لە دێرسیم دژی پرۆژەیەکی کانەبەرد ڕێپێوان کرا
پلاتفۆرمی ژینگە و سرووشتی خۆزات_پێرتاغ سەکسور دژی پرۆژەیەکی کانەبەر کە هەوڵدەدرێت لە ناوچەی خۆزات و پەرتاغ بنیات بنرێت، ڕێپێوانیان کرد.
پلاتفۆرمی ژینگە و سرووشتی خۆزات_پێرتاغ سەکسور دژی پرۆژەیەکی کانەبەر کە هەوڵدەدرێت لە ناوچەی خۆزات و پەرتاغ بنیات بنرێت، ڕێپێوانیان کرد.
چەندین پارتی سیاسی و ڕێکخراوی ژینگەیی پشتگیری ڕێپێوانەکەیان کرد بە درووشمی "خاوەنداری لە ژینگەی خۆمان دەکەین".
لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "دژی تاڵانی کۆمپانیاکان یەکدەگرین و پێکەوە تێدەکۆشین" و "دەست لە سرووشت و ئاو و خاکەکەم مەدەن" هەڵگیرا، بەشداربووان درووشمی "خۆزات ڕازی نابێت و خاوەنداری لە خاکەکەی دەکات" و "یەکدەگرین و سەردەکەوین" و "سەکسۆر پیرۆزە و بە پیرۆزیی دەمێنێتەوە"یان بەرزکردەوە.
موختاری گوندی بارگین، موستەفا ڕوزگار لەسەر ناوی پلاتفۆرمەکە ڕایگەیاند بەم پرۆژەیە نەوەک هەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و سەرچاوەکانی ئاو تێکدەدرێن، بەڵکو هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ سەر ژیانی سرووشتی دێرسیم و شوێنە پیرۆزەکان. داوای کرد هەمووان پشتیوانی لەم ناڕەزایەتییە بکەن.
هەروەها جەختی کردەوە، لەو شوێنەی کانەکەی تێدا بنیات دەنرێت، چەندین جێگەی پیرۆزی وەک سوڵتان خزر و دەروێش جەمال هەن، ئەم پرۆژەیە هەوڵی بێڕێزیکردنە بەرامبەر باوەڕی عەلەوییەکان.
دواتر پارێزەر کەنعان چەتین و پەرلەمانتاری دەم پارتی ئایتەن کۆردو قسەیان کرد، دووپاتکرایەوە ئەمە هێرشێکە بۆ سەر سرووشت و باوەڕ و یادگەی کەلتووریی دێرسیم، دەبێت هەمووان دژی ئەم زیهنیەتە ڕێکخراوبن و تێبکۆشن.
نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان داوایان کرد، کاری کۆمپانیاکە بوەستێنرێت.