ئەردۆغان لە نەمسا هێماى رابیعە بەرز بکاتەوە سزا دەدرێت

حکومەتى نەمسا خۆی ئامادە دەکات لە چوارچێوەى تێکۆشان لە دژی 'راستڕەویى توندڕەو' و 'ئیسلامى توندڕەو'دا چەندین سیمبول و هێما قەدەغە بکات. سیمبولی نەژادپەرستانى تورک و هێمای رابیعەى عەدەوی لە لیستى سیمبولە قەدەغەکراوەکاندان.

حکومەتى موحافیزکار – راستڕەوی نەمسا کار بۆ ئەوە دەکات لە ١ی ئاداری ٢٠١٩دا یاسای قەدەغەکردنی سیمبولی 'راستڕەویى توندڕەو' و 'ئیسلامى توندڕەو' دەربکات.

وەزارەتى ناوخۆی نەمسا ئامادەکاریى بۆ ئەو پرۆژە یاسایە کردووە و ئەو سیمبول و هێمایانەى کە دەبێت قەدەغە بکرێن خستووەتە 'لیستى رەشەوە'. بڕیارە پرۆژە یاساکەى وەزارەتى ناوخۆی دواى ماوەیەکى تر پێشکەشی حکومەتى نەمسا بکرێت.

بەپێى پرۆژە یاساکە ئەو سیمبول و هێمایانە تەنها لە شوێنە گشتی و کراوەکاندا قەدەغە ناکرێن، بەڵکو لە مزگەوتەکان و شوێنە داخراوەکانیشدا قەدەغە دەکرێن.

یەکێک لەو سیمبولانە کە بڕیارە قەدەغە بکرێت هیماى رابیعەى عەدەوییە، کە لەلایەن ئاکەپە و ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاوە زۆر بەکاردەهێنرێت.

هەروەها لە لیستەکەدا سیمبولەکانى نەژادپەرستانى تورک و سیمبولەکانى نازیەت، سیمبولەکانى گروپە تیرۆریستییەکانى داعش و قاعیدە قەدەغە دەکرێن.

هەر کەسێک ئەو هێما قەدەغەکراوانە بەکاربهێنیت لە ٤ هەزارەوە بۆ ١٠ هەزار یورۆ سزا دەدرێت

بەپێى یاساکە هەر کەسێک یاساکە جێبەجێ نەکات سەرەتا ٤ هەزار یورۆ سزا دەدرێت و ئەگەر بۆ جاری دووەم دووبارەى بکاتەوە ئەوا ١٠ هەزار یورۆ سزا دەدرێت.

سباستین کورز سەرۆک وەزیری نەمسا لەبارەى پرۆژە یاسای قەدەغەکردنى ئەو هێما و سیمبولانەوە وتى، بۆ پاراستنى دیموکراسیی نەمسا پێویستە رێگا لەو سیمبولانە بگیرێت.

هاینز کرێستیان شتراخ جێگری سەرۆک وەزیرانى نەمسا لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەوان لە دژی هێما ئایینییەکان نین، بۆیە ئەو هێمایانەی لە دژی بنەماکانى وڵاتەکەیان نەبێت، قەدەغە ناکرێن.

بەگوێری بەشێک لە هەواڵی ناو میدیاکانى نەمسا ئەو قەدەغەکارییە لە ژێر ناونیشانی 'ئیخوان موسلیمینی ئیسلامى سوننە'، 'نەتەوەپەرستیى تورکی راستڕەویى توندڕەو'، رێکخستنى پەکەکەى کورد'، 'حەماسی فەلەستین'، 'حیزبوڵا' و گروپى توندڕەوی 'ئوستاشا و هرڤات'ی کرواتیا ئامادە کراوە.

تا ئێستا زانیارییەکى روون لەبارەى ئەوەوە، کە پەکەکە لە چ چوارچێوەیەکدا دەخرێتە ناو ئەو قەدەغەکارییەوە لەبەردەستدا نییە. تۆماس رەمیرستۆرفر لێکۆڵەر و نووسەر بە رۆژنامەى کۆریەری راگەیاندووە "لایەنگرانى پەکەکە هێماى سەرکەوتن (V) بەرز دەکەنەوە، باشە ئێستا ئێو هەڵدەستن هێماى سەرکەوتن کە هێمایەکە لەسەرتاسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت، قەدەغە دەکەن؟".

ئەردۆغان لە بەرلین هێماى عەدەویى بەرزکردبووە

ئەردۆغان دوایین جار لە گەشتیەکەیدا بۆ ئەڵمانیا لە شاری بەرلین هێماى عەدەویى بەرزکردبوویەوە. ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممەى رابردوو و لە کاتى سەردانەکەیدا بۆ بەرلین لە بەردەم ئەو ئۆتێلەدا کە لێى دەمایەوە هێماى گۆڕەپانى رابیعەى عەدەویى بەکار هێنابوو و لەو رێگەیەوە سڵاوى ئاراستەى لایەنگرەکانى کرد.

میدیاکان و ئۆپۆزسیۆنى ئەڵمانیا ناڕەزایەتیان لە دژی بەکارهێنانى ئەو هێمایە لەلایەن ئەردۆغانەوە خستبووە ڕوو و رایانگەیاندبوو 'سەرۆک کۆماری تورک لە ئەڵمانیا هێماى رێکخستنێکى قەدەغەکراوى بەرزکردووەتەوە'. لایەنگرەکانى ئەردۆغانیش بە هێمانى رەگەزپەرستەکانى تورک وەڵامى ئەردۆغانیان دابوویەوە و پێشوازییان لێکردبوو.

گروپى ئیخوان موسلمین لە میسر بۆ ماوەیەک لە خۆپیشاندانەکانیاندا لە گۆڕەپانى رابیعەى عەدەوی هێماى ٤ پەنجەیان پێکەوە بەرزدەکردەوە. ئیخوان موسلیمن و ئەو هێمایە، وەک گروپ و هێماى گروپە توندڕەوەکان لە میسر و چەندین وڵات قەدەغەکراون، بەڵام ئەردۆغان و لایەنگرەکانی زۆر جار ئەو هێمایە بەکاردەهێنن.

ر.م