ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بەردەوامە؛ لانیکەم ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە

ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٦ کەس. ئاگرەکە دوێنێ ناوچەی زیاتری گرتەوە.

ئاگرە گەورەکەی لۆس ئەنجلس لە رۆژی سێ سەممەی رابردووەوە بەردەوامە و بە وتەی کاربەدەستان تا ئێوارەی شەممە ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە. سەرباری هەوڵەکانی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەش 'ئاگری پالیسادیس' بەرەو باکوری رۆژئاوای لۆس ئەنجلس تەشەنەی سەندووە.

ئاگرەکە لەسەر دۆڵی سانفێرناندۆ کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆرە، هەروەها لە سەر مۆزەخانەی گێتی و بەرهەمە هونەریە گرانبەهاکانی بووەتە مەترسییەکی گەورە.

لە سێ رۆژی رابردوودا خێرایی با کەمبووەتەوە، هەربۆیە ئاگرکوژێنەوەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە. پێشبینیش دەکرێت کە کۆتایی هەفتەدا سەرلەنوێ خێرایی با زیاتر بێتەوە.

بەهۆی ئاگرەکەوە ١٢ هەزار بینا لەناوچوون یاخود زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

دەوترێت زیانەکانی ئاگرەکە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بە وتەی پسپۆڕان ئەم ئاگرە لە رووی قەبارەی زیانەکانیەوە، گەورەترین ئاگرکەوتنەوە بووە.

لەناوچەکانی ئاگرکەوتنەوە یاخود ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی راگوێزراون، رووداوەکانی دزی و تاڵانی روودەدەن، بەو هۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لە نێوان کاتژمێر ١٧:٠٠ بۆ ٠٦:٠٠ قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە.