لە ئاکدەنیز چالاکیی شەرمەزارکردن بەردەوامە: تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین

لە ئاکدەنیز دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئاکدەنیز شەرمەزار کرا. لە چالاکییەکەدا دروشمی "هەتا کۆتایی بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت" وترایەوە.

دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین، هۆشیار ساری یڵدز و نوریە ئارسلان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، ئۆزگور چاغلار، نەسلی هان ئۆروچ و حیکمەت باکرهان، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی مێرسین، شەرمەزار کرا.

چالاکییەکە لە پارکی ئۆزگور چوکوک بەڕێوەچوو و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، هاوسەرۆکانی شارەوانی، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، نوێنەرانی جەهەپە، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی کار(ئەمەپە)، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە دیموکراتیکەکان و جەماوەرێکی زۆر لە چالاکییەکەدا بەشدار بوون.

لە میانەی چالاکییەکەدا پانکارتی، "ڕژێمی قەیوم، کودەتایە دژی ئیرادەی گەلە" هەڵدرا و دروشمی "قەیوم کودەتایە، نا بۆ کودەتا" بەرز کرایەوە.

بەدریە کوش، هاوسەرۆکی دەم پارتی مێرسین قسەی کرد و وتی: "هاوڕێانمان بە پاساوی نایاسایی دەستبەسەرکراون، ئێمە قەد ئەو بڕیارە نایاساییانە قبووڵ ناکەین و هەتا کۆتایی درێژە بە بەرخۆدانمان دەدەین."

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا کە ڕژێمی قەیوم نەک تەنیا بۆ سەر گەلی کورد بەڵکو بۆ ئیرادەی سیاسی گەلانی تورکیاش هەڕەشەیە.

هەروەها دیلان کونت ئایان پەرلەمانتاری ئورفای دەم پارتی ڕایگەیاند: "ئاکدەنیز، ئاگری، ئورفا، دیلۆک و سەمسۆر کوردستانە، لێرە ژیانێکی هاوبەش بنیات نراوە، قەیوم کودەتایە دژی ئەم پێکەو ژیانە، جارێکی دیکە بە تێکۆشانێکی هاوبەش شکستیان پێدەهێنین."

پەریهان کۆجا، پەرلەمانتاری مێرسینی دەم پارتی ڕایگەیاند، قەیوم ڕەوایەتی نییە و وتی: "ئێمە ڕەوا و یاسایین و سەردەکەوین. بەرخۆدانمان هەتا کۆتایی بەردەوام دەبێت."

هەروەها ئەحمەد پاکەت سەرۆکی پارتی کرێکارانی مێرسین ڕایگەیاند: "هەرچەند دەستبەسەر دەکەن، ئێمەش بە هەمان شێوە پێداگری و بەرخۆدان دەکەین و سەردەکەوین."

هەروەها سەدات باشکاڤاک، سەرۆکی ئەمەپەی مێرسین ڕایگەیاند: "تا ئەو کاتەی ئاکدەنیز وەردەگرینەوە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان."

دوای وتارەکان جەماوەرەکە بەرەو شارەوانی بەڕێکەوتن.