لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی پارتی و بۆچونی لایەنەکانی تر

ماوەیەکە لە زینی وەرتێ ئاڵۆزیەک دروست بووە و شرۆڤەی جیاواز بۆ بارودۆخەکە دەکرێت، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت شەڕێکی دیکەی براکوژی بێنێتە ناو ماڵی کوردەوە.

لە ماوەی ڕابردودا پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک پێشمەرگەی ڕەوانەی زینی وەرتێ کرد و لەوێ بارەگا و جێی مانەوەی بۆ ئەو هێزە دروست کرد، بە پاساوی ئەوەی ئەو ناوچەیە سەر سنورە و گوایا لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆرۆنا لەوێ جێگیر بوون.

وەک دەزانین لە سنووری زینی وەرتێ پارتی کرێکارانی کوردستان جێگیرن و ماوەیەکی زۆرە ئەو ناوچەیە دەپارێزن، بۆیە تیمێک لە گەریلاکانی هەپەگە ڕەوانە دەکرێن بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە و گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەو هێزە گوماناوییەی کە لەوێ جێگیر بوون. وەک کۆما جڤاکین کوردستان (کەجەکە) ئاماژی پێدەکات ئەو تیمە گەریلایە سێ کەس بونە و بە مەبەستی گفتوگۆ چونەتە لای ئەو هێزە و پێیان ڕاگەیاندووە کە مانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە دروست نیە و پێویستە بکشێنەوە.

کەجەکە لە لیدوانەکەیدا ئاماژەی پێکردوە کە هیچ بارەگایەکی لەو ناوچەیە نیە و ئەو تیمەش دەگەڕێنەوە و لە نزیک ئەو ناوچەیە دەمێننەوە بۆ ئەوەی بە مەبەستی ڕەوانەکردنی ئەو هێزە تێ بگەن. لە پاش تێپەربونی یەک ڕۆژ بەسەر ئەو ڕوداوە فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا شوێنی ئەو گەریلایانە دەستنیشان دەکات و لە ڕێگەی فرۆکەوە شەهیدیان دەکات.

لە ئاکامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە، کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بە سیخوڕی کردن بۆ تورکیا و شەهیدبوونی ئەو سێ گەریلایەش دەخاتە ئەوستۆی پارتی.

لێرەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرکردایەتی لاهور شێخ جەنگی کۆبونەوەیەک لەسەر ئەم ڕەوشە ئەنجام دەدەن و لە ئەنجامی کۆبونەوەکە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکەنەوە و تیایدا دەڵێن:"تائێستا دانمان بەخۆماندا گرتووە و داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەین بەپەلە فەرمانی كشانەوەی هێزەكانی زینی وەرتێ بدات". لێرەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەسرور بارزانی تۆمەتبار دەکات، چونکە بە فەرماندەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە ئەرکدارە و پێویستە ئەو هێزەی ڕەوانەی کردوە بیکشێنێتەوە لە ناوچەکە، هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە پارتی کرێکانی کوردستان-پەکەکە دەکات خۆیان بە دووربگرن لە ناوچەکە و هێز نەنێرن، زینی وەرتێش ڕادەستی ئاسایشی ناوچەکە بکرێتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان بە هەمان شێوە و بە مەبەستی هێورکردنەوەی ڕەوشەکە داوای لە لایەنەکان کرد کۆبونەوەیەک ئەنجام بدرێت و لەم هەڵوێستە ناڕوونانە بەرچاو ڕوونیەک دروست ببێت، هەروەها داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد کە ڕۆڵی هێمنکەرەوەیان هەبێت و ئەم مژارە لەم کاتە سەختەدا چارەسەر بکرێت.

لە کاتێکدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە و زۆرێک لە لایەنەکان لە هەوڵی تێگەشتنی بابەتەکەن و دەیانوێت بەر لە شەڕێکی نەخوازراو بگرن، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕاگەیەندراوێک وڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە، بەڵام خۆی لە خۆیدا دەبێتە بەڵگە بەسەر پارتیەوە. سەرەتا پێناسەکردنی حزبێکی کوردی بە گروپێک یان تاقمێکی هەڵگراو لە حکومەتی هەرێم پاشان تۆمەتبارکردنی پەکەکە بەوەی خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردوە و ناهێڵێت خزمەتگوزاری بگات بەو گوندانەی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە. لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکات پەکەکە شەڕی لەگەڵ تورکیایە و پێویستە خۆی بە دور بگرێت لە هەرێمی کوردستان و شەڕ نەهێنێتە ناو ماڵی باشورەوە!.

ئەوەی  پارتی پێویست بوو بیکات ئەوە بوو سەرەتا گوێی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنەکانی دیکە بگرتایە و پاشان ئەو تۆمەتانە بە بەڵگە و بەشێوازێکی فەرمی رەت بکردایەتەوە و ڕاستی و دروستی ناردنی ئەو هێزەی ئاشکرا بکردایە، بەڵام وەک هەمیشە زمانی هەڕەشە و گوێ نەدان بە هیچ لایەنێک و لەسەر ئەو هەڵانەی خۆی بەردەوام بوو.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاری تورکیا تاکو ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە شەڕی براکوژی بێنێتە ناو ماڵی کوردەوە، بەڵام ئەم جارەیان بۆ پارتی چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە لایەنەکانی دیکە بە توندی ڕووبەڕووی بوونەوە و پەردە لەسەر یارییە پیسەکانی هەڵدرا.

ف.ق