دەیان ملیۆن ئەژمارى فەیسبوک هاک کران

فەیسبووک بۆ ماوەى چەندین ساڵە زانیارى تایبەتى کەسایەتییەکان و کۆمپانیا و ناوەندەکان ئاشکرا دەکات و لەسەر ئەوەش رەخنەیەکى زۆر لێگیراوە. ئێستاش راگەیاندرا، ئەژماری ٥٠ ملیۆن بەکارهێنەرى فەیسبووک لەلایەن هاککەرەکانەوە هاک کراون و زانیارییەکان براوە.

ئیدارەى فەیسبوک رایگەیاندووە، بەلانیکەمەوە لە کۆی ٢ ملیار بەکارهێنەری فەیسبووک، ئەژماری ٥٠ ملیۆن بەکارهێنەریان هاک کراوە.

راشیگەیاندووە، هاککەرەکان بەهۆی لاوازیى سیکۆریتیى فەیسبووکەوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و لە خاڵە لاوازەکانى سیکۆریتى فەیسبووک بۆ هیرشەکەیان سوودیان وەرگرتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە هاککردنى ئەژماری ئەو ٥٠ ملیۆن کەسە، لە ١٢ مانگى رابردوودا ئەژماری ٤٠ ملیۆن کەسی تریش لە فەیسبوک داخراون.

ماوەیەک لەوە پێشیش کۆمپانیایەک بە ناوی کامبیدج ئانلیتیکا زانیارییەکانى ٨٧ ملیۆن بەکارهێنەى فەیسبووکى بڵاوکردبووە.

هەروەها لەسەر گواستنەوەى زانیاریى هەزاران کەسایەتى و سیاسی و چاودێر و کۆمپانیا بۆ لایەنى سیاسیی دیاریکراو لە هەڵبژاردنەکانى ئەمریکادا، پۆلیسى فیدراڵیى ئەمریکا (ئێف بی ئای) لێکۆڵینەوەى لەگەڵ فەیسبووک و مارک زوکربێرگی بەرێوەبەرەکەى کردبوو.

سەربارى ئەوانەش، فەیسبووک لەسەر داواى ژمارەیەک دەزگاى ئەمنى و هەواڵگری و لەسەر داواى دەوڵەتەکان، کە ژمارەیەکى زۆری ئەو دەوڵەتانەش دەوڵەتى دیکتاتۆرین، ئەژمارى چالاکوانان و کەسانى ئۆپۆزسیۆن و جیابیر و میدیا جۆراجۆرە رەخنەگرەکانی دژ بەو دەوڵەتە دیکتاتۆرانە دادەخات.

ر.م