راپرسی بۆ سەربەخۆیی لە نیوکالدینا (کاناکی) بەڕێوەدەچێت

دوورگەی نیوکالدینا (کاناکی) لە زەریای ئارام ماوەی ١٦٥ ساڵە لە ژێر دەسەڵاتى فەرەنسادایە. ئەمڕۆ گەلی ئەو ناوچە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی ئەنجام دەدەن.

گەلی کاناکی دەنگ بۆ دیاریکردنى چارەنووسیان دەدەن و بەپێى راپرسییەکان، دژبەرانى سەربەخۆیی زۆرینەى دەنگەکان بەدەست دەهێنن.

ئاماژە بەوە دەکرێت، رێژەى بەشداریکردن لە ریفراندۆمەکەدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنى خۆجێى ساڵی ٢٠١٤ زیاتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٤دا رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى خۆجێى نیوکالدینا ٥٨.١٩% بوو و چاوەڕێ دەکرێت رێژەى بەشداریکردن لە ریفراندۆمەکەدا بۆ ٧٣.٦٨% بەرز ببێتەوە.

لە دواى راگەیاندنى ئەنجامی ریفراندۆمەکە، ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆمارى فەرەنسا راگەیاندراوێکى بڵاودەکاتەوە، یان وتەیەک لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

دوورگەی کاناکی دەکەوێتە زەریاى ئارام لە باکووری ئۆستورالیا. رووبەرەکەی ١٨ هەزار و ٥٧٥ کیلۆمەتر چوار گۆشەیە و دانیشتوانەکەشی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەسە و گەورەترین شاری ئەو دوورگەیەش ناوی نومیا-یە، کە هاوکات پایتەختى دوورگەکەیە.

ئەو دوورگەیە لە ساڵی ١٨٥٣ ەوە لە ژێر دەسەڵاتى فەرەنسادایە. خەڵکى ناوچەکە لە بریى نیوکالدینا ناوی کاناکی بۆ دوورگەکەیان بەکار دەبن. ئاستى بژێوی و ژیان و خوێندن لە کاناکی لە ئاستێکى بەرزدایە.

کاناکی دەوڵەمەندە بە چەندین کانزا و یەک لەسەر چواری هەموو نیکڵی جیهان لە سنووری ئەو دوورگەیەدایە. خەڵکی ئەو دوورگەیە لە چەند نەتەوە و ئایینى جیاجیا پێکهاتوون و دانیشتوانى ئەو دوورگەیە ٢٨ زمانى خوجێىی  جۆراجۆریان هەیە.

ر.م