سەردانیان کردون ڕایگەیاند: "ئێمە دوبارە هەوڵ دەدەین ئەو کۆنفڕانسە دروست بکەین و ئەمڕۆ لێرەین و خۆمان ناساند هەم بۆ مژاری شەنگال هەم بۆ ئامادەکاری کۆنفڕانس، بەڵام وەکو ئێوەش ئاگادارن لەم ماوەیە مژاری ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دروست بوو لەسەر شەنگال، لە دوای ئەو ڕێککەوتنە ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی ئێزدیخان ئەرکی سەرەکیمان ئەوەبوو، کە بێین و سەردانی لایەنەکان بکەین کە چۆن ئەم ڕێککەوتنە بە هەمومانەوە بەتاڵ بکەینەوە و سەرڕاستی بکەینەوە، چونکە ئەم ڕێککەوتنە بێ ئەوەی قسەی ئێزیدیەکانی تێدا هەبێت و بێ ئەوەی نوێنەرایەتی ئێزدی ڕاستی تیا هەبێت ئەنجام دراوە".

هەروەها وتیشی : "ئەتوانین بڵێین ئەم ڕێککەوتنە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی ئێزیدیان تیا دەرخستوە و ناسنامەی کۆمەڵگای ئێزدی تیایدا لەبەر چاو نەگیراوە و ئەو کارەشی کە داعش نەیتوانی بیکات ئەمان بەردەوامی پێ دەدەن و تەواوی دەکەن. بۆیە ئێمە لە سەردانی ئەم جارەمان بۆ لای لایەنەکان ئامانجمان ئەوە بوو، کە پشتیوانی مەعنەوی گەلی شەنگال بکەین و پێکەوە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین".

دەربارەی ئەو لایەنانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵیان ئەنجامداوە ریهام حەجۆ باسی لەوەکرد، کە سەردانی کادیرانی ژنانی گۆڕانیان کردوە و پاشان سەردانی کادیرانی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)یان کردوە، دوێنێش سەردانی ژنانی ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە)یان کردووە. هەروەها وتیشی: "گۆڕان بە ئێمەیان ڕاگەیاند، کە پشتگیریمان دەکەن بەڵام ئەوەشیان وت، کە شتێک لە دەستی ئەوان نییە و ئێمەش قسەی ئێوە و دۆسیەی ئێوە و داوخوازێیەکانتان دەدەینە دەس پەرلەمانتارەکانمان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. ئێمە ڕەخنەشمان گرت لێیان هەم وەکوو ژن و هەم وەکوو گشتی، چونکە لەم ڕێککەوتنەدا یەنەکە و گۆڕان هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا نەکردووە. پەدەکە دەڵیت، ئێمە ڕێککەتنمان نەکردووە، بەڵکو حکومەتی هەرێم کردویەتی، ئەمە بابەتێکی سەرەکیی ئێمە بوو، کە گفتوگۆمان لەسەر کرد، کە ئەم لایەنە کوردیانەی لە ناو حکومەتن، بەڵام بۆچی بێدەنگن، وەڵامی ئەوان بەم شێوەیە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەماندا قورسایی هەیە و کۆی دەنگی هەیە بە ئاستێک بە بێ دەنگی ئێمە هەنێک جار ڕێککەوتن دەکات و چاوپێکەوتن دەکات. ئێمە ئەو نزیکایەتیەمان ڕەخنە کرد و ئاشکرامان کرد کە ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنەن هەڵوێستی خۆتان نیشان بدەن و ڕایگەیەنن، ئەگەر لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنەش نین دیسان هەڵوێست نیشان بدەن، چونکە ئێمە وەکو کۆمەڵگای ئێزیدی ناڕەحەتین لە بەرامبەر ئەم بێدەنگییەی ئێوە. هەروەها ئەوەشمان وت، کە پێویستە هەڵوێستی خۆتان ئاشکرا بکەن چونکە ئەگەر ئاشکرای نەکەن ئێمە وا تێدەگەین کە ئێوەش لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەن".

لە چوارچیوەی داواکاریەکانی گەلی ئێزدی و خەڵکی شەنگال، هەروەها هەوڵەکانی پەدەکە ریهام حەجۆ ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ گفتوگۆین ئێمە لە پێش ٦ ساڵ وتمان وەرن با پێکەوە کێشەی شەنگال چارەسەر بکەین، ئێمە پێش ٤ ساڵ پرۆژەی خۆسەری شەنگالمان ڕاگەیاند، پرۆژەی خۆسەریی شەنگال ڕێگایەکی ڕاست بوو بۆ چارەسەری کێشەکانی شەنگال. ئێمە ئەوکات وتمان کە کۆمیتەیەک دروست ببێت و ئەو کۆمیتەیە لەسەر کێشەکانی شەنگال بوەستێ، یەکەم شت وتمان پێویستە شەنگال تایبەت ببێت و خۆی خۆی بەڕێوە ببات و کەس بەڕێوەی نەبات. دوەمیش ئێمە دەمانەوێت هێزی پاراستنی شەنگال لە خەڵکی شەنگال بێت، ئەو هێزەی کە شەنگالی پاراستوە و خاکی شەنگالی پاک کردووەتەوە و ئارامی هێناوە، ئەمڕۆش دەتوانێت شەنگال بپارێزێت. قایمقام و هەر بەرپرسیاریەتیەک کە هەبێت پێویستە لەسەر ئەساسی هەڵبژاردنی خەڵکی شەنگال بێت و یەکێکی سەربەخۆ بێت نەک گرێدراوی حزبێکی سیاسی بێت. دۆخی شەنگال لە ئیستایە ڕاستە جیاوازە، بەڵام کەسێک نیوەشی پەدەکە بێت ئێمە قبوڵی ناکەین، ئێمە یەکێکی سەربەخۆمان دەوێت، کە کار بۆ تەواوی خەڵکی ئێزدی بکات. داواکارییەکی دیکەمان ئەوەیە، کە ئەو ڕێکەتنەی کراوە سەرڕاست بکرێتەوە، چونکە لەمڕۆدا عێراق و هەرێم پێیان خۆش بێت یان نا لایەنی سێیەمین هەیە ئەوەش ئەنجومەنی دیموکراتی شەنگالە و بەڕێوبەرایەتی خۆسەرە ناتوانن ئیرادەی ئەو ئەنجومەنە نەهێڵن، ئەگەر ئیرادەی ئەو ئەنجومەنە نەبینن ئەوکات کێشەی شەنگال گەورەتر دەبێتەوە. پیویستە لەگەڵ ئێمە چاوپێکەوتن و ڕێککەوتن بکەن، پیویستە ئەم لایەنە وەکو لایەنێکی سەرەکی ببینن".

ریهام حەجۆ باسی لەوەشکرد، کە ئەوان دەیانەوێت ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە بەدەستەوەدانی شەنگال دادگایی بکرێن، ئەوانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکەدا هەبوە دەبێت حیسابەکەی بدەن و وتیشی: "ئەوان وا دەزانن کە کۆمەڵکوژی تەواو بووە و شەڕ تەواو بووە، ئەوەشی کە ڕویداوە پەردەپۆشی بکەن و پینەی بکەن وەک وابێت هیچ ڕوینەدابێت، ئێمە بەوە ڕازی نین و قبوڵی ناکەین. هەروەها پێویستە ئەو دەستکەوتانەی ئێمە بە دەستمان هێناوە بپارێزرێت ئێمە داخوازێکانمان ڕوونە. سەرەکیترین داواکاریمان ئەوەیە کە خۆسەریی شەنگال مسۆگەر بکرێت، بەپێی هەبونی شەنگال، ئێزدی، باوەڕی و ئەو چاندە کێشەکان چارەسەر بکرێن دەرەوەی ئەمەش نەک تەنها حکومەتی عێراق، ئەگەر عێراق، هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و هەموو هێزی جیهان ڕێککەوتن بکات ئەگەر گەلی ئێزدی پێی ڕازی نەبێت کێشەی شەنگال چارەسەر نابێت و قوڵتر دەبێتەوە. لایەنێکی سەرەکیی لە شەنگال هەیە و پێویستە لەگەڵ ئەو لایەنە چارەسەر بکرێت".

هەروەها ڕایگەیاند: "ڕاگەیاندنەکانی پەدەکە خەڵکی دەهێننە سەر شاشە و دەڵێن، ئێمە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەین، ئەوەی لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەیە ئەندامی پەدەکەیە و ئەوانەن کە گرێدراوی پەدەکەن، ئەو کادر و پەرلەمانتارانەن کە گرێدراوی ئەوانن. هەروەها ئەو کەسانەن کە دیلن لای ئەوان و لە کەمپەکانی ئەوانن، یەکێ لە کەمپ ژیان بکات ئیرادەی لە کوێ بوو؟، تۆ چی بڵێیت، ئەویش لەبەردەم ڕاگەیاندن هەر ئەوە دەڵێت، چونکە ناتوانێت بە ئازادی هەڵوێستی خۆی و داخوازی خۆی باس بکات. ئەمڕۆ ئەوانەی بە ئازادی قسە دەکەن بێ ئەوەی حیساب بۆ هیچ کەسێک بکەن گەلی شەنگالە کە لە سەر خاکی شەنگال دەژیت، بەڵام پەدەکە ئەو کەسانەی کە لە کەمپ دەژین وەکو کاغەز کاریان پێ دەکات وەکو کەرەستە و ئامڕازی لێکردوون و لە بەرامبەر گەلی ئێزیدی بەکاریان دەهێنیت".

دەربارەی هەڵوێستی ڕاگەیاندنەکان ریهام حەجۆ باسی لەوەکرد، ئێستا سەردەمیکی مێژوییە بۆ شەنگال، ئاژانسیANF NEWS و ROJ NEWS و کەناڵی ڕوناهی و ستێرک تیڤی، ئەمانە ڕاستی ڕەوشەکە باس دەکەن، بەڵام ڕاگەیاندنی NRT و RUDAW و K24 و بەشێک لە کەناڵەکانی دیکە بێدەنگن و ڕۆژەڤ دەگۆڕن، دەیانەوێت ڕۆژەڤ لە بەرژەوەندی پەدەکە بێت. ئێمە لە ڕێگای ئاژانسی ئێوەوە ڕەخنەی خۆمان دەگەیەنین بەوان و ئێمە ئەم ڕەخنەیە بە لایەنی پەیوەندیدارش گەیاندووە، چونکە ئەو ڕاستیانە باس ناکەن و گوێ لە گەلی شەنگال ناگرن و دەچن لەگەڵ ئێزدیی کەمپەکان کە شێتی پەدەکەن لەگەڵیان چاوپێکەوتن دەکەن ئێ ئەوانیش ناتوانن قسەی ڕاست بکەن".

ژ.ت