مامۆستایانی کەرکوک دژی نەخۆشخانەی گشتی شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتینان ئەنجامدا

دژ بە ئەنجامدانی کردەوەیەکی نامرۆڤانەی نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک لە دژی مامۆستایەک، لە دوای گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی، مامۆستایانی کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

دوای ئەوەی دوێنی لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک کە ئەو نەخۆشخانەیە تایبەت کراوە بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دیمەنی مامۆستایەک لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەوە لەکاتی گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی مامۆستاکە دەستی لەلایەن پۆلیس بە کەلەپچە بە قەروێڵەی هاوژینەکەیەوە بەستراوەتەوە و هاور دەکات، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، هەر ئەمرۆش لیژنەی هەلوێست بۆ داکۆکی کردن لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کورد لە کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک ئەنجامدا و تیدا داوایان کرد کە لیژنەیەکی سەربەخۆ پێکبهێنرێت بۆ لێکۆلینەوە لەو کردەوە نامرۆڤایەتیە.

جێگای باسە ئەو مامۆستایەی کە ئەو کردەوەیە بەرامبەری ئەنجام دراوە ناوی مامۆستا محەمەد جەبارە و ئەو مامۆستایە هاوژینەکەی تووشی کۆرۆنا بووە و بە پارەی خۆی هەشت بوتڵ ئۆکسجینی بۆ هاوژینەکەی کریوە، بە وتەی مامۆستا محەمەد کارمەندانی نەخۆشخانەکە ئۆکسجینەکەیان لە دەمی هاوژینی مامۆستا محەمەد لێکردۆتەوە و لەگەل ئەوەی کە مامۆستا محەمەد پیانی ڕاگەیاندووە کە ئەو ئۆکسجینانەی بەپارەی خۆی کریوە و مولکی نەخۆشخانەکە نین، هەروەها هاوژینی ناوبراو بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانی لەدەستداوە و مامۆستا محەمەد یەکیک لە ئامێرەکانی شکاندوە لەکاتی تورەبووندا، ئەمەش وای کردوە هیزە ئەمنیەکان دەستی کەلەپچە بکەن بە قەروێڵەی هاوژینەکەیەوە، دیمەنی هاوری مامۆستا محەمەد بەدیار خێزانە کۆچکردووەکەیەوە بە کەلەپچە کراوی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی شارەکەی لێکەوتەوە.

مامۆستا ڕەئوف محێدین، بەناوی لیژنەی هەلوێست بۆ داکۆکی لەمافی مامۆستایان، لە گردبونەوەکەدا ڕایگەیاند: "ئێمە لێرە گرد بووینەتەوە بۆ دەربرنینی هەڵوێستی دژی کردەوەیەک کە لەم نەخۆشخانەیە دژ بە مامۆستایەک و هاوژینەکەی ئەنجامدراوە کە بۆتە هۆی گیانلەدەسدانی هاوژینی مامۆستاکە و رێگەیان نەداوە بەشدار بیت لە دوا ساتەکانی خێزانەکەی بەلکو دەستبەسەر کراوە و کەلەپچە کراوە."

هەروەها مامۆستا ڕەئوف بەناوی مامۆستایانی گردبوونەوەکەوە ڕایگەیاند: "ئێمە لێرەوە داوای ئازاد کردنی ئەو مامۆستایە دەکەین کە دەستگیر کراوە بە بیانوی شکاندنی ئامێرێکی نەخۆشخانەکە، هەروەها داوکارین لیژەیەک پیکبهێنرێت بۆ لیکۆلینەوە لەو رووداوانەی کە روو دەدەن لە پشتی دیواری ئەم نەخۆشخانەیە.''

لە کۆتایدا مامۆستا ڕەئوف وتی: "ئێمە لێرە نارۆین و دەمێنینەوە تا بەرێوبەری نەخۆشخانەکە رووونکرنەوە دەدات سەبارەت بەو رووداوە و پیویستە لیژنەیەکیش پێک بهێنرێت بۆ لێکۆلینەوە لەو رووداوە."

ز.ش