ئەمریکا لەبارەى هێرشەکانی سەر عێراق هۆشداریى دایە ئێران

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیاری هێرشى چەند رۆژى رابردووی بۆ سەر نوێنەرایەتییەکان لە عێراق دەزانێت و رایگەیاند، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەى هێرشەکانى ئێراندا وەڵامیان دەبێت.

کۆشکی سپی لەبارەى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر عێراق راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێران بەرپرسی راستەوخۆیە لە هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتییانى ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق.

راشگەیاندراوە، هێرشەکەى رۆژانى رابردوو لە دژى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەى ئەمریکا لە بەسرە لەلایەن گروپەکانى سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێران بۆ راوەستاندنى هێرشى ئەو گروپانە، کە پارە و چەکیان پێدەدات و راهێنانى پێکردوون هیچ هەنگاوێکى نەناوە".

هەروها، تۆپبارانکردنى ناوچەى سەوز لە بەغدا و بیناى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەو ناوچەیەدا لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجامدراوە کە تاران پشتیوانییان لێدەکات.

لە راگەیاندراوەکەى کۆشکى سپی دا باسى ئەوەشکراوە، ئێران بەرپرسی راستەوخۆیە بۆ لە هەر هێرشێک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی، فەرمانبەران و کارمەندانى بینا و دامەزراوەکانى ئەمریکا و ئەو لایەن و شوێنانەى کە لە ئەمریکاوە نزیکن و لەبەر ئەوەش هۆشداریى بە ئیران داوە.

لە هۆشدارییەکەى ئەمریکادا باسى ئەوەکراوە "ئەمریکا بۆ پاراستنى ژیانى ئەمریکییەکان بە خێرایى بڕیارى وەڵامدانەوە وەردەگرێت".

ر.م