بە دیمەن

کەسوکاری ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ئەنفالدا داوای گەڕانەوەی ڕووفاتی ڕۆڵەکانیان کرد

لە ٣٧ـەمین ساڵیادی مەڕاسیمی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەنفالدا، کە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵی سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجام درا. کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان داوای گەڕانەوەی ڕووفاتی ڕۆڵەکانیان دەکەن.

ساڵیادی ئەنفال

٣٧ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی فاشیست، لە چوارچێوەی پاکتاوی نەژادی و جینۆسایدی نەتەوەی کورد بەهەشت قۆناغی جیاواز لەژێر ناوی (ئەنفال)ـدا، زیاتر لە ١٨٢هەزار هاووڵاتی لە ژن، منداڵ و پیاوی بێتاوانی زیندەبەچاڵ کرد، بووە یەکێک لە گەورەترین تاوانی سەدەی بیست، کە بەشێوەکی دڕندانە لە دژی گەلی کورد ئەنجامدا.

ئەنفال، ناسنامەی گەلێکی ستەملێکراوە و زامێکی سارێژ نەبووی میلەتەکەمانە، و پەڵەیەکی ڕەشیشە بەنێوچەوانی دەوڵەت نەتەوەوە بە نوێنەرایەتی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو و دوژمنانی ڕەگەزپەرستی گەلی کوردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی نیسان کە ئەو رۆژە وەکو رۆژی یادکردنەوەی تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد لە پرۆسەی قڕکردنی ئەنفال دیاری کراوە، لە ٣٧هەمین ساڵیادی ئەو کارەساتەدا لە مەڕاسیمێکی یادکردنەوەدا بۆ بەبیرهێناوەوەی قوربانی ئەو جینۆسایدە، کەسوکاری شەهیدان سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوانی شاروچکەی چەمچەمالیان کرد، وەکو هەموو ساڵێک لەکاتی یادکردنەوەی قوربانیانی ئەم جینۆسایدەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوا لە هەردوو حکومەتی ھەرێم و عێراق دەکەن ھەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی مافە ڕەواکانی کەسوکار سەربەرزی ئەنفالکراوان و ‌گەڕاندنەوەی تەواوی ڕوفاتی ڕۆڵەکانیان لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. هەروەها کەسوکاری شەهیدان جەختیان کردەوە کە پێویستە جاش و موستەشارەکان دادگایی بکرێن.

لە چوارچێوەی مەڕاسیمەکە کەسوکاری ئەنفالکراوان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەیاننامەی کەسوکاری شەهیدان لەلایەن سەعد سەنگاوی، چالاکوان و کەسوکاری ئەنفالکراوان خوێندرایەوە، کە ناوبراو ووتی: "وەکو کەسوکاری ئەنفالکراوان داوا لە سەرجەم ڕێكخراوە نێونەتەوەییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەکەین، بەهەموو شێوەیەک ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە دژ بەگەلی کورد بکەن، وە داوا لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەکەین، بە زووترین كات بەدەم داواكارییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدانەوە بێن و داواکانیان جێبەجێ بكرێت، بە بریتیین لە:-

یەکەم: دەستگیركردن و دادگایی کردنی جاش و مستەشارەكان، كە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە.

دووەم: داوا لە حكومەتی عێراق دەکەین بڕیاری دادگای تاوانەكانی عێراق جێبەجێ بكات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە، بە فەرمی داوای لێبووردن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان بكات.

سێ-یەم: داواكارین بابەتی جینۆساید بكرێتە بابەتێكی گشتگیر و لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن و زاكۆ و پەیمانگاكان بخوێنرێت.

چوارەم: خەرجکردنی سلفەی ڕاكێشانی ئاوی (گۆپتەپە-چەمچەماڵ) بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە.

پێنجەم: خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی مۆنۆمێنتی ئەنفال كە لە ئێستادا لە بانك بۆ كۆمپانیای جێ بەجێكار سەرف ناكرێت، بۆ تەواوكردنی كەموكوڕییەكان.

شەشەم: داواكارین فشار بخرێتە سەر حكومەتی عێراق تاوەكوو ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، پەیمانی (ڕۆما) واژوو بكات.

حەوتەم: پەلە بكرێت لە هەڵدانەوە و هێنانەوەی ڕووفاتی ئازیزان بۆ زێدی خۆیان.

هەشتەم: بەردەوام بوون لە  وەرگرتنی زانیاری و نموونەی خوێن DNA لە كەسوكاری ئەنفالكراوان بۆ ناسینەوەی ڕووفاتی ئازیزان.

'١٥٢ کەسی بنەماڵەکەم ئەنفالکراون'

تەمیم حەمید نوری، ناسراو بە پورە تەمیم ژنێکی بەتەمەنە کە ١٥٢ کەس لە کەسوکاری لەپرۆسەی بەدناو ئەنفال جینۆساید کراون، پورە تەمیم بە قورگێکی پڕ لە گریانەوە باسی حەسرەتی خۆی کرد بۆ کەسوکارەکەی، و بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) باسی لەو جینۆسایدە کرد کە بەسەر گەلی کورد و بنەماڵەکەیدا هات و گووتی: "سێ برا و خوشکم و هاوژینەکەم ئەنفالکراون، کە تەواوی بنەماڵە و خزم وکەسی ئەنفالکراوم ١٥٢ کەسن بەڵام بەهۆی گەورەیی تەمەنمەوە ناتوانم وێنەی هەموویان بەدەستەوە هەڵبگرم، بەداخەوە تاوەکو ئیستا حکومەت ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵمان و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە لە گەڕانەوە ڕووفاتی کەسوکارمان، جێگای ئازارە ئێسک و پروسکی کەسوکارمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەسەر زەویی کەوتووە و لەلایەن ناحەزانی کوردەوە گاڵتە بە ڕووفاتی کەسوکارمان دەکرێت".

'دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداری لە میللەتەکەی ناکات'

هەروەها تەمیم حەمید نوری، ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی و بێباکی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت کە ڕووفاتی قوربانیانی ئەنفال ناگەڕێننەوە بۆ کەسوکاریان، و ئاماژەی بەوەکرد: "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەسەر خوێنی شەهیدان خۆیان دەوڵەمەند کرد بەڵام ئامادەنین تێچۆی گەڕانەویە ڕووفاتی کەسوکارمان بگرەنە ئەستۆ، ئەم دەسەڵاتە هیچی بۆ کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان نەکردووە، ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان خاوەنداری لە میللەتی خۆی ناکات".

'نە بەزیندووی نە مردووی کەسوکارمان نەهاتنەوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا بە قورگێکی پڕ لە گریانەوە پورە تەمیم حەمید گووتی: "تاوەکو ڕووخانی رژێمی سەدام حوسین هەر چاوەڕوانی ئازیزانمان بووین کە رۆژێک لە رۆژان لە دەرگا بدەن و بێنەوە بەڵام کەسیان نەگڕانەوە و لە چاوەڕوانی کەوتم، نە بە زیندووی نە مردووی کەسوکارمان نەگڕانەوە".

'پیاوەکانیان دەستگیرکران و جارێکی دیکە چاومان پیان نەکەوتەوە'

شەمسە محەمەد مەعروف، ژنێکی دیکەی کەسوکاری ئەنفالکراوە و لەو پرۆسەی جینۆسایدە تەنها خۆی و چەند منداڵێکی ڕزگاریان بووە، شەمسە لە ساڵیادی ئەو کارەساتەدا بە خەمگینییەوە لەگەڵ کچێکی بچووک کە نەوکەیەتی دانیشتووبوو، باسی لە ڕووداوەکانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە کردو ڕایگەیاند: "سێ برا و هاوژینەکەم و سێ برای هاوژینەکەشێ ئەنفالکراون، جگە لەوەی سەرجەم کەسوکارەکانی پیاواکانی بنەماڵەکەیان جینۆساید کران، تەنها خۆم و پێنج منداڵم لەو شاڵاوە رزگارمان بووە، لەناوچەی لەیلان پیاوەکان لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکران و بردیانیان بۆ شوێنێکی نادیار جارێکی دیکە چاومان پیان نەکەوتەوە".

'ڕووفاتەکانمان بۆ بهێننەوە تاوەکو کەسوکارمان نزیکمان بن'

لە کۆتایی قسەکانیدا شەمسە محەمەد بە دڵێکی پڕ لە غەمگینی و چاوپێکی پڕ لە فرمێسکەوە بەردەوام بوو لە قسەکانی و ووتی: "لە پرۆسەیەدا پیاوەکانی بنەماڵەکەمان هەمووی کۆمەڵکوژکران، ئێمەش لە دۆخێکی زۆر خراپ ئەژیان تەنانەت خواردن و جێگامان نەبوو، بەداخەوە تاوەکو ئیستا ڕووفاتی کەسوکارەکەم نەگڕاوەتەوە، تەنانەت هاوژینەکەم کە جینۆساید کرا ناسنامەکانی لە گیرفان بوو بەڵام هیچ سۆراغێکی نازانین کە ڕووفاتی وەربگرینەوە، حەزەکەین ڕووفاتی ئازیزانمان بۆ بگەڕێننەوە تاوەکو نزیکی خۆمان بن بتوانین سەردانی گۆڕەکانیان بکەین و بەسەریان بکەینەوە، لە ئیستاشدا مووچەیەکمان هەیە بۆیە دۆخمان کەمێک باشترە بەڵام بەدڵ زەخڵەتی "دڵ پڕی" باشین".