هەزاران کەس بەشداریان کرد لە ڤیستیڤاڵی ساکینە جانسز

لە دەیەمین ڤیستیڤاڵی ساکینە جانسز پەیامەکانی بەرخۆدان دووپاتکرایەوە و گوترا: "تێکۆشانی شکۆمەندانەی ژنان شیاوی سەرکەوتنە".

گۆڕەپانی کاسارناریال لە شاری زیوریخی سویسرا، بە وێنەی شەهیدە پێشەنگەکانی تێکۆشانی ژنانی کوردستان و جیهان ڕازێنرایەوە، ڤیستیڤاڵەکە بە درووشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد.

ساکینە جانسز ڕەنگی بەرخۆدانە

لە ڤیستیڤاڵەکەدا ئەندامی یەکێتی ژنانی کورد لە سویسرا، ئۆزان ئایتاج، بە زمانی کوردی و ئەڵمانی وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد، ئاماژە بەوە کرا، ژیانی ساکینە هەردەم تێکۆشان بووە. هەروەها دووپاتکرایەوە، ڤیستیڤاڵەکە نواندنەوەی تێکۆشان و گیانی ساکینەیە. ئایتاج گوتی: "وەک هەمووان دەزانن، ئەم ڤیستیڤاڵە بە ناوی بەرخۆدان و ئازادی ژنانەوە بەڕێوەدەچێت، بۆیە ناونراوە بە ڤیستیڤاڵی ساکینە جانسز. تێکۆشانی وی، لەپێناو تێکۆشانی ژن بوو، ئازادی ژن مانای ئازادی گەلانە، بەم هۆیەوە ساکینە شەهیدکرا. ساکینە ناسنامەی مێژووە، بووە بەشێکی دانەبڕاوی تێکۆشان، ئەو سنوورەکانی نەدەناسی، لەسەر ئەم ڕێگەیە دەژیا، بۆیە ئەم ڤیستیڤاڵە خاوەنی ڕەنگ و بەرخۆدان و گیانی هاوڕێیەتی ساکینەیە، ڕەنگی بەرخۆدانی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ژیان و بەرخۆدانی ساکینە لەخۆیدا سیمبولێکە، ئەو باوەڕی بە ئازادی و ئاشتی گەلان هەبوو، ئێمەش بڕوامان پێیە".

هەروەها پەیامەکە ئاماژەی کرد بە پێشەنگانی وەک ناگیهان ئاکارسال و ئەڤین گۆیی و هەڤرین خەڵەف و ژیان تۆڵهەڵدان و یادی عەقید و یسرا دەروێش و لێمان شوێش کە بە هێرشی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون، بەڵێندرا شیاوی تێکۆشانی ئەوان بن".

کۆنجا: دەبێت شیاوی بەرخۆدانی چیاکان بین

پاشان بەسیمە کۆنجا بەناوی تەڤگەری ژنانی ئازاد لە ئەوروپا قسەی کرد. سڵاوی لە ئامادەبووان کرد، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە تێکۆشان فراوانتر بکرێت دژی هێرشەکانی داگیرکەری تورک بەرامبەر گەلی کورد، گوتی: "پێویستە وەک ژنانی کورد، تێکۆشان بەتینتر بکەین لە هەموو بوارەکان، ئەگەر دەوڵەتی تورک پێشەنگانی تێکۆشانی ژنان دەکاتە ئامانجم پێویستە ئێمەش کەموکورتی خۆمان ببینین، بەرخۆدانێکی مەزن هەیە لە سەنگەرەکانی شەڕدا، پێویستە شیاوی ئەو بەرخۆدانە بین".

جەختکردنەوە لە یەکێتیی نەتەوەیی

کۆنجا ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "پێویستە تێکۆشانێکی کارا بکەین دژی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورک، ئێمە لە سەردەمی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان داین، دەبێت کورد بەرامبەر ئەم پەیماننامەیە هەڵوێستی هەبێت کە کوردستانی کردە چوار پارچە، دەبێت لەم سەدەیە یەکێتی نەتەوەیی بڕەخسێنن. ئەمڕۆ بەناوی ساکینەوە ڤیستیڤاڵ ڕێکدەخەین کە میراتێکی مەزنی بەرخۆدانی جێهێشت، دەست بەم میراتەوە دەگرین، هەرگیز ئاڵای تێکۆشان داناگرین".

کەژەکە: ستراتیژەکەمان بۆ کوردی ئازاد و ژنی ئازاد سەرکەوت

بەناوی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکەوە نامەیەک بۆ ڤیستیڤاڵەکە نێردرا، لە نامەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پیلانگێڕییەکی ٢٥ ساڵە لەسەر تێکۆشانی ژنان، تێیدا هاتووە: "سیستەمی سەرمایەداری لەڕێگەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییەوە هەوڵیدا بۆ کۆمەڵکوژی کورد، تاوەکو تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوین داگیربکات و نەخشەی جیهان بگۆڕێت. ٢٥ ساڵە، دەیانەوێت بە ڕێگەی جیا پیلانگێڕییەکەیان جێبەجێ بکەن، هێرش زیادی کرد بۆ سەر ناسنامە و زمان و ئیرادە و مێژوو و دەسکەوتەکانی کورد و ژن، ڕژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورک، دەیەوێت هەبوونی خۆی لەسەر بناغەی نەبوونی کورد دابمەزرێنێت، ئامانجی یەکەمی سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک لە سەدەی ڕابردوو، بریتییە لە ژنی کورد، هەوڵدەدات سیاسەتی شەڕی تایبەت و کۆمەڵکوژی و ئەسیمیلاسیۆن و داگیرکاری بەسەر ژنان جێبەجێ بکات، ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە هەموو توانایەکیان کۆکردەوە بۆ ئەم سیاسەتە".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکەدا سەبارەت بە گۆشەگیری ئیمراڵیی هاتووە : "هێزە پیلانگێڕەکان لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، گەلی کورد و ژنان و تێکۆشەرانی تەڤگەری ئازادی دەکەنە ئامانج. ڕێبەرمان ٢٥ ساڵە بەرخۆدانێکی مەزن لە ئیمراڵی بەڕێوەدەبات، سڵاو بۆ بەرخۆدانە مەزنەکەی ڕێبەر دەنێرین، ئێمە وەک ژنان و گەل قەرزاری ڕێبەر ئاپۆین، لەسەر ئەم بناغەیە، هەموو هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ ئازادی ڕێبەرە، بە بەرخۆدان و تێکۆشان گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ دەشکێنین".

هەروەها جەختکرایەوە لەوەی توندوتیژترین و سەخترین شەڕ لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئاماژە بەوە کرا گەریلا بە ئەوینی خاکەوە بەرخۆدان دەکەن، سیاسەتی داگیرکەریان لەباربردووە، هەروەها هاتووە: "گەریلا دەڵێن "ئێرە کوردستانە، هاتنەناوەوە ڕێگەپێدراوە، دەرچوون قەدەغەیە"، ئەم پەیامە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکە، پێویستە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بیزانن، سەردەمی سیاسەتی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و خیانەت کۆتایی هاتووە، ستراتیژەکەمان بۆ کوردی ئازاد و ژنی ئازاد سەرکەوت".

"بانگەواز دەکەین بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان"

لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئێمە وەک کەژەکە، بانگەواز لە ژنان و گەلەکەمان و گەنجان و دۆستەکانمان دەکەین، تێکۆشان بەهێزتر بکەن، ئاگری شەڕەکەیان بەرامبەر دوژمن بەتینتر بکەن، کاروانی پەنجا ساڵەی ڕێبەر شایەنی سەرکەوتنە. تێکۆشانی شکۆمەندانەی ژنان شایەنی سەرکەوتنە. بەم ڕێگەیە با بڕۆین و سەرکەوین لەسەر ڕێگەی سەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ و بەرخۆدانی گەریلا و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان".

هەروەها لە ڤیستیڤاڵەکەدا نامەی مەجلیسی ژنانی سریانی ئەوروپا خوێنرایەوە. هەروەها هونەرمەند بەرماڵ چەم، ژن مە، یەڵدا عەباسی، مێدی، گرووپی ژنانی بازل، گرووپی مناڵانی ڤینتەرتور، ئیلانورا، ستران و نمایشی هونەریان پێشکەش کرد. هەروەها گرووپی سەمای ژنان و گرووپی سەمای فیلامینگۆ نمایشی هونەریان پێشکەش کرد. بەهەمانشێوە، ژنان لە خێوەتەکەدا سترانی خۆیان چڕی.