شاندی هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ كاروباری یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كۆبوویه‌وه‌

شاندێكی هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ورووپا كۆبوویه‌وه‌. میشائیل ڕۆت گوتی: «ئه‌گه‌ر توركیا سه‌رله‌نوێ هه‌نگاو بنێت، پڕۆسه‌ی به‌ئه‌ندامبوونی له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.»

شاندێكی باڵای پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په)‌ كه‌ له‌ سه‌زای ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ میتحات سانجار و فه‌له‌كناس ئووجا، هاوگوته‌بێژانی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ده‌په‌ له‌ ئه‌ڵمانیا له‌یلا ئیمره‌ت و سینان ئۆنال پێكهاتوون به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌ڵمانیا و داموده‌زگه‌ باڵاكانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ ٣ ڕۆژه‌ له‌ به‌رلینن و له‌ ئاستی باڵادا دیدار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

شانده‌كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ میشائیل ڕۆت وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ورووپا كۆبوویه‌وه‌. له‌ دوای دیداره‌كه‌، ڕۆت ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ لێدوانێكی كورتی بۆ مێدیاكان دا و سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ده‌رباره‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ توركیا ده‌گیرێن.

«ڕاپۆرتی دواكه‌وتنه‌ نه‌ك پێشكه‌وتن»

میشائیل ڕۆت ده‌ستنیشانی كرد، پڕۆسه‌ی به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ ده‌ستی توركیا دایه‌. گوتی: «هه‌تا ئێستا ئێمه‌ هیچ به‌ربه‌ستێكمان بۆ ئه‌ندامه‌تی توركیا دروست نه‌كردووه‌. ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی تورك جارێكی دیكه‌ هه‌نگاو بنێت، بێگومان پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده‌ كراوه‌ هی پێشكه‌وتن نییه‌، به‌ڵكو هی دواكه‌وتنه‌.»

شانده‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ دواتر له‌گه‌ڵ تۆماس باگه‌ر نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك كۆماری ئه‌ڵمانیا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ كۆبوویه‌‌وه‌. له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به‌ڕێوه‌چوو، هیچ لێدوانێك بۆ ڕۆژنامه‌وانان نه‌درا.

بڕیاره‌ دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئاندریاس ناهلس سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی سۆسیالدیموكرات كۆببێته‌وه‌، دواتریش شانده‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانی فیدڕاڵ به‌فه‌رمی له‌ لایه‌ن كلاودیا ڕۆت جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی لێ بكرێت.

s.m