"کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان" لە مێرسین

لە مێرسین "کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان" ئەنجامدرا. دەم پارتی جەختی کردەوە لە یەكێتی ژنان دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە. سیاسەتمەداری کورد سەباحەت تونجەل بەشداری چالاکییەکەی کرد. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان تاوتوێ کرا.

"کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان" لە مێرسین

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە بەشداری سیاسەتمەداری کورد سەباحەت تونجەل لە مێرسین "کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان"ـی ئەنجامدا. لە شوێنی چالاکییەکە لەبەردەم ڕێکخستنی دەم پارتی مێرسین، بە گوڵ و درووشم پێشوازی لە سەباحەت تونجەل کرا، پەرلەمانتاری دەم پارتی پەریهان کۆجا و نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان بەشداربوون. لە کۆبوونەوەکەدا، سیاسەتی قەیوم، کێشە ڕۆژانەییەکانی ژنان، پراکتیکی تێکۆشان دژی هێرشی سەر ژنان تاوتوێ کرا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی پەریهان کۆجا تیشکی خستەسەر تێکۆشان دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە، ڕایگەیاند درێژە بە تێکۆشان دەدەن و خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆیان دەکەن، ئاماژەی کرد بە ڕێپێوانەکەی وان و گوتی: "لە هەموو جێیەکی وڵات بەرخۆدانێکی مەزن هەیە دژی شەپۆلی سێیەمی قەیوم".

لای خۆیەوە، سەباحەت تونجەل ڕایگەیاند یەکەمین پاساوی دانانی قەیوم، سیستەمی هاوسەرۆکایەتییە، چونکە هاوسەرۆکایەتی لەناوبردنی سیستەمی پیاوسالارییە، بەشداریکردنی ژنانە لە میکانیزمەکانی بڕیاردان و جێبەجێکردن، هەبوونی یەکسانی ژنە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هاوسەرۆکایەتی دەسکەوتێکی مەزنە بۆ ژنان، بۆیە دەبێت خاوەنداری لێ بکرێت و وەڵامی هێرشەکان بدرێتەوە.

تونجەل ڕایگەیاند ڕژێمی قەیوم ئەم دەسکەوتانە لە ژنان زەوت دەکات، هەر لەگەڵ هاتنی قەیوم ٤٣ دامەزراوەی ژنان داخران و پیاوان لەوێ دانران. دووپاتی کردەوە، قەیوم هێرشێکی ئایدۆلۆژییە دژی هێڵی ئازادیخوازی ژنان، بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشان دژی ئەم هێرشە.