لە شەرناخ دژی قڕکردنی سرووشت ڕێپێوان ئەنجامدرا: ئاشتی لە سرووشتەوە دەست پێ دەکات

پلاتفۆرمی ئیکۆلۆژیی شەرناخ، دژی قڕکردنی سرووشت لە گۆڕەپانی عومەر کاباکی شەرناخ ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و گوتی: "ئاشتی لە گوندە سووتێنراوەکان و درەختە بڕاوەکانەوە، دەست پێ دەکات".

پلاتفۆرمی ئیکۆلۆژیی شەرناخ ، دژی قڕکردنی سرووشت لە گۆڕەپانی عومەر کاباکی شەرناخ ڕاگەیاندراوی خوێندەوە. بەڕێوەبەران و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و زۆر کەس بەشداربوون. بەشداربووان پێش خوێندەوە ڕاگەیاندراوەکە لە گۆڕەپانی جموورییەتەوە تا گۆڕەپانی عومەر کاباک بە بەرزکردنەوەی پانکارت و درووشم ڕێپێوانیان کرد. لە گۆڕەپانی عومەر کاباک گرژی لەنێوان جەماوەر و پۆلیس درووست بوو، جەماوەر بە بەرزکردنەوەی درووشم وەڵامی پۆلیسیان دایەوە.

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا، عەدنان شەن‌بایرام ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠١٨ ـەوە درەختەکان لە شەرناخ دەبڕدرێنەوە، سرووشتی شەرناخ قڕدەکرێت و گوندەکان دەسووتێنرێن، گوتی: "سرووشتی شەرناخ قڕدەکرێت، ئاشتی لە گوندە سووتێنراوەکان و درەختە بڕاوەکانەوە دەست پێ دەکات. ئاشتی بە کۆتایی هێنان بە قڕکردنی سرووشت دەست پێ دەکات".

جێگری هاوسەرۆکایەتی گشتی دەبەپە، حوسەین بیرلیک ڕایگەیاند سرووشتی کوردستان تاڵان دەکرێت و ئەمە قبووڵ ناکرێت، ئەگەر ئاشتییەک هەبێت دەبێت پێکەوە بێت، گوتی: "گەل بۆ پاراستنی سرووشتەکەی لێرەیە. بانگەواز لە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەکەین، دەبێت ئەم قڕکردنە کۆتایی بێت".

حوسەین بیرلیک ڕایگەیاند دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی ١٢ هەمین کۆنگرەی پەکەکە، چیتر ناتوانن پاساوی ئەمنی بۆ قڕکردنی سرووشت بەکاربهێنن، گوتی: "ئاشتی لە سرووشتەوە دەست پێ دەکات، لە جودی و گابارەوە دەست پێ دەکات".

سەرۆکی جەهەپەی شەرناخ، سەعید نامدار ڕایگەیاند بڕینەوەی دارەکان بۆ بەرژەوەندیی ئابوورییە نەوەک بابەتی ئەمنی، داوای کرد کۆتایی بە قڕکردنی سرووشت بهێنن.

ئەندامی ئۆهەدە سەرفراز ئازاد ڕایگەیاند لەڕووی یاساییەوە تێدەکۆشن دژی قڕکردنی سرووشت.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.