رووسیا: سوریا فڕۆکە رووسییەکەى خستووەتە خوارەوە

وەزارەتى بەرگریى رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەی ئیلۆشینى ٢٠ کە شەوی رابردوو ون بوو بوو، لەلایەن سیستمى بەرگریى مووشەکیى ئێس ٢٠٠ی حکومەتى سوریا، کە لە دژی هێرشە "بێ پرس و تێکدەرانەکەى" ئیسرائیل بەکارهێنراوە، خراوەتەخوارەوە.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتى بەرگریى رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر سوریا خۆیان لە پشت فڕۆکەى ئیلۆشینى ٢٠ی رووسیاوە شاردووەتەوە و بەو هۆیەوە فڕۆکە رووسیەکە بووەتە ئامانجی سیستمى بەرگریى مووشەکیى ئێس ٢٠٠ی سوریا.

راشیگەیاند "هێرشەکەى ئیسرائیل 'تێکدەرانەیە و ئەو هێرشە تێکدەرانەیەی ئیسرائیل بە کارى دوژمنکارانە دەزانین، چونکە لە دواى ئەو هێرشە بێ پرسەى ئیسرائیل ١٥ سەربازی رووس گیانیان لە دەستداوە. ئەوە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیى بە رۆحی هاوکاریى نێوان ئیسرائیل و رووسیاوە نییە".

وتەبێژەکەى وەزارەتى بەرگریى رووسیا وتیشی، شەوی ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ٢٢:٠٠دا ٤ فڕۆکەى ئێف ١٦ى ئیسرائیل لە دەریارى سپیى ناوەڕاستەوە، کە بە نزمی سوڕاونەتەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکى لازقیەى سوریا.

ئەوەشى وت، هێرشەکە لە نزیک کەشتییەکى جەنگیى فەرەنساوە ئەنجامدراوە.

هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند، بە خولەکێک پێش هێرشەکە لە رێگەى هێڵى سوورەوە بەرپرسانى رووسیایان ئاگادار کردووەتەوە. بەڵام بە وتەى بەرپرسانى رووسیا، ئەستەمە لە ماوەیەکى کەمدا فڕۆکەى ئیلۆشین ٢٠ بگواسترایەتەوە بۆ ناوچەیەکى دوور لە هێرشەکە.

وەزارەتى بەرگریى رووسیا راشیگەیاندووە، لە دواى ئەو هێرشە 'دوژمنکارانەیەى' ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، لەمەدوا مافی خۆیانە بەشێوەى ئاسایى وەڵامى هێرشەکان بدەنەوە.

ر.م