ATÎK: ئازادی بۆ یوکسەل کۆچ

کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی تورکیا لە ئەوروپا (ATÎK) زیندانیکردنی یوکسەل کۆچی شەرمەزار کرد، داوای کرد هەموو هێزە دیموکراتیکەنا هەڵوێست وەربگرن و خاوەنداری لە یوکسەل کۆچ بکەن.

کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی تورکیا لە ئەوروپا (ATÎK) بە ڕاگەیاندراوێک زیندانیکردنی سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچی شەرمەزار کرد، کە پاش هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا خرایە زیندان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دەستبەسەرکردنی یوکسەل کۆچ بەشێکە لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی دەوڵەتی ئەڵمانیا بەرامبەر تێکۆشانی دیموکراتیکی کوردان".

یوکسەل کۆچ هەردەم کراوەتە ئامانج

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە یوکسەل کۆچ وەک سیاسەتمەدارێکی کورد هەردەم بووەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک و چەند ساڵێک پێش ئێستە تیمێکی میت بۆ تیرۆرکردنی نێردرابوو، بەڵام لە دوا ساتەکاندا ئەم پلانە ئاشکرا کرا.

دووپاتی دەکاتەوە، دەوڵەتی ئەڵمانیش بۆ ماوەیەکی زۆر دۆسیەی دژی یوکسەل کۆچ کردەوە، دەڵێت: "یوکسەل کۆچ لە تێکۆشانی ڕێکخستنی کوردان لە ئەڵمانیا ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە. ساڵانێک لە بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکانی ئەڵمانیا بەشداربووە و پاشان لە بەڕێوەبردنی کەجەدەکە_ئە بەشداربووە، بۆ ماوەیەک وەک هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە کاری کردووە".

لە کۆتاییدا دەڵێت: "زیندانیکردنی یوکسەل کۆچ شەرمەزار دەکەین، بانگەواز لە هەموو هێزە دیموکراتیکە خۆجێی و کۆچبەرەکان دەکەین، دژی ئەم کارە هەڵوێست وەربگرن و خاوەنداری لە یوکسەل کۆچ بکەن".