هەوڵەکانی لکاندنی ئەو هەرێمانەی لە بادینانی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون، گەیشتووە قۆناغی کۆتایی؛ لە مێژووی قڕکردنی گەلی کورددا لاپەڕەکی نوێ هەڵدراوەتەوە. پەدەکە گەورەترین رۆڵ دەگێرێت لەوەی کە دەوڵەتی تورک بە ئاسانی لە دژی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان لە هەرێمەکە جێگیر ببێت و بۆ ئەوەی خاکی باشوری کوردستان بداتە ئەنقەرە و توندڕەوە ئیسلامیەکان لە سات و سەودادایە. بێدەنگی بەغدا لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەش بە واتای ئەوە دێت کە پەسەندی کردووە یاخود هەندێک رێککەوتنی شاراوەی واژۆ کردووە. لەگەڵ ئەوەی دیدارەکانی مەسعود بارزانی لە بەغدا بەم جۆرە هەڵدەسەنگێندرێن، رادەگەیەندرێت کە مەسعود بارزانی لە دیدارەکانی لە بەغدا داوای کردووە کە هەڵبژاردنی باشور بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دوابخرێن و ئەنقەرەش دەیەوێت بۆ ئۆپراسیۆنی نوێی داگیرکەری کات بەدەستبهێنێت. بێدەنگی هێزەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەرخەری کۆنسێپتێکی نێونەتەوەییە.
حکومەتی هەرێم بێدەنگە و گەل دەڵێت شێلادزێ
جێگیربوونی نوێ دەوڵەتی تورک لە بەهدینان بووە مایەی ئەوەی گەلی هەرێمەکە کاردانەوەی گەورە نیشان بدەن و تائێستاش جگە لە ناڕەزایەتی یەنەکە لە رێگەی راگەیەندراوی سنوردارەوە، حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی دیکە دژی ئەوە هیچ راگەیەندراوێکیان نەداوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەو پرسیارەی لە شەقامی باشوری کوردستاندا زیاتر دەوروژێت ئەوەیە کە "بۆچی بێدەنگن" و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ سەرهەڵدانی شێلادزێ کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەرامبەر داگیرکەران هاتە ئاراوە. پەدەکەش هەوڵ دەدات دۆخەکە بە ئاسایی نیشان بدات و سیاسەت و دیمەنێک نیشان بدات کە کاردانەوەی گەل تێکبشکێنێت.
دەیانەووێت باشوریش وەک عەفرین داگیربکەن
کردەوەکانی سوپای تورک وەک دانانی بازگە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناسنامە، چۆڵکردنی گوندەکان و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە هەرێمە و دەستوەردان لە کاروباری کارگێڕی ناوخۆیی هەرێمە رێگە لەبەردەم رەوایەتیدان بەو هێزانە لە ناوچەکە دەکاتەوە. یەک لە نیگەرانیە سەرەکیەکانی گەلی باشور ئەوەیە کە ناوچەکە بۆ نیشتەجێکردنی داعش و ئیسلامیە توندڕەوەکان چۆڵ دەکرێت. دەوڵەتی تورک لە رێگەی نیشتەجێکردنی داعشەکان لە هەرێمی بەهدینانەوە تا سۆران هەوڵ دەدات کە هەم هێزە ئیسلامیە میلیشیاکان لە شەڕی دژ بە پەکەکە بەکاربهێنێت و هێزێکیان لێدروست بکات، هەمیش هەوڵ دەدات دیموگرافیای هەرێمەکە بگۆڕێت. نیشتەجێکردنی داعشەکان لە بەرواری باڵا و هەرێمەکانی مەتینا بە چەند قۆناغ ئەنجام دەدرێت ئەوە تەنیا بەشێک لە پلانەکەی دەوڵەتی تورکە. پەیوەست بەوە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە دهۆکەوە تا هەولێر ، بەتیل دێرکار، باتوفا، کانیماسی، دێرەلوک، شێلادزێ و دینارتە هەرێمێکی دابڕاو بۆ داعشەکان ساز بکات. لەو رێگەیەشەوە دەیەوێت وەک عەفرین و سەرێکانی رۆژئاوا هەرێمێک کە لە ئیسلانیە توندڕەوەکان پێکدێت، لەنێوان باکور و باشوری کوردستان ساز بکات.
بارزانی لە دیدارەکانی لە بەغدا چی وتووە
نوێترین هەوڵدانی پەدەکە سەردانەکەی مەسعود بارزانی بوو بەغدا. پەدەکە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە هەوڵ دەدات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی باشتر بکات. بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئانۆڵ بۆرا ئینان، سەرۆکوەزیرانی عێراق سودانی، نوری مالیکی کە لە بەغدا کەسێکی کاریگەرە، هادی عامری، عەمار حەکیم و لایەنە شیعە و سونەکان دیداری ئەنجامداوە. راگەیەندرا کە لەو ١٧ دیدارەدا بابەتەکانی وەک ئۆپراسیۆنە نوێکەی دەوڵەتی تورک، گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هەڵبژاردنەکانی باشوری کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە. هەروەها راگەیەندرا کە بارزانی داوای لە هەموو لایەنە عێراقییەکان کردووە کە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی باشوری کوردستان لە ٢٠٢٥ دا ئەنجام بدرێن و ئەوەش داواکاری دەوڵەتی تورک نیشان دەدات. ئەوەش دەخرێتەڕوو کە ئەنقەرە بە پەدەکەی وتووە، "رەنگە لەهاویندا ماوەی ئەو ئۆپراسیۆنەی دیاریمان کردووە درێژە بکێشێت. گەر ئێوە بە گوێرەی ئەم هەلومەرجە بچنە هەڵبژاردنەوە، ئێوە لە هەڵبژاردندا تێکدەشکێن. ئێوە هەڵبژاردنەکانی هەڕێم لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق بکەن، ئەمە باشتر دەبێت". رادەگەیەندرێت کە بارزانی پەیوەست بەو داواکاریانە لەبەغدا هەندێک سات و سەودای کردووە و هەندێک داواکاری ئاراستەی حکومەتی ناوەندی کردووە. لێدوانی ئەرێنی سەبارەت بە دیداری بارزانی و هادی عامری دران، ئەمەش پرسیاری 'ئایا بارزانیەکان ئەم جارە چیان لە سەر مێز داناوە؟' هاتووەتە ئاراوە.
پەکەکە و وەرزی هاوین
هەروەها ڕاستی ئەو پلانەی کە حکومەتی ئەردۆغان بۆ ئۆپەراسیۆن و چالاکیی نوێ دژی پەکەکە لە هاویندا ڕایگەیاندبوو، ئاشکرا بوو، لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە زانرا کە ئەم داواکارییە بە پێی خواستی ئەوان جێبەجێ نەکرا. ئەو تاکتیک و ستراتیژانەی کە لە مەیدانی سەربازیدا بەرەو پێش چووە، گوزارشت لە دۆخێکی نوێی سوپای تورک دەکەن لە بەرەکانی شەڕدا و ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەگەر دەوڵەتی تورک بیەوێ لە چیاکانی کوردستان پەرە بە مانەوەی بدات، ڕووبەڕووی گرفتێکی زۆۆر دەبێتەوە و لە بواری سەربازییەوە بەدیلێکی قورس دەدات.
ڕۆڵی بەغداد لە لکاندنی جوگرافیی بە دەوڵەتی تورکەوە
هاوکات لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی هەرێم، بێدەنگی حکومەتی ناوەندی عێراق سەبارەت بە جێگیربوونی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە، جارێکی دیکە سەرنجی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و بەغدا ڕاکێشا، کە هەروەک پەیوەندیەکی نادیار ماوەتەوە. هەرچەندە بەشێک لە ڕیكخراوە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەن، بەڵام پێشهاتە مەیدانیەکان دۆخی پێچەوانە نیشان دەدەن. ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا لەژێر ناوی 'ئەمنیەت'دا کراوە، بانگەشەکانی عێراق پووچەڵ دەکەنەوە. ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوانە بریتییە لە دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی هاوبەش و بنکە سەربازییەکان. جگە لەمەش، زانیارییەکان باس لە دروستکردنی ٢٧ ناوەندی چاودێری لەسەر سنووری نێوان تورکیا و هەولێر و دهۆک دەکەن کە لە ژێر کۆنترۆڵی پەدەکە دایە، ئەمانە نیشاندەری ئەوەیە کە بەغداش لە سیاسەتە داگیرکارییەکانی هەرێمەکە ڕۆڵی هەیە. هەنگاوی یەکەمی ئەمەش ئەو بازگانەیە کە سوپای تورک لە کانی ماسی و بامەڕنێ لە نزیک شاری دهۆک دایناوە. هەروەها هێنانی ٣٠٠ داعش و لە هەرێمی بەرواری باڵا جێگیر کردنیان. دەوڵەتی تورک، وەک قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی، بۆ ئەوەی لە هەندێک بواردا خۆی جێگیر بکات، پەنا بۆ هەندێک ڕێگە و ڕێباز دەبات. لەو شوێنانەی کە سوپای داگیرکەر ناتوانێت پێشڕەویی بکات، هێزە تایبەتەکانی سەر بە پەدەکە ڕێگایان بۆ ئاسان دەکەنەوە، دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات باشووری کوردستان بکاتە ناوەندێکی سەربازی.
هێزە نێونەتەوەییەکان: نەم بینی، نەمبیست، نازانم
بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر کردەوە سەربازییەکانی سوپای تورک لە ناوچەکە نیشاندەری ئەەوەیە کە هێزە نێونەتەوەییەکان بە وردی ئاگاداری دۆخەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بنکەیەکی ناتۆ بە هاوکاری تورکیا لە باشووری کوردستان دروست دەکرێت و زۆر ڕوونە کە ئەمریکا و بەریتانیا کە لە عێراق خاوەن دەسەڵاتی سیاسین ئاگاداری هەموو ئەم پێشهاتانەن. هەروەها ئەم هێزانە پێشتر میکانیزمی یاسایی نێودەوڵەتییان سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕووسیای لە کریمیە و ئۆکرانیا و سیاسەتەکانی ئیسرائیل و فەلەستین-یان وەک لکاندن بە جوگرافیای خۆیانەوە پێناسە کردووە، بەڵام لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر کوردستان، ڕەوڵی کەڕ و کوێر و نەزان دەگێڕن.