لە سێ مانگدا ٤٠ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای سنە تۆمار کراون

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم ٤٠ حاڵەتی کەوتنەوەی ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون و بەسەدان هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکان سوتاون.

بە وتەی بێهزاد شەریفی بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتیەکان و سەرچاوەئاوییەکانی پارێزگای سنە لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵذا لانیکەم ٤٠ جار ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە کەوتووەتەوە و لانیکەم ٣١٩ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکان سوتاون.

باسی لەوەشکرد، لە بانە ١٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و ٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی لەوەڕگەکان روویداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٥ هێکتار لە دارستان ولەوەڕگەکان سوتاون وبەم پێیەش ئەو شارە زۆرترین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی تێدا تۆمارکراوە، لە مەریوانیش کە پێنج حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە، بەهۆیەوە زیاتر لە ٩٣ هێکتار دارستان و لەوەڕگە سوووتاون، ئەمەش زۆرترین رووبەرە بەراورد بە شارەکانی دیکەی پارێزگای سنە.

بەهۆی بوونی پووش و پاوانی زۆرەوە پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان و رووبەری سوتان زیاتر بێت.

هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریتین لە: کەمتەرخەمی گەشتیاران و نەکوژاندنەوەی تەواوەتی ئاگر، فڕێدانی بوتڵی شوشە و جگەرەی نەکوژاوە لە سروشت، هەوڵەکانی دروستکردنی خەڵوز لەلایەن هەندێک کەسی چاوچنۆک، سوتاندنی دارستانەکان لەلایەن کەسانێکی هەلپەرست بۆ ئەوەی رەگەزی دارستانەکان بۆ باغ و کێڵگەی کشتوکاڵی بگۆرن، تۆپبارانی دارستانەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە بیانووی مانۆری سەربازی، سوتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکان لەلایەن بەکرێگیراوانی دەسەڵات بە پاساوی ئەمنی و ....

هـ. ب