کالچیک: هۆکاری نەخۆشیەکان تێکدانی سروشتە

عەلی کالچیک سەرۆکی چاڤ – دەری شاری وان ڕایگەیاند، بەهۆی تێکدان و کۆمەڵکوژکردنی سروشت نەخۆشی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەبن و ئەگەر ڕێوشوێن نەگیرێتەبەر، کارەساتی گەورە دروست دەبن.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوبووەوە، تێکدانی سروشتە. عەلی کالچیک سەرۆکی پاراستنی سروشت و بەرنامەی مێژوویی شاری وان (چاڤ – دەر وان) ئاماژەی بە ڤایرۆسەکە کرد کە لە هەموو جیهان بڵاوبووەتەوە و بە دەستی مرۆڤ دروست کراوە. کالچیک ڕاشیگەیاند کە مرۆڤ لەژێر ناوی پاراستنی ژینگە، ژینگە تێکدەدات و پێداویستی خۆی زیاتر بەدەستدەهێنێت.

کالچیک ئەوەی خستەڕوو، شارەکانیان کردووەتە یەکپارجە چیمەنتۆ و لەژێر ناوی شارستانی وایانکردووە زیندەوەران نەتوانن هەناسە هەڵمژن و وتی، "گۆڕەپانی ژیان بەرتەسککراوەتەوە. بەهۆی شارستانی بێپێوانە وایان کرد زیندەوەران نەتوانن بژین، گۆڕەپانەکانی ژیانیان کردە قوربانی. زەویە کشتوکاڵیەکانیان کردە شوێنی نیشتەجێکردن. دارستانەکان لەناودەبەن و لەبەرانبەر سووتانی دارستانەکان بێدەنگن.

کالچیک ڕایگەیاند، لە هەموو شوێنێکی جیهان کارگەی گەورە و وێستگە دروستکران و وتی،"بە غازی سەرا، چینی ئۆزۆیان کون کرد. کەشوهەوای جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەستەڵەکەکان توانەوە و هەموو شتێک تێکەڵ بوو. نە هاوین وەک هاوینە و نە زستان وەک زستانە. لە وەرزی هاویندا تەرزە دەبارێت، گەردەلول دروست دەبن و خانووەکان دەڕووخێنن. لە لایەک وشکەساڵی و لە لایەک لافاو و کارەسات دروست دەبن."

'سروشت لەناودەبرێت'

سەرۆکی چاڤ – دەر وان دەڵێت، "سروشت تاڵان دەکرێت، زەوی دەگۆڕێت. بە هەزاران جۆری زیندەوەر و گژ و گیا لەناودەچن. لە زۆربەی دەڤەرەکانی جیهان باران کەم دەبارێت. دار دەبڕن و ئاوەکان وشک دەکرێن و ماسیەکان لەناو دەچن."

'مرۆڤ لە پێداویستیەکانی زیاتر بەرهەم دەهێنێت'

کالچیک ئاماژەی بەوەدا، مرۆڤ بە دەستی خۆی نەخۆشی دروست دەکات و وتی، "بەر لە هەموو شتێک ئێمە سروشت و دەوروبەرمان تێکداوە. ئێمە لەسەر زەوی زوڵمان لە هەموو زیندەوەرێک و لە ئاژەڵ و مار و مێروو و کرم کرد. بەم شێوەیە هاوسەنگی سروشتمان تێکدا، ئەم ڤایرۆسەی کۆرۆنایەش ئەنجامی ئەوەیە. وەک ئەوە وایە سروشت بە ڤایرۆس تۆڵەی خۆی بکاتەوە."

کالچیک وتیشی، لە جێگەی جیهانێکی ژینگەپارێزی، دیموکرات و یەکسان، جیهانێکی کاپیتالیزمی دڕندە و پڕ لە ڤایرپس دروست بووە. لەبەر شێوەی وەبەرهێنان، بەرهەمێکی زۆر کۆدەکرێتەوە. بەرهەمهێنان لە ئاستێکی باڵادایە. کاپیتالیست و دەسەلات، ئاشتی و برایەتی و ئازادی کە بۆ مرۆڤ پێویستە، سنوردار دەکەن و بە شێوەیەک کە هیچ پێویستی پێنییە، بەرهەمێکی زۆر دەخەمڵێنرێ و پێشکەشی مرۆڤەکان دەکرێت. بەم شێوەیەش مرۆڤ نە تەنها زیان بەخۆی دەگەیەنێت، بەڵکو زیانێکی زۆریشی بۆ سروشت دەبێت.

ف.ق