پارت و ڕێکخراوەکان بانگەوازیان کرد: دەمودەست گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت

پارتەکان و ڕێکخراوە یاساییەکان گوتیان: "گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگرن، پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکەن".

ڕاگەیاندراو دژی گۆشەگیری

زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ژنانی شاکرانی ئەزمیر بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بایکۆتی دادگا دەکەن، دیداری تەلەفۆن و کەسوکار ئەنجام نادەن، دەربارەی ئەو زیندانیانەی چالاکی ئەنجام دەدەن، لێپرسینەوە دەستی پێ کردووە و سزای گۆشەی تاکەکەسیان بەسەردا سەپێنرا.

پارتە سیاسی و ڕێکخراوە یاسایی و مەدەنییەکانی شارەکە دژی پێشێلکاری مافەکان لە زیندانەکان و سیاسەتی گۆشەگیری لەبەردەم کامپی زیندانی عەلیاگای ئەزمیر ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، درووشم و پانکارتیان دژی گۆشەگیری و پێشێلکارییەکان بەرزکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ـەوە بە داخوازی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" مانگرتن لە خواردنی زیندانیان دەستی پێ کردووە، لە ٤ ی نیسانەوە زیندانیان ڕایانگەیاند چالاکییەکەیان دەگۆڕن بۆ بایکۆتی دادگا و تەلەفۆن و دیداری بنەماڵەکان.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکرایەوە سەرەڕای هەموو فشارەکان زیندانیان درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن، دەڵێت: "ئەوانەی دەیانەوێت چالاکی ژنان لە زیندانی ژنانی شاکران ئاستەنگ بکەن، بە سزای دیسپلین و گۆشەی تاکەکەسی هەڤاڵەکانمان گۆشەگیر دەکەن. هەموو سەپاندنە فاشیستییەکان لە زیندانی ژنانی شاکران، بۆ شکاندنی تێکۆشان و چەوساندنەوەی ژنانە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داواکراوە سزای سەر زیندانیەکان دەمودەست هەڵبگیرێت، دەڵێت: "دەمودەست گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگن و پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکەن، داخوازی زیندانی سیاسی، داخوازی ملیۆنان کەسە".