ژایر بۆلسۆنارۆ بۆ سەرۆک کۆماری برازیل هەڵبژێردرا

ژایر بۆلسۆنارۆ پاڵێوراوی راستڕەوەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار لە برازیل دا سەرکەوتنى بەدەستهێنا. بۆلسۆنارۆ رێژەى ٥٥.٧٠%ی دەنگەکان و فرناندۆ حەداد پاڵێوراوی بەرەی چەپ رێژەى ٤٣.٣٠%ی دەنگەکانى بە دەستهێنابوو.

خولی دووەمی هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماری برازیل دوێنێ بەڕێوەچوو و بەپیى راگەیاندراوی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن لە برازیل ریژەى ٨٨%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە لەو رێژەی بۆلسۆنارۆ ٥٥.٧٠%ی دەنگەکانی بە دەستهێناوە.

چاوەڕێ دەکرێت بۆلسۆنارۆ لە مانگی کانوونی دووەم دا لە پۆستی سەرۆکایەتیى کۆمار لە برازیل دەست بەکار ببێت.

بۆلسۆنارۆ کەسێکى راستڕەوی توندڕەوە و بە نەژادپەرست، دژ بە ئازادییەکانى ژنان دەناسرێت. کۆنە عەسکەرێکى سوپای ئەو وڵاتە بووە و خۆی لەو کەسە عەسکەرتاریەتانە نزیک کردبووە کە ساڵانى ١٩٦٤ بۆ ١٩٨٥ برازیل-یان بەڕێوە دەبرد.

ماوەی یەک خولی سەرۆکایەتیى کۆمار لە برازیل ٤ ساڵە و بەو پێیەش بۆلسۆنارۆ بۆ ماوەی ٤ ساڵ سەرۆک کۆماری برازیل دەبێت.

ر.م