یەکەم هەنگاوی لکاندنی باشوور: ئەو سنوورانەی میساقی میللی لێیەوە دەست پێ دەکات

ئەنقەرە کە داگیرکردنی باشووری گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێ، بەشێوەی دیفاکتۆ پرۆژەی میساقی میللی جێبەجێ دەکات. بەرامبەر ئەم هەوڵە داگیرکارییانەی تورکیا، هێزە نێونەتەوەییەکان بێدەنگن و پەدەکە بە هەموو هێزی خۆیەوە پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات.

دەوڵەتی تورک بەنیازە باشووری کوردستان بەخۆیەوە بلکێنێت

لە ئەنجامی گەڕانی چەند مانگەی تورکیا پەیوەست بە پلانە نوێیەکانی داگیرکردنی باشووری کوردستان، چەندین پێشهات ڕوودەدەن. ئەنقەرە کە داگیرکردنی باشووری گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێ، بەشێوەی دیفاکتۆ پرۆژەی میساقی میللی جێبەجێ دەکات. بێجگە لە بنکە سەربازییەکان، لە هەرێمی بادینان هەنگاوی وەک پشکنینی ناسنامە و ئۆپەراسیۆن دژی گوندەکان و دەستبەسەرکردن و گرتنی هاوڵاتیانی هەرێمەکە ئەنجام دەدات، ئەمەش نیشانی دەدات، ڕەوشی "ئیداری" لە هەرێمەکە گۆڕیوە. هاوڵاتیانی هەرێمەکە دەپرسن، بەڕێوەبەرانی هەرێمی کوردستان بۆچی "بێدەنگن" و شوێنەکانی وەک دهۆک و ئامێدی وەک سنووری دەسپێکی میساقی میللی دەوڵەتی تورک پێناسە دەکرێت.

ئەمە لە یاسای نێونەتەوەییدا، واتای لکاندنە

دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ ـەوە بۆ فراوانکردنی ناوچەی داگیرکاری خۆیان لە عێراق و باشووری کوردستان سەفەربەربووە و لە ڕێگەی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەکانەوە بە ڕوونی هۆشداری شەڕی لە هەرێمەکە دا. ئەم هەنگاوانەی دەوڵەتی تورک، عێراقیشی لەخۆدەگرت بۆ گۆڕینی هەندێک هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە باشووری کوردستانیش هەنگاوی نوێ دەنرێت. ئەو بازگانەی دەوڵەتی تورک لە شارۆچکەکانی بامەڕنی و کانی ماسی سەر بە بادینان دایناون، بەپێی مادەکانی یاسای نێونەتەوەیی، یەکەمین هەنگاوەکانی لکاندنن.

پەدەکە پێشەنگایەتی دەکات

هەرچەند سوپای تورک نکۆڵی لەم ڕەوشە دەکات، بەڵام ڕاگەیاندراوە کە لەو بازگانە پشکنینی ناسنامە بۆ هاوڵاتیان دەکرێت، دەیان گەنج دەستبەسەرکراون، هەموو کامێراکانی کارگەکانی نزیکی بازگەکان دەستبەسەرکراون و فرۆشتنی مانگانەی دەرمانخانەکان دەپشکنرێت.  لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتی تورک کە دەخوازێت هەرێمەکە بە تەواوەتی بخاتە بندەستی خۆی، بە پێشەنگایەتی هێزەکانی وەک پێشمەرگەی ڕۆژ و زێرەڤانی و پاراستنی سەر بە پەدەکە لە هەرێمەکە نیشتەجێ دەبێت. هەروەها هێزە ناوبراوەکان پێش هاتنی سوپای تورک، بەزۆرەملێ هاوڵاتیان لە گوندەکانی وەک سپیندار و مێژە و کەونمێژە و سەرگەڵێ لە زێدی خۆیان وەدەردەنێت، هەروەها پەدەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی بۆردوومان دەکرێن.

هەنگاوەکەی تری دەوڵەتی تورک دانانی قەیومە

پەدەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە باشووری کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات و بەم سیاسەتانە پێشەنگایەتی داگیرکاری دەکات و ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک قەیوم بۆ شارەکانی باشوور دابنێت. پەدەکە بۆ ئەوەی زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ٢٠ی تشرینی یەکەم دواخست و لەبری ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن، لە ئێستاوە خەریکی پەرەپێدانی سیناریۆی نوێیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان نەکرێن. لەسەر ئەم بناغەیە پەدەکە گۆڕەپانێکی بێسنوور بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکاتەوە و لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستاش ئامادەکاری دەکات تاوەکو بە خوڵقاندنی "باری نائاسایی" ڕێگە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بگرێت.  

ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن

لەگەڵ ئەمەشدا، هەرچەند هەڵبژاردن دەبێتە ڕۆژەڤ، باسکردن لە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە پەدەکەوە بۆ یەنەکە زیاتر دەبێت. تاوانی کوشتنی بەرپرسێکی پلەبەرزی پەدەکەش بە ناوی موحسین ڕەشید بەشێکە لەم پێشهاتانە، موحسین ڕەشید چەند ڕۆژێک پێش ئێستە لە هەولێر کوژرا. موحسین ڕەشید چەند جارێک ڕەخنەی لە سیاسەتی پەدەکە گرتبوو، هەڵوێستی دژی داگیرکاری پیشان دەدا. باس لەوە دەکرێت، موحسین ڕەشید زۆر جار هەڵوێستەکانی مەسرور بارزانی بە "ناهەقی" پێناسەکردووە و دژایەتی کردووە. زانراوە موحسین زیاتر نزیک بووە لە نێچیرڤان بارزانییەوە و دەگوترێت کوشتنی وی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی هێزی نێوان هەردوو لایەنەکە.

هەروەها هەوڵە بازرگانییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئێران و مەسرور بارزانی لەگەڵ تورکیا، لە ئاستی نێونەتەوەییدا ستاتۆی باشوور ڕووبەڕووی مەترسی جدی دەکاتەوە. پەدەکە بۆ ئەوەی ئەم ڕەوشە بەرەو ئاسایبوونەوە نەچێت، هەردەم کەشوهەوای شەڕ بە زیندووێتی دەهێڵێتەوە و بەمەش خۆی لە پاشەوە دەهێڵێتەوە. تورکیاش ئەمە دەبینێت، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا سودی زیاتر لە ڕەوشی پەدەکە دەبینێت، باشتر خۆی لە باشووری کوردستان نیشتەجێ دەکات دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان.

مەسعود بارزانی دەچێتە بەغدا

پەدەکە هێشتا لە هەنگاوی "ئاسایبوونەوە"ی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سەرکەوتوو نەبووە، ئەم هەنگاوە بە نێوانگیری تاران و ئەنقەرە نرابوو، بۆیە ئەمجارە سەرۆکی پەدەکە مەسعود بارزانی خۆی دەچێتە بەغدا. پەیوەست بە سەرنەکەوتنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی دەچێتە بەغدا و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ بەرپرسانی ناوەند کۆبوونەوە بکات. پاش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، یەکەم جارە مەسعود بارزانی کارێکی وەها دەکات و ئەمەش دەری دەخات کە مەسعود بارزانی چەند داواکارییەکی بەغدا قبووڵ دەکات. بەگوێرەی تێڕوانینی گشتی، ئەگەر پەدەکە ناچار نەبێت، کۆبوونەوەیەکی وەها لەگەڵ بەغدا ناکات، چاوەڕێ دەکرێت پاش سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا، چەند پێشهاتێکی نوێ ڕووبدەن.

 

پەدەکە دەیەوێت شەنگال بکاتە بابەتی بازرگانی

هەرچەند ئەم پێشهاتانە لە عێراق و باشووری کوردستان ڕوودەدەن، هاوکات بڵاوکراوەکانی دەزگا میدیاییەکانی سەر بە مەسرور بارزانی، لەوانەش باس نیوز دەربارەی شەنگال و ئێزدییەکان، جێگەی سەرنجن. مەسرور بارزانی لە چالاکی "بەرنامەی هاوکاری مادی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش" قسەی کرد و تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنی ٩ ی تشرینی یەکەم، ئەم ڕێککەوتنە دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی شەنگال دەکاتە ئامانج، هەروەها داوای کرد ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت. چاوەڕێ دەکرێت لە سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا، وتوێژ بکرێت بۆ بازرگانیکردن بە پرسی شەنگالەوە.

چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژەڤەکان پڕ بن

زانراوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژانی ئایندەدا سەربازی زیاتر ڕەوانەی باشووری کوردستان بکات، چەندین گوند چۆڵ دەکرێت کە سوپای تورک تێیدا نیشتەجێ بووە و بازگەی تێدا داناوە. هێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر هەوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا بێدەنگن، هەروەها بێجگە لە پەدەکە، حکومەتی ناوەندی عێراقیش لە هەندێک شوێندا تێکەڵ بە پلانەکانی تورکیا بووە. چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی ئایندەدا، لەم هەرێمە ناوبراوانەوە تا شەنگال پێشهاتی سیاسی و سەربازی نوێ ڕووبدەن.