د. فیکرەت باشکایا: چارەسەری پرسی کورد بە دیموکراتیکبوونی تورکیا دێتەدی

د. فیکرەت باشکایا ڕایگەیاند بۆ باسکردن لە پرۆسەکە دەبێت پێشوەختە هەلومەرجی ئاشتی بڕەخسێت، گوتی: " چارەسەری پرسی کورد بە دیموکراتیکبوونی تورکیا دێتەدی".

د. فیکرەت باشکایا

لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان قسەی کرد و باسی لە مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ کرد و داوای لێ کرد لە پەرلەمان قسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوباتدا "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی"ی بۆ ڕای گشتی جیهان بڵاوکردەوە. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ وەک مانیفێستی سەدە وەسف کرا. سەدان سیاسەتمەدار و نووسەر و ڕۆشنبیر پشتیوانیان لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد. نوێنەرانی دەوڵەتان پشتیوانیان لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد.

د. فیکرەت باشکایا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند هەڵوێستی دەوڵەت دڵنیایی نابەخشێت و مایەی نیگەرانییە، دەوڵەت لە چارەسەری پرسی کورددا زیاتر خەمی مانەوەی خۆیەتی، گوتی: "شێواز و زمانی باسکردن لە پرسەکە هیچ متمانەیەک نابەخشێت. ترسی ئەوەم هەیە، مەسەلەکە چارەسەری پرسی کورد نەبێت، بەڵکو زیاتر خەمی مانەوەی دەوڵەتیان هەبێت".

"ئایا متمانە بە قسەکانی ڕژێم دەکرێت؟"

باشکایا ڕایگەیاند متمانە بە ڕژێمێک ناکرێت کە دوورکەوتووەتەوە لە بەها ئەخلاقییەکان، گوتی: "چارەسەری پرسەکە بە تێکۆشان دێتەدی. ڕژێمی ئیسلامی سیاسیی، خەمی ئاشتی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئارامیی کۆمەڵگەی نییە. ئامانجیان ئەوەیە تورکیا بکەنە میرنشینێکی ئیسلامی و بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ئایا دەکرێت متمانە بە ڕژێمێک بکرێت کە تەنانەت پابەندی یاسا دەستوورییەکان نابێت و دوورە لە بەها ئەخلاقییەکان؟ بەڕای من نابێت مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕژێمە بکرێت کە دوژمنی گەلە؛ سەرەتا دەبێت تێکۆشان بۆ تێپەڕاندنی ئەمە بکرێت. تەنها دوای ئەمە دەتوانرێت پرسەکە بگوازرێتەوە بۆ زەمینەی چارەسەر و واتا و بەهایەک بەدەست بهێنێت. لەنێو هەڵەیەکی مەزندا، ڕاستییەکی بچوک مومکین نییە. پێویستە سەرەتا ڕژێم بهێنرێتە ئاستێک کە پرسەکە چارەسەر بکات و پاشان بهێنرێتە سەر مێزی گفتوگۆ. وا دیارە، پرسەکە نەوەک لە تورکیا، بەڵکو بەبۆنەی دیزاینی ئیمپریالیستی لە فەڵەستین و لوبنان و سوریا بووەتە ڕۆژەڤ".

باشکایا ڕایگەیاند ئەوەی هەیە وەک پرۆسەی ئاشتی پێناسە ناکرێت، دەبێت هەلومەرجی ئاشتی بڕەخسێنرێت، بەبێ لێپرسینەوەیەکی ڕادیکاڵ هیچ پرسێک چارەسەر نابێت، گوتی: "بۆ ئەوەی باسی پرۆسەی ئاشتی بکرێت. دەبێت سەرەتا هەلومەرجی ئاشتی بڕەخسێنرێت. چارەسەری پرسی کورد تەنها بە دیموکراتیکبوونی تورکیا دێتەدی. بڕواناکەم هیچ نەرمبوونێک لە زیهنیەتی "دەوڵەتی پیرۆزدا" ڕوویدابێت. ئەم ڕژێمە توانای نەرمبوونەوە و گۆڕانێکی لەم جۆرەی نییە. تورکیا پێویستی بە پاکبوونەوەیەکی ڕادیکاڵە. وڵات تووشی داڕمان هاتووە. هێشتا چەمکی "قەیران" بۆ ئەم ڕەوشەی کە تورکیا تێی کەوتووە، بەس نییە. ئەمە ڕووخان و داڕمانە".