ئایدەنیز سەردانی گۆڕستانی تاتوانی کرد

سالیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپە سەردانی گۆڕستانی کارشییاکای تاتوانی کرد. لە پەیامێکدا ئایدەنیز جەختی کردەوە کە ئەو دەسەڵاتەی هێرش دەکاتە سەر گۆڕستانەکان، لەناو دەچێت.

سالحیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، شەڤین جۆشکون ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری مووش و بەڕێوەبەرانی دەبەپە و هەدەپە سەردانی گۆڕستانی کارشییاکای شاری تاتوانی بەدلیسیان کرد.

ئامانج لە سەردانی شاندەکە، ئیدانەکردنی هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکە و شێواندنی گۆڕەکان بوو. شاندەکە سەرەتا سەردانی گڵکۆی هونەرمەند هۆزان مزگین (گوربەت ئایدن) و دواتریش سەردانی گۆڕی ئەو کەسانەی کرد لە شەڕەکاندا گیانیان لەدەستداوە و لەسەر گۆڕەکان فاتیحەیان دایەوە.

شایەنی باسە هۆزان مزگین لە ١١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ لە شەڕێکدا لە تاتوان شەهید بوو و دوێنێش ساڵیادی شەهیدبوونەکەی بوو.

هاوسەرۆک سالیحە ئایدەنیز لە پەیامیکدا رایگەیاند، ئەوان سێ رۆژە سەردانی گۆڕستانەکان دەکەین و وتی:" دوێنێ لە گەڤەر بووین و ئەمڕۆش لە تاتوانین. ئامانجی ئەم سەردانانەمان ئەوەیە کە هێرشەکانی دژی گۆڕستانەکان، بکەین بە بابەتی گەرمی گوتوبێژی ناو رای گشتی و ئەم کردەوە قێزەوەنانە ئاشکرا بکەین. بەر لە سێ ساڵ ٢٦٨ تەرم لە گۆڕستانی خەرزان دەرهێنرابوون. ئەمڕۆش هێرش دەکرێتە سەر گۆڕستانەکان."

هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان لە هیچ دین و یاسایەکدا رێگەپێدراو نیە. ئێمە جارێکی دیکە دەڵێین دەبێت واز لە دوژمنایەتیکردنی نرخە پیرۆزەکانی گەلی کورد بهینرێت. ئەوانەی ئەم فەرمانانە دەردەکەن، لە ژێر فەرمانەکانیان دەخنکێن. راستیەکەی ئەم هێرشانە کۆتایی بە دوژمنایەتی ئاکەپە و فاشیزمەکەی لە بەرامبەر گەلی کورد دێنێت. دژایەتیکردنی گەلی کورد، هیچ دیمۆکراسیەک بەدی ناهێنێت. ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی تورکیا بە دوای دیمۆکراسیەوە نیە، تەنها بە دوای بەرژەوەندی و کۆشک و تەلارەکانیدایە. ئێمە جارێکی دیکە دەلێین، دەبێت بە زووترین کات کۆتایی بەو هێرشە دوژمنکاریانە بهینرێت."

شاندەکە دوای چوونی گۆڕستان، سەردانی خانەوادەکانی کرد.

ز.ش