ئیشکگری دادپەروەری بەردەوامە: پێویستە خاوەنداری لە دایکان بکەین

لە ئامەد و وان بەرخۆدانی خانەوادەی زیندانیان بەردەوامە. لە چالاکیەکەدا بانگەوازی ئەوەکرا کە بەشداری میتینگی ئامەد بکرێت و خاوەنداری لە دایکان بکرێت.

گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆکی ڕێکخستنی هەدەپەی ئامەد سەردانی چالاکی دایکانی کرد و وتی، ئەوان لە میتینگی گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد باسی گۆشەگیری و پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا دەکەن.

چالاکی ئیشکگری دادپەروەری خانەوادەی زیندانیان و ئەو زیندانیانەی کە سزاکانیان کۆتایی هاتووە بەڵام ئازاد نەکراون، لە نوسینگەی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ٦٤ رۆژە بەردەوامە. بەڕێوەبەرانی رێکخستنی هەدەپەی ئامەد ئەمڕۆ سەردانی چالاکوانانیان کرد.

رەشاهات ئادا خزمی گیراوێک قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوان نایانەوێت لە زیندانەکاندا تەرم بێتە دەرەوە و وتی، " ئێمە سورین لەسەر داواکاری دادپەروەری. سەردانی دەزگاکان دەکەین. هەرچیەک پێویستە بێت دەیکەین. تێکۆشان بۆ ڕۆڵەکانمان تێکۆشانێکی شکۆمەندانەیە. بۆیە سەرمان دانانەوێنین. لە دۆزمان پەشیمان نابینەوە.

گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەدیش قسەی کرد و وتی، " ئەم داواکاریە بە تەنها داواکاری چالاکوانان نییە. داواکاری ملیۆنان کەسە. تاوەکو یاسا و دادپەروەری جێبەجێ نەکرێت، کەس ناتوانێت باسی ئازادی و دیموکراسی بکات. بۆیە پێویستە بە ملیۆنان مروڤ پشتگیری لە تێکۆشانی خانەوادەکان بکەن. پێویستە هەم لە تورکیا و هەم لە کوردستان پشتگیری لە داواکاری خانەوادەکان بکرێت."

ئاتاسۆی بەبیریهێنایەوە کە هەدەپە لە ٢٢ی کانونی دووەمدا لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد بە دروشمی 'ئێمە هەدەپە دەپارێزین' میتینگ ئەنجام دەدات و وتی، " ئێمە میتینگێکی گەورە ئەنجام دەدەین. بۆ ئەوەی گۆشەگیری کۆتایی بێت، زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن، پێشێلکاریەکان کۆتاییان پێبهێنرێت، کەسانەی بە ناحەق دەستگیرکراون ئازاد بکرێت، لە گۆڕەپانەکە دەبین. ئێمە داوا دەکەین لەدژی گۆشەگیری و پێشێلکاریەکان و بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری هەموو کەسێک لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن بێت."

وان

ئیشکگری دادپەروەری زیندانیانی نەخۆش لە نوسینگەی سەندیکاری پارێزەرانی وانیش ٣٩ رۆژە بەردەوامە. ڕێکخستنی ناوچەی توشبای هەدەپە سەردانی خانەوادەکانی کرد. هەروەها ئایشە میناز هاوسەرۆکی شارەوانی کە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە بەشداری کرد و وتی،  گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ئیمڕالی لە هەموو زیندانەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بە تایبەتی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا زیندانەکان بۆ ناوەندێکی ئەشکەنجە گۆڕدراون.

میناز ئاماژەی بە دۆخی زیندانیانی نەخۆشدا و رایگەیاند، پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

ف.ق