مونا هونەرمەندی شێوەکار: بە متمانە بەخۆبوون سەرکەوتن بەدیدێت

مونا زوبێر کچە هونەرمەندی شێوەکار: "پەیامم بۆ گەنجانی خاوەن بەهرە ئەوەیە کە دوودڵ نەبن لە بڵاوکردنەوەی کارەکانیان".

 مونا زوبێر کچە شێوەکارێکی شاری هەڵەبجەیە و تەمەنی ١٥ ساڵە و ماوەی پێنج ساڵە کاری شیوەکاری دەکات کە زۆربەی تابلۆکانی کولتوری، سروشت، میوە، درەخت و گوڵ و لەخۆ دەگرێت، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا مونا وەکو کچە هونەرمەندێکی شێوەکار سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو حەز و خولیا بۆ هونەر و گرنگی پاڵپشتی خێزان و متمانە بەخۆبوونی ژنانی لە نیشاندانی توانا و بەهەرەکانیاندا و چەند بابەتێکی دیکەی گرێدراو بە هونەرەکەی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

'لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە کاری شێوەکاری دەکەم'

مونا زوبێری تەمەن ١٥ساڵ لە سەرەتا چاوپێکەوتنەکەی خۆی ناساند و باسی ئەوەیکرد کە سەرەتای حەزی و خولیای ئەو بۆ کاری هونەری دەستی پێکرد و ئاماژەی بەوەکرد کرد کە لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە دەستی کردووە بە وێنەکێشان بەبێ ئەوەی هیچ خولێکی فێربوون ببینێت یان کەسێک یارمەتی بدات وە بەحەز و ئارەزوی خۆی گەیشتووە بەم ئاستەی ئیستای لە هونەری شیوەکاری.

 'زیاتر بایەخ بە وێنەی کولتوری و سروشت دەدەم'

 هەروەها مونا زوبێری کچە شێوەکار، باسی لەوەکرد کە تابلۆکانی لە فستیڤاڵەکان نمایش دەکات و زیاتر بایەخ بە وێنەی سروشت دەدات وەکو وێنەکانی جۆرەها گوڵ و مێوەی جیاواز، دەشلێت: "لەئیستادا زیاتر خواست لەسەر وێنەی گوڵ و میوەکان هەیە کە ژنان ماڵەکانیان بەم تابلۆیانە دەڕازێننەوە چونکە تێر ڕەنگە و زیندوویی لە وێنەکان بەدی دەکرێت هەروەها وێنەی کلتوریش دەکێشم".

 'ئەمەش وایکرد بڕیار بدەم ببمە شێوەکار'

مونا باسی سەرەتای دەستپێکی کارەکانی کرد و ووتی: "هیچ کەسێک منی فێری کاری شێوەکاری نەکردووە تەنها سەرەتا براکەم دەستی بەم کارەکرد و بەڵام دواتر براکەکەم بەهۆی خوێندنەوە دوورکەوتەوە لەکاری هونەری شیوەکاری، منیش چاوم لەوکرد و ئیلهامم لە تابلۆکان براکەم وەرگرت و متمانەم بەخۆم هەبوو و بڕیارمدا ببمە شێوەکار خۆشبەختانەش لەئیستادا گەیشتوومەتە ئاستێکی باش لە هونەرەکەم، وە سوپاسی دایک و باوک دەکەم کە زۆر پاڵپشتیمیان کردووە بۆ گەیشتن بەم ئاستە".

 ەرەڕای قسەی نەرێنی من بەردەوام بووم'

هەروەها ئەو کچە شێوەکارە ووتیشی: "زۆر کەس دەلێن ئەم کچە منداڵە و پێویست ناکات ئەم کارە بکات، بەڵام سەرەڕای قسەی نەرێنی خەڵکی من خۆم پەیچی تۆڕی کۆمەڵایەتیم دامەزراند تا کارەکانم نمایش بکەم، ڕۆژ لەدوای رۆژ  کەسە نزیکەکانم زیاتر هانیاندام کە پەرە بەکارەکانم بدەم و متمانەی زیاترم بەخۆم هەبێت، هەروەها خزم کەسەکانم تابلۆکانمانیان لە ماڵەکانیان و شوێنەکانی خۆیان نمایش دەکرد بەم شێوەیەش تابلۆکانم سەرنجی خەڵکی زیاتری ڕادەکێشا".

 'دوودڵ نەبن لە نمایش کردنی بەهرەکانتان'

مونا پەیامێکی ئاڕاستەی کچان و کوڕانی خاوەن بەهرە کرد و ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە خێزانەکەم پاڵپشتیان کردووم لە کارەکانم، بەڵام بەداخەوە دایک و باوک هەن ڕێگرن لە كچ و کوڕەکانیان کە توانا و بەهرەکانیان نمایش بکەن و لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان کارەکانیان نمایش بکەن، بۆیە پەیامم بۆ کچان و کوڕانی خاوەن بەهرە ئەوەیە کە دوو دڵ نەبن لە بڵاوکردنەوەی کارەکانیان و سەرەتا لە کەسە نزیکەکانیانەوە دەستپێبکەن و لە شاری خۆیان نمایشی بکەن و لەگەڵ کاتدا متمانەبوون زیاد دەکات و ئاستی کارەکان زیاتر پێشدەکەوێت". 

 ئەم جۆرە تابلۆیانە سەرنج زیاتر ڕادەکێشێت

 لە کۆتایدا سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو تابلۆیانەی کە وێنەیان دەکێشێ، مونا زوبێر کچە شێوەکار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "زیاتر تابلۆی میوە و گوڵ دروست دەکەم چونکە ڕەنگیان تێرە و سەرنج زیاتر ڕادەکێشت و کاتێک لەمال دایدەنیت ڕەنگی ماڵەکەوە دەکاتەوە، هەروەها گوڵ لەلای من زۆر جوانە بەتایبەتی بۆناو ماڵان زیاتر حەزم بە کێشانی وێنەی گوڵە بەراورد بە وێنەکانی دیکە، گوڵ جۆری زۆرە بەڵام زیاتر حەزەکەم وێنەی ئەو گوڵانە بکێشم کە کراوەن، کاتێکیش وێنەی سروشت و درەخت دەکێشم بایەخێکی زۆر دەدەمە ووردەکاریەکان".

هـ . ب