ژنانی شاری سلێمانی پێشانگایەکی کاری دەستییان ڕێکخست

لە حەوشەی کولتوری سەرا لە شاری سلێمانی ژنانی دەستڕەنگینی شارەکە پێشانگایەکی کلتورییان تایبەت بە جلوبەرگ و خواردن و ئێکسسواراتی کوردەواری ڕێکخست.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە حەوشەی کولتوری سەرا ژنانی دەستڕەنگینی شارەکە کە سەر بە کۆمەڵەی ڕستن و چنینی کوردستان – سلێمانی بوون پێشانگایەکیان ڕێکخست، تیایدا کەلوپەلی جوانکاری و جلوبەرگی کوردی ڕەسەن و خواردنی کوردەواری نمایش کرابوون.

پێشانگاکە ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تا کاتژمێر ٦ ی ئێوارە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بکەن.

ژێکاڵ ئەحمەد ڕێکخەری پێشانگاکە لە بارەی گرنگی ئەو پێشانگایە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت:" ئەم جۆرە چالاکییانە گرنگن هەم بۆ مانەوە و پارێزگاری لە کۆلتوری کوردەواری و هەمیش بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی کار و ژیان بۆ ژنانی دەستڕەنگین، من هەوڵمداوە شوێنی کارەکان بۆ ئەم خانمانە بێبەرامبەر بێت و داواش لە ڕێکخەرانی تری ئەم جۆرە  چالاکییانە دەکەم کە ئەوانیش بیکەنە بێبەرامبەر، هەم لەبەر بەردەوامی کارەکە و هەمیش لەبەر ئەوەی ژنەکان بتوانن بیکەنە سەرچاوەی بژێوییان." 

هـ . ب