یونان: تورکیا بە "وەهمی ئیمپریالیستی" دەجوڵێتەوە

کریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یونان لەگەڵ سەرۆک کۆماری قوبرس و میسر رایگەیاند، تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی "بە وەهم و فەنتازیای ئیمپریالیستییانە"وە دەجوڵێتەوە.

کریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یونان دوێنێ لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و نیکۆس ئاناستاسیادیس سەرۆک وەزیرانی قوبرس قسەى کرد و وتی، "دەوڵەتی تورک لە سوریاوە تاوەکو لیبیا، لە سۆمالیا تاوەکو قوبرس، لە دەریای ئیجە و قەوقازدا بە جموجوڵ و هێرشەکانی لە وەهم و فەنتازایی ئیمپریالیستیدایە".

قوبرس، میسر و یونان لە راگەیاندراوێکی هاوبەش دا "تێکدەری و ئاژاوەگێڕییەکانی" دەوڵەتی تورک-یان لە دەریای سپی و لیبیا و سوریا ئیدانە کرد.

میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یونان ئاماژەى بە رێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و حکومەتی ترابلوس لەو چوارچێوەیەدا کرد.

دەوڵەتی تورک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لەگەڵ حکومەتی ترابلوسی سەر بە گروپی ئیخوان لەبارەى سنووری دەریایەوە رێککەوتبوون، ئەنقەرە دەیەوێت بەو رێککەوتنە دەست بەسەر بەشێکی زۆری دەریای سپی دا بگرێت.

یونان، قوبرس و میسر ئەو رێککەوتنە بە نایاسایی دەزانن، کە مافە ئابوورییەکانیان لەو سنوورەدا پێشێل دەکرێت و لە دژی ئەو رێککەوتنەن.

ژ.ت