گوندەکانی پاسور دەکەونە ژێر بەنداوەوە: زێدی خۆمان جێناهێڵین

گوندنشینانی ناوچەی پاسوری ئامەد کە گوندەکانیان دەکەونە ژێر بەنداو رایانگەیاند، کە دەوڵەتی تورکی سیاسەتی لەناوبردنی کوردەکان بەڕێوەدەبات و وتیان: "ئێمە زێدی خۆمان چۆڵ ناکەین".

دۆڵی گۆدەرنەی نێوان ناوچەکانی پاسور، لجێ، فارقین و هەزرۆی ئامەد بەهۆی دروستکردنی بەنداوەوە وێرانکران. بەنداوی سیلڤانە دۆڵی گۆدەرنە کە مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و پردی تاشکوپروی مێژوویی دەخاتە ژێر ئاوەوە. لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا تائێستا زیاتر لە ١٠ گوند کەوتوونەتە ژێر ئاو و نزیکەی ٥٠ گوندی دیکەش دەکەونە ژێر ئاوەوە.

'سەربازەکان بە زۆرەملێ گوندەکانیان تاڵان کرد'

گوندەکانی قۆکان و کەرکای پاسور دوو لەو گوندانەن کە دەکەونە ژێر ئاوەوە. گوندنشیان پێداگرن لەسەر ئەوە گوندەکانیان جۆڵ نەکەن، بەڵام بە هۆی کارەکانی دروستکردنی بەنداو بەشێکی زۆری زەویەکانیان تاڵان کراون. گوندنشینان ناڕەزایەتی بەرامبەر بەوە دەردەبڕن، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت ناڕەزایەتیەکان پشتگوێ دەخەن.

ماشاڵا کامەران باسی لەوەکرد کە ستافی بەنداوەکە لەگەڵ سەربازان دەکەونە ناو گوندەکە و بە زۆرەملێ زەویەکانمان تاڵان دەکەن، ئێمە نامانەوێت زەوی و گوندەکانمان جێبهێڵین. بە سەدان هێکتار زەوی من کە تاپۆی هەبوو لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیرا و زەویەکانم دەکەن بە قوربانی بەنداو. نە دارێکیان هێشت نە گوڵێک. لەو زەویانەدا رەنجمان دابوو، منداڵەکانم لەبەر ئەوەی کار نەماوە روودەکەنە شارەکان و وەک کرێکاری بیناسازی کاردەکەن. شپرزە و پەرێشان بوون، کاتێک خۆمان زەویمان هەیە بۆ دەبێت ناچار بکرێن بجنە شارەکانی رۆژئاوا و بکەونە ئەو دۆخەوە".

کامەران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، "ئەوانەی چاویان بڕیوەتە رەنجی کەسانی تر ئاخۆ لە خودا ناترسن، لە دین و ئایین ناترسن، ئەگەر لێیان بپرسیت دەڵێن مسوڵمانم، باوەڕدارم. ئەمە چ باوەڕدارییەکە بە ئایین؟ ئایا باوەڕمەندی چاوبرینە ناو رەنج و ماندووبوونی کەسانی تر؟ "

'ئێمە قەبوڵی ناکەین'

ئارەزو کامەرانیش وتی، "ئەم بەنداوە نە داری هێشتووە، نە مێژوو. چەند ساڵە دژی ئەو بەنداوە دەنگ هەڵدەبڕین، بەڵام کەس گوێ ناگرێت. کەس خاوەنداری لە بەرخودانی ئەم گەلە نەکرد. کەس بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژیە ناوەستێتەوە. بەر لە چەند رۆژ تابورێکی سەربازەکانیان خستە ناو زەویەکانەوە. بۆ ئەوەی نەتوانین بەرامبەر بە تاڵانکاری زەویەکان بوەستینەوە. سەرباری ئەوەش ئێمە ناڕەزایەتیمان نیشان دا، بەرامبەریان وەستاینەوە، سەربازەکان سوکایەتیان بە ئێمە کرد. دیمەنەکانمان تۆمارکرد، بە زۆرەملێ دەستیان بەسەر تەلەفونەکانماندا گرت و دیمەنەکانیان سڕیەوە. بەشێکی زۆری شۆفێر و کرێکارەکان کوردن، خەڵکی ئەم خاکەن، ئاخۆ شەرم لەخۆیان ناکەن، کاتێک ناڕەزایەتی دەردەبڕین دەڵێن ئێمەش کوردین، بەڵام ئەوانە کورد نین، کورد نیشتمانی خۆی کاول ناکات".

'با کەس لەپێناو پارەدا خاکی خۆی نەفرۆشێت'

ئارەزو کامەران باسی لەوەکرد، کە ئەو دایکانەی لە پێناو رێگری لە تاڵان کردنی زەویەکانیان ئێشکگری دەکەن لەلایەن سەربازانەوە سوکایەتیان پێدەکرێت و بە مۆڵدانی ژمارەیەکی زۆر سەرباز دەیانەوێت گەل چاوترسێن بکەن و دەست بە سەر ئەو زەویانەدا بگرن کە تاپۆکەی بەناوی گوندنشینانەوەیە و بەم جۆرەش بەتەواوەتی ژینگەی ناوچەکە وێران دەکەن، لەو رووەوەشەوە داوای کرد گوندنشینان بەهیچ جۆرێک رازی نەبن بە فڕۆشتن و چۆڵکردنی زەویەکانیان.

هـ . ب