ماوەی زیاتر لە ٣٧ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەریەک لە حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش نازانرێت کە لە زیندانی ئاسایشی بەرزی جۆرێ ئێفی ئیمرآڵی لە گۆشەگیری رەهادان.
لە رۆژانی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی تورک لە وەڵامی سەرلێدانی ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ی فراکسیۆنی دەم پارتی بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان، لەبارەی بوونی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بانگەشەی ئەوەی کردبوو"لە ئیمراڵی گۆشەگیری بوونی نییە، عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە سود لە مافەکانیان وەردەگرن".
ئەو بانگەشەیە کاردانەوەی پارێزەران و بنەماڵەی زیندانیانی ئیمراڵی لێکەوتەوە. رۆژی شەممە نوسینگەی یاسایی سەدە ئەو بانگەشەیەی بە تەواوەتی رەتکردەوە و جەختی لە بوونی گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی کردەوە.
هاوکات محەمەد ئۆجالان برای رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی مێزۆپۆتامیا رایگەیاند: "وەزارەت نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات، زیاتر لە ٣٧ مانگە ئاگامان لە سەرۆک نییە، دەبێت دەوڵەت و وەزارەتی داد ڕاستییەکان بڵێن، گەر ئەمە گۆشەگیریی نییە ئەی چییە؟ گەر دەڵێن گۆشەگیریی نییە، با ناوێكی بۆ بدۆزنەوە، سەرۆک پێشتر لە زیندانی ئیمرالیدا بوو، بەڵام ئێستا لە کوێیە نازانین! لەوێ چی دەگوزەرێت نازانین! با وەزارەت وەڵامێک بداتەوە، هەموو زیندانیان مافیان هەیە، ئێمەش دەمانەوێت سوود لەو مافانە وەربگرین، ئەمە شوێنی کار نییە، مافێکی هەیە، ساڵانێکە زانیاریی لە بارەیەوە وەرناگرین، گەر ئەمە گۆشەگیریی نییە، ئەی چییە؟".
وتیشی: "تا دیداری لەگەڵدا ئەنجام نەدرێت کەس باوەڕ بە ماف و داد و دادپەروەریی ناکات، سەرۆک کەسێکی ئاسایی نییە، کوردان وەک ڕێبەری خۆیان بە بنەمای دەگرن، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەمە قەبوڵ دەکەن یان نا کێشەی خۆیانە، کوردان ساڵانێکە وەک ڕێبەری خۆی دایناوە".
محەمەد ئۆجالان، تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی هەڵمەتی ” ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەریی بۆ دۆزی کورد” و پشتگیرییەکان لەو هەڵمەتە و وتی: "گەر نەتوانین ڕێبەر ئازاد بکەین ئەوە درەنگ دەمێنینەوە، ئەو کەسانەی دەڵێن ئێمە دیموکرات و ڕۆشنبیرین، دەبێت کاردانەوەیان لە دژی ئەو گۆشەگیرییە هەبێت."
برای رێبەری گەلی کورد ناڕەزایەتیشی بەرامبەر بە ئازاد نەکردنی وەیسی ئاکتاش نیشاندا کە سەرباری ئەوەی ماوەی سزاکەی کە ٣٠ ساڵە تەواو بووە، بەڵام ئازاد ناکرێت و بە بڕیاری دەستەی چاودێری و کارگێڕی زیندان ماوەی ساڵێکی دیکە دەبێت لە زیندان بمێنێتەوە.
هـ . ب