لە ئەڵمانیا هەزاران کەس لە دژى نەژادپەرستى خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

لە شاری کێمنتزی ئەڵمانیا هەزاران کەس لە دژى رەگەزپەرستى و نەژادپەرستى و دژایەتیکردنى پەنابەران و هاووڵاتییانی بیانى خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.


دواى ئەوە کەسێک لە ناوى دانیەل هـ. لە رۆژی ٢٦ى ئابی ٢٠١٨ دا لەلایەن پەنابەرێکى عێراقییەوە کوژرا، خۆپیشاندانى نەژادپەرستەکان لەو شارەدا دەستیپێکردبوو. خۆپیشاندانەکان تاوەکو رۆژی شەممەى رابردووش بەردەام بوون.

ئەو خۆپیشاندانانە لەسەر داواى پارتى نەژادپەرستى ئەڵمانیا بە ناوى ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (ئافاد - AfD) و گروپى نیونازییەکان رێکخرابوو. بەپێى هەندێک لەسەرچاوەکان ٤ هەزار و ٥٠٠ کەس بەشداریى ئەو خۆپیشاندانەیان کردبوو.

لە بەرامبەردا هێزە دژە فاشیستەکان دەستیان بە هەوڵدان کرد بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لە دژى نەژادپەرستی. لەبەر ئەوەى نەژادپەرستەکان هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر خۆپیشاندەرانى دژە فاشیست، گرژی و ئاڵۆزی روویدا. پۆلیس بە ئۆتۆمبێلى ئاوپرژاندن دەستی لە خۆپیشاندانەکە وەردا و خۆپیشاندانەکەى ئافادی راوەستاند. لەبەر ئەو ئاڵۆزییە پۆلیس لە چەند شارێکەوە رەوانەى کێمنتز کران.

هەزاران کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانى دژ بە فاشیستەکانیاندا کرد

هێزە دژە فاشیستەکان لە بەرامبەر خۆپیشاندانى نەژادپەرستەکاندا بێدەنگ نەبوون و هاوکات دەستیان بە رێکخستنى میتینگ و کۆبوونەوەی جەماوەری کرد.

 میتینگ و کۆبوونەوەى دژە فاشیستەکان لەسەر داواى چەندین سەندیکا، حیزب و رێکخراوى دژە فاشیستى لە بەردەم کڵێسەى جۆهانسیس رێکخراو و زیاتر لە ٥ هەزار کەس بەشدارییان تیادا کرد.

پەرلەمانتاران لە چەندین حیزبەوە بەشدارى چالاکییەکە بوون و پشتیوانیى خۆیان بۆ چالاکییەکە دووپات کردەوە. باربارا لودویگ سەرۆک شارەوانیى کێمنتز لە چالاکییەکەدا وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى "ساکسۆنیا و کێمنتز ئەمڕۆ بە ئاشکرا و بە روونی وەڵامی نەژاد پەرستەکانی دایەوە و هەروەها دژایەتیکردنى هاووڵاتییانى بیانیى ئیدانەکرد. بەرەنگاربوونەوەى تاوانبارەکان تەنها دەبێت لە چوارچێوەى پێوەرە یاسای و حقوقییەکانى دەوڵەتدا بێت".

ر.م