لە کوردستان و دەرەوە یادی شەهید قەڵەم سەردەشت عوسمان دەکرێتەوە

ئەمڕۆ ساڵیادی شەهیدبوونی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانە و بەو بۆنەوە لە چەندین شوێنی باشوری کوردستان و جیهان یادی دەکرێتەوە.

 ١٤ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان تێپەڕدەبێت و ئەمرۆ بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە کاتژمێر ٤ی ئێوار لە سەر گڵکۆکەی لە گوندی گرد عازەبانی هەولێر لەلایەن بنەماڵە و چالاکوانانەوە مەراسیمێک بەڕێوەبچێت.

هەر بۆ هەمان مەبەست لە سلێمانی لە بەردەم باخی گشتی و لە کەلار لە سەر گڵکۆی شەهید قەڵەم کاوە گەرمیانیش مەراسیمی یادی ١٤ ساڵەی شەهیدبوونی سەردەشت عوسمان بەڕێوەدەچێت.

بەهەمان شێوە لە دەرەوەی وڵات، چەندین چالاکیی لە شارەکانی لەندەن، بێرمینگهام، نیوکاسڵی بەریتانیا، لەلایەن ڕێکخراوی ١٧ـی شوباتەوە بەڕێوەدەچێت، هەروەها لەلایەن ڕێکخراوی داکۆکەوە، لە هەریەک لە شارەکانی لەندەن، بێرمینگهام، مانچستەر، کاردیف، نیوکاسڵ، گڵاسکۆ ساڵیادی شەهید سەردەشت دەکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە یوتۆبۆری سوید، کاتژمێر ٥ـی ئێوارە، چالاکییەک بەڕێوەدەچێت.

دوێنێش لە هۆڵەندا لە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، لە بەردەم کۆشکی سپی لە ئەمریکاش یادی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان کرایەوە.

سەردەشت عوسمان پاش ئەوەی بە هۆی رەخنەکانی لە پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، ئێوارەی رۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکداری دەسەڵاتەوە رفێندرا و رۆژی دواتر لە سەر رێگەی موسڵ تەرمەکەی بە شێوێندراوی دۆزرایەوە.

هـ . ب