سەرەڕای رێگری هێزە ئەمنیەکان لە شاری سلێمانی لە دژی داگیرکەران چالاکی بەڕێوە چوو

 سەرەڕای رێگریی هێزەکانی پۆلیس، جەماوەری شاری سلێمانی ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی داگیرکاری تورکیا چالاکیان ئەنجامدا.

سەر لە ئێوارەی ئەمرۆ جەماوەری شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی لە بەردەم باخی گشتی شار کۆبوونەوە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بەڵام هێزە ئەمنیەکان رێگریان بۆ دروست کردن و ئاڕاستەی رێپێوانەکەیان گۆڕی بەرەو ناوبازاری مەولەوی.

رێگریەکانی هێزە ئەمنیەکان بووە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزەکان پۆلیس. هێزە ئەمنیەکان بە گازی فرمێسک ڕێژ و کوتەک و داری کارەبایی هێرشیان کردە سەر چالاکوانان و جەماوەر.

لە وڵامی رێگریەکاندا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان تارا حوسێن وتی، ئەگەر بشمان کوژن ئێمە هەر چالاکی خۆمان  بەردەوام دەکەین، لە دژی داگیرکاری، داواشتان لێدەکەین بێنە ڕێزی ئێمەوە.

هاوکات هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر رۆژنامەنووسان و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کامیرای ئاژاسنی هەواڵی فورات(( ANF  شکا و هەریەک لە پەیامنێرانی ئاژانسەکەمان هاوڕی فەریدن و ڕیباز حەسەن کەوتنە بەر ‌هێرشی هێزە ئەمنیەکان.

دوای کاتژمێرک لە هەوڵدانی چالاکوانان، جەماور توانی بەر بەستەکانی پۆلیس بشکێنن، بە ئاراستەی سەهۆڵکە بەرێپیوان بەرێبکەون، لە ڕێگادا دروشمی 'کوردستان، گۆرستانی فاشیستان، 'بمری خیانەت' ، ' بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە، سوپای تورکیا بۆ دەرەوە' و ' بژی بەرخودانی گەریلا' وترانەوە.

 دواتر چالاکوانان  گەیشتنە گۆرەپانی سەهۆڵكە لە شەقامی سالم و لەوێ گرد بوونەوە و کۆمەڵێک وتار و داوکاریان ئاراستەی ڕای گشتی کرد.

لە سەرتادا نەریمان ئەحمد ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی  وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:" دەوڵەتی تورکیا بە ئەقڵی فاشیستانەی عوسمانی هەوڵەکانی چر کردۆتەوە بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان، دەبێت هەموو لایەک لەبەرامبەر ئەو داگیرکاری و هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا خاوەن هەڵوێست بێت، ئەگەر یەک نەگرین و پیش لە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا نەگرین شتێک نامینێتەوە بە ناوی دەسکەوتی حکومەتی هەرێم بۆ باشوری کوردستان".

هاوکات نەریمان ئەحمد ڕێگریەکانی هێزە ئەمنیەکانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئەو هەڵویستانە دەکەوێتە چوارچیوەی خزمەتی داگیرکەرانەوە و داوا دەکەین هەموو هێزکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆلیس و پێشمەرگە بێنە ڕیزی جەماوەرەوە بۆ ڕووبەوەنەوەی داگیرکاری تورکیا.

لە دوای وتارەکەی نەریمان ئەحمەد، وتاری ژمارەیەک لایەنی سیاسی و چالاکوانی مەدەنی پێشکەشکرا کە هەموویان جەختیان لە بەرنگاربوونەوەی داگیرکاری دەکردەوە و داوای یەکرێزی کوردیان دەکرد لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، هاوکات هەموو ئەو کەسە خاین و سیخورانەشیان شەرمەزار کرد کە هاوکاری داگیرکاران دەکەن.

ز.ش