ئامینە کاکەباوە: دەبێت پشتیوانی لە هەدەپە و ڕۆژاوا بەردەوام بێت

ئامینە کاکەباوە لە پاڕڵمانی سوێد ڕایگەیاند: نابێت و ڕێگە بە ئەردۆغان بدرێت سەروەری سوێد پێشێل بکات. ئەمن و پارتیی سۆسیال دێمۆکرات هاوبیرین لەمەر پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکان لە تورکیا و ڕۆژئاوا و لە داهاتووش ئەوە بەردەوام دەبێت.

سێشەمە ٧-ی ژووەنی ٢٠٢٢ لە پاڵمانی سوێد کۆبوونەوە سەبارەت بە داوخوازی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری داد/ ناوخۆ
لە لایەن پارتیی دێمۆکڕاتەکانی سوێدەوە و بەڕێوەچوو و تێیدا ئامینە کاکەباوە نوێنەری سەربەخۆ لە پارڵمانی ئەو وڵاتە قسەی کرد و وتی: بانگەشە دەکرێت؛ گۆیا ئەمن لە پارڵمان لە بەرژەوەندیی کورد کار دەکەم لە جیات ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی سوێد کار بکەم. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو شتەی منی نیگەران کردووە سەروەری سوێدە. ئەو زوڵم و زۆردارییەی لە کورد دەکرێ بە لەش و پیستی خۆمەوە هەستی پێ دەکەم. ئەوە دەخوێنی من دا دەگەڕێ بەڵام  ئەمن لە پارڵمانی سوێد ئەرکی خۆم وەک سوێدییەک  بەڕێوە دەبەم. 
کاکەباوە وتیشی: ئەمن و پارتیی سۆسیال دێمۆکراتی سوێد هاوبیرییەکی نزیکمان هەیە لەمەر پێویستی پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکان لە تورکیا و لە ڕۆژئاوا. ئەمن باوەڕم وایە کە ئەو پارتییە لە داهاتووش دا ئەو پشتیوانییە دەکا. جەنگاوەرانی ئازادی لە یەپەگە و یەپەژە کە دژی داعش خەباتیان کرد و بەچۆکیان دا هێنا  لە ڕووی نیزامییەوە و جیهانیان لە تێرۆر ڕزگار کرد هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان لێ دەوەشێتەوە.

دەقی تەواوی قسەکانی ئامینە کاکەباوە:

سپاس سەرۆکی پارڵمان و نوێنەرانی بەڕێزی پارڵمان!

ئەو متمانە پێ نەکردنە کە دەنگی لە سەر دەدرێ لەمەڕ وەزیری داد مۆرگان یووهانسۆنە. ئەمن و مۆرگان یووهانسوون هاوکارییەکی گەلێک باشمان هەبووە سەبارەت بە کار و خەبات بە دژی  سەرکوتکردن بە ناوی نامووس. هیچ وەزیری دادیك تاکوو ئێستا ئەوەندە دەستپێشخەری نەکردووە و  و ئەوەندە  هەنگاوی هەڵنەهێناوەتەوە بۆ توندکردنی قانوون لەو بوارەدا. ئەگەرچی زۆر هەنگاوی دیکە ماوە کە هەڵبهێندرێتەوە باوەری من بە مۆرگان یووهانسۆن لە سەرجێی خۆیەتی و نەگۆڕاوە.  بە پێچەوانە وەک هەموو دەزانن  وتوێژی حکوومەت بۆ پەیوەست بوون بە پەیمانی ناتو  تەئسیری بووە لە سەر باوەڕی من و زۆر کەسی دیکە بە حکوومەت. لە ڕۆژنامەکان دا ئیدیعائ ئاوا کراوە کە گۆیا ئەمن لە پارڵمان لە بەرژەوەندیی کورد کار دەکەم لە جیات ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی سوێد کار بکەم. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو شتەی منی نیگەران کردووە سەروەری سوێدە. 
کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢ ئەمن گەیشتمە سوێد دەبوو هێندێک تاقیکردنەوەی پزشکیم لە سەر بکرێ. کە ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە تازە دێنە سوێد دەکرێ. لە شاری وێسترئۆس دوای ئەوەی دوکتورەکە چاوی لە ئاکامی تاقیکردنەوەی خوێنی من کرد کاردانەوەی نیشان دا، لە خوێنم دا کەمایەسی هەبوو. ئەوە ئاکامی هێرشی شیمیایی سەدام حوسێن بوو بۆ سەر هەڵەبجە و بۆ سەر کەمپی پێشمەرگەکانی ئێمە، کە لەوێدا بەسەدان کەس لە هاوڕێیانی من کووژران و لە شاری هەڵەبجە  زیاتر لە ٥٠٠٠ کورد لەبەر کیمیاباران کووژران. 
ئەو زوڵم و زۆردارییەی لە کورد دەکرێ بە لەش و پیستی خۆمەوە هەستی پێ دەکەم. ئەوە دەخوێنی من دا دەگەڕێ بەڵام  ئەمن لە پارڵمانی سوێد ئەرکی خۆم وەک سوێدییەک  بەڕێوە دەبەم. ئەوەی ئەمن باسی لێوە دەکەم بریتییە لە سەربەخۆیی سوێد. لە ماوەی چەند ڕۆژی دیکە دا من پێشنیارێک لەگەڵ وەزیری کولتوور دەهێنمە گۆڕێ سەبارەت بەوەی کە نابێ ڕێگا بدرێ دیکتاتۆرە لاوەییەکان لە وڵاتی سوێد  کۆرو کۆمەڵی دینی باربوو بکەن، قسە لە سەر ئەوەیە کە سوێد نابێ ئیزن بدا هێزەکانی دەرەوە تەئسیری تێدا بکەن. وە ئەم ڕاوێژو قسەکردنەش هەر لە سەر ئەو بابەتەیە. ئەوە ناتۆ و یێنس ستۆلتنبەری سکرتێری ناتۆیە کە شەرتومەرج لە سەر سوێد دادەنێن، ئەوە تورکیا و ئەردۆغانن، ئەردۆغانێکی سەڕەڕۆ کە سیاسەتێکی ڕەگەپەرستانە  بە دژی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جوغرافیای یەکێتیی ئوڕووپا دا بەڕێوە دەبا و تەنانەت لەم پارڵمانەش قسە لە سەر ئەوەیە گەلۆ سوێد هەتا چەند ڕێگا دەدا هێزێکی بێگانە بە سەر وڵاتی ئێمە دا حوکم بکا؟  ئەوە پارڵمانی سوێدە کە دەبێ سەبارەت بە قانوونەکانی لە مەڕ هەناردە کردنی چەک و چۆل بڕیار بدا یان ئەوە تورکیایە؟  ئایا ئەوە تورکیایە کە دەبێ بڕیار بدا سوێد لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بە پشتوانی ئەمریکا شەڕی داعش دەکەن پێوەندی نەبێ. ئایا ئەوە ڕەوایە ئێمە ئازادیی بەیان و ئازادی کۆبوونەوەی  خۆمان  بەپێی داوخوازی ئەردۆغان هەموار بکەین؟ ئایا سەرۆکی وڵاتێکی دیکە بۆی هەیە بڕیار بدا  کێ دەبێ وەزیری دیفاعی ئێمەبێ؟ ئایا سەفیری وڵاتێکی دیکە لە سوێد بۆی هەیە داوا بکا سوێد ئەندامەکانی پارڵمانی خۆی ڕادەستی دەوڵەتەکەی وی بکا؟ 
سەرۆکی بەڕێزی پاڕلمان لەم هۆڵەدایە کە دەبێ قانوونەکانی لەمەڕ ئەم وڵاتە پەسند بکرێن و دابندرێن نەک لە ئانکارا. ئەمن پشتیوانی لەوە دەکەم کە سوێد خۆی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بڕیار بدا. 
پارتییەکانی ناو ئەم پارڵمانە هەموویان یەک دەنگ بوون بۆ پشتیوانی لەو شەڕڤانانەی کە لە پێناو مافی ئازادی و ئینسانی خۆیاندا خەباتیان کردووە. ئەمن و پارتیی سۆسیال دێمۆکراتی سوێد هاوبیرییەکی نزیکمان هەیە لەمەر پێویستی پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکان لە تورکیا و لە ڕۆژئاوا. ئەمن باوەڕم وایە کە ئەو پارتییە لە داهاتووش دا ئەو پشتیوانییە دەکا. جەنگاوەرانی ئازادی لە یەپەگە و یەپەژە کە دژی داعش خەباتیان کرد و بەچۆکیان دا هێنا  لە ڕووی نیزامییەوە و جیهانیان لە تێرۆر ڕزگار کرد هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان لێ دەوەشێتەوە. هەر وەها دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری سێهەمین پارتی هەرە گەورەی تورکیا و زیندانییەکانی دیکەی پارتیی هەدەپەش هەر ئاوایە، ئەو زیندانە سیاسییانە، ئەوانەی وا لە بەر بیروباوەریان زیندانی کراون دەبێ ئازاد بکرێن. 
شەڕی ئەردۆغان کشتوکاڵی کوردەکانی لە ناو بردووە و تەنانەت ماڵی مەسیحییەکانیش وەبەر بۆمبەکانی کەوتوون  و بە هەزاران خاوخێزانی لە ماڵ و حالیان دەرپەڕاندووە، لە هەمان کاتدا ژنان خۆیان ڕێک دەخەن بەدژی ئیسلامی  فوندێمێنتالیستی ( بنچینەگر)  و هەر وەها سەرکوتکردن بە ناوی پاراستنی نامووس. یەپەگە و یەپەژە پێویستیان بە درێژە کێشانی ئەو یارمەتییانە هەیە کە پێیان دەکرێ و سوێد نابێ بکەوێتە ریزی ئەوانەی کە پشتیان تێ دەکەن. ئێمە نابێ بێدەنگ بین لە کاتێکدا ئەردۆغان چەکی شیمیایی بە دژی ژن و منداڵان دە کار دەکا.  داوخوازی ئەردۆغان  کە دەبی کوردەکان لە سوێد دەر بکرێن زۆر لە سوێدییەکانی نیگەران کردووە. مرۆڤ دەبێ متمانە بکا بە پۆلیسی ئەمنییەتی سوێد کە گوێ نەداتە قانوونی تێڕۆڕی ئەڕدۆغان بەدژی ئەو شەڕڤانانەی ئازادی کە ئێمە پشتیوانیان لێ دەکەین. ئەمن دەزانم مۆرگان یووهانسۆن سیاسەتمەدارێکە کە ڕێز لە مافی ئەمنییەت دەگرێ و ڕەچاوی دەکا. ئەمن باوەر بەو ئۆپزیسیۆنە سیاسییە ناکەم  کە دێ لە سەر شاشەی تێلێڤیزیۆن دەڵێ دەستی من لە خەبات لە پێناو ماف و ئازادییەکان و مافی ژنان کورت دەکاتەوە. کاتێک من لەگەڵ  هێندێک لە نوێنەرانی باڵای سۆسیال دێمۆکڕاتەکان قسە دەکەم هەست بە بڕێک ئەمنییەت دەکەم، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەمن نیگەرانییەکی زۆریشم نییە. ئەمن ئەو نیگەرانییەم لەگەڵ حکوومەت بەش دەکەم و زۆر سوێدی دیکەش هەست بەو نیگەرانییە دەکەن. بەڵام لە ئانکارا دەبێ بزانن کە ئەم حکوومەتە لە لایەن تێرۆریستانەوە پشتیوانی ناکرێ بەڵکوو لە لایەن ئەو سوێدییانەوە پشتیوانی لێدەکرێ کە پشتیوانی دەکەن لە ئازادی و مافی ژنان و دێمۆکڕاسی و مافی کچان لە بەرامبەر داودەزگا جیاوازە بابمەزنییەکان دا و ئیمە لە خوێنی خۆماندا هەست بەو زوڵم و زۆردارییە دەکەین لە کوردان دەکرێ. سپاس

وەرگێڕان لە سوێدییەوە: حەسەن قازی

تێبینی (وەرگێڕ): پارڵمانتارانی سوێد لە ترسی ئەردۆغان لە یەک دوو کەس زیاتر نەبێ چەپڵەیان بۆ قسەکانی ئامینە کاکەباوە لێ نەدا! 

هـ.هـ