سزاى لەسێدارەدان لە ویلایەتى واشنتۆنی ئەمریکا هەڵوەشێنرایەوە

دادگاى باڵاى ویلایەتى واشنتۆن سزاى لەسێدارەدانى هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، سزاى لەسێدارە دان بەشێوەى "میزاجی" و "نەژادپەرستانە" جێبەجێکراوە و ئەوەش پێچەوانەى دەستوورە.

لە ویلایەتى واشنتۆن لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ەوە سزاى لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت. ئێستاش دادگاى باڵاى ویلایەتى واشنتۆن بڕیاریدا سزاى لەسێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوە. بەپێى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى واشنتۆن سزای لەسێدارەدان "بەشێوەیەکى میزاجی و حکومى پێشوەختەی نەژادپەرستانە جێبەجێکراوە و ئەوەش پێچەوانەى دەستووری ئەمریکایە".

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى سزای لەسێدارەدان بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگاى باڵاى ویلایەتى واشنتۆنەوە دەرکراوە. هەموو سزاکانى لەسێدارەدانیشى گۆڕی بۆ سزاى زیندانى هەتاهەتایى. ئەو بڕیارە سزاى لەسێدارەدانى ئەو ٨ کەسەش دەگرێتەوە، کە بڕیاربوو لەسێدارە بدرێن.

ویلایەتى واشنتۆن دەبێتە ٢٠هەمین ویلایەتى ئەمریکا سزاى لەسێدارەدانى تیادا قەدەغە کراوە. لە بڕیارەکەى دادگاى باڵای ویلایەتى واشنتۆندا ئەوەش بەبیرخراوەتەوە، کە ساڵانى ١٩٧٢ و ١٩٧٩ و ١٩٨١ سزاى لەسێدارەدانیان بە پێچەوانەى دەستوور زانیوە، بەڵام لەو کاتانەدا هەر جارێک یاسایەکى تر بۆ بەردەوامیى دان بە سزاى لەسێدارەدان دەرکراوە، بۆیە لەو کاتەنەدا نەتوانراوە بڕیارەکانى سزاى لەسێدارەدان هەڵبوەشێنرێنەوە.

لە ساڵی ١٩٧٦ەوە تاوەکو ئێستا لە ویلایەتى واشنتۆندا سزای لەسێدارەدان بەسەر ٥ کەسدا جێبەجێکرابوو. جای ئینسلی والیى حیزبی دیموکرات لە ویلایەتى واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٤ەوە سزاکانى لەسێدارەدانى راگرتبوو. ئینسلی لەبارەى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى ویلایەتەکەیەوە وتویەتى "ساتێکى زۆر گرنگە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی".

سزای لەسێدارەدان لە ئەمریکا لەمساڵانەى دوایدا کەمبوونەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا ٣٩ کەس لە ئەمریکا لەسێدارەدراون، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی ١٩٨٨دا ٢٩٥ کە و لە ساڵی ٢٠١٠دا ١١٤ کەس بووە.

 تا ئێستاش لە ٣٠ ویلایەتى ئەمریکادا سزاى لەسێدارەدان هەیە و لەلایەن دادگاوە دەردەکرێت، بەڵام  لە ١٦ ویلایەتیاندا لە ساڵی ١٩٧٦ەوە سزاکانى لەسێدارەدان جێبەجێ نەکراون. لەسەرەتاى ئەمساڵەوە بە گشتى ١٨ کەس لە ئەمریکا لەسێدارەدراون کە ١٠ کەسیان لە ویلایەتى تەکساس لەسێدارە دراون.

ر.م