هەورامان ناسی (هەر جارەو گوندێک)
گوندی هاوار خاکی پیرۆزی یارسان لە هەورامانی لهۆن.
گوندی هاوار خاکی پیرۆزی یارسان لە هەورامانی لهۆن.
هاوار یەکێکە لە گوندەکانی هەورامانی لهۆن لەدیوی باشوری کوردستان ، لە ۱٦ كیلۆ مەتری باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجە و لەڕوی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی بیارەیە ،١٠١٣ مەتر لە ئاستی روی دەریاوە بەرزە و نزیکەی ٤٠٠ خێزانن.
ھاوار لە باکورەوە ھاوسنورە لەگەڵ گوندی پاڵانیان و ھاوارەکۆن و لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دۆڵبیان و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ گوندی تاوێرە هاوسنورە.
"هاوار سەرزەمینی پیرۆزی یارسانەکانە"
هاوار لە دامێنی چیای شنروی دایە و بۆ یارسانەكانی باشوری كوردستان زەمینیكی پیرۆزە و زادەی پیر و ڕابەرانی ئاینەكەیانە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری یارسانەكان بۆ ( زیارەت و ریازەت ) سەردانی هاوار و ناوچەكە دەكەن.
"ناوی هاوار لە چییەوە هاتووەو چ واتایەکی هەیە؟"
وشەی (هاوار ) لە زمانی هەورامیدا (ها ) بۆ نیشانەكردنەو (وار ) بە مانای خوار دیت بەو پێیەش بیت( هاوار) بە مانای (لە خوار ) دێت بەو مانایەی كە گوندەكە دەكەوێتە بەشی خوارەوەی باكوری ڕۆژهەڵاتی هەورامانی لهۆنەوە.
بۆچونیكی تر هەیە كە وشەی هاوار لە بە (هانا و هاوار) چوونی خەڵكی پێدەشت و شارەزوورەوە هاتبێ لە كاتی شەڕ و شۆڕی زەمانەوە ڕوویان لە ناوچەكە كرد بێت، چونكە ناوچەیەكی شاخاویە و لەبارە بۆ حەشاردان و مانەوە.
"زمانی ئاخافتن کی هاواریەکان چییە؟"
زمانی ئاخافتنی كاكەییەكانی هەورامانی لهۆن شیوە زاری (سۆرانی )ـە كە دەبوو بە بەپێ ی جوگرافیا و ڕەنگدانەوەی ئاینەكەیان بە زمانی گۆران(ماچۆ) یا هەورامی بوایە !!
هۆكاری ئاخاوتنی هاواریەكان بە شێوە زاری سۆرانی و تێكەڵ بە وشەی (ماچۆی كۆن – پەهلەوی و جاف و شارەزووری ) لای روناكبیرانی كاكەیی و توێژەران جێ ی سەر سوڕمانە.
ئەوەی تا ئێستا لەو بارەوە پێیگەیشت بم ئەوە یە كە بە درێژایی مێژوو ئەم زمانە تێكەڵە پەردەی گرتووە و مانەوەی وشەكان لە ناو ئاخاوتنەكاندا زادەی ئەو بارو زروفە بووە كە هاواریەكانی تێدا ژیاون.
رەنگدانەوەی كەلتوروئاخاوتنی هەرامیەكان لە قسەو باسیاندا دیارەو كاروانی بۆ ئیران و گەرمیان و شارەزوور بۆ گۆڕینەوەی میوە بە گەنم و دانەوێڵە كاریگەری هەبووە لە پەردە گرتنی زمانی هاواریەكان.
عابەدینی جاف كە لە سەدەی حەوتەم و هەشتەمی كۆچی دا ژیاوە و لە شارەزووردا لەسەر دەستی مەلا قەدوری شارەزووری فەقیەتی تەواو كردووە كارگەری هەبووە لەسەر ئاخاوتنی كاكەییەكانی هاوار ، چونكە لە كتێبی پیرۆزی كاكەییەكان (سەرئەنجام ) دەورەیەك بە ناوی (دەورەی عابەدینی جاف ) هەیە كە تەنها دەورەیە بە شیوە زاری سۆرانی نوسراوە و لە تێكڕای تیكستەكانی سەر ئەنجام جیاوازە كە بە زمانی هەورامی نوسراون.
خێزانی عابەدینی جاف كاكەییی بوون و لە گوندی (دەرەتوێ) نیشتە جێ بوون لە ئەنجامدا عابەدینی جاف برَوا بە ئاینی كاكەیی دەهێنێت و دەچێتە ریزی یارانی سوڵتان سەهاكی بەرزنجیەوە.
زمانی نوسینی دەورەی عابەدینی جاف بۆ هاواریەكان كاریگەری هەبووە چونكە راستەوخۆ لەو زەمانەدا لە ناو ئەواندا مەراسیمی ئاینی ئەنجام داوەو تەموورە ژەنێكی بلیمەت بووە و دەنگی زۆر بەسۆز بووە بە جۆرێك كاریگەری لەسەر هەموان داناوە.
"هاوار و حەزرەتی سوڵتان سەهاك و پیاوچاکانی دیکەی یارسانی"
لە ناوەراستی سەدەی حەوتەم دا حەزرەتی سوڵتان سەهاكی بەرزنجی** لە شنروێ و چادرگەدا بارگەو بنەی بووەو لە داوێنی گوندەكەوە وە باخێك هەیە بە ناوی ( شاهنشا) كە ئاماژەیە بۆ حەزرەتی سوڵتان سەهاك.
لە خوارووی گوندەكەوە لە چەمی ئاشی پەڕیتەوە مەزاری میر ئەسكەندەر كوڕی سید ئەكابری خامۆش دەبینرێت كە كوڕەزای حەزرەتی سولتان سەهاكی بەرزنجیە ، لای هاواریەكان میر أسكندر خۆشەویستەو لە دەورەی دەرەشیش دا سەری بەخشیوە تا لە یارسان لە بەڵاونەهامەتی بە دوور بێت .
لە هاوار دا چەندین خەڵوەتگەو مەزاری پیاو چاكان و شەیدای خاوەنكاری تیدایە لەوانە :
یەكەم : مەزاری میر ئەسکەندەری خامۆشی
دووەم : مەزاری پیر سمایلی كەوەڵانی
سێ یەم:مەزاری كاكە ئەحمەدی هاواری
چوارەم :خەڵوەتگەی شاخۆشینی لورستانی
پێنجەم : خەڵوەتگەی كاكەی جاوور
شەشەم : خەڵوەتگەی سەید ئەحمەدی میری سوور
حەوتەم :خەڵوەتگەی خەلیفە قەمەر
هەشتەم : خەلوەتگەی شا ئبراهیمی سید محمد
نۆیەم : باخی شاهەنشا
دەیەم : كانی چەمەكەری
یانزەیەم : شاخی شنروێ و چادرگا
لە خواروی گوندی هاواری ئێستا شوێنیك هەیە پێ ی دەڵێن (ناویێ ) كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە خەڵكی هاوار پێشتر لەو شوێنەدا ژیاون و ناوەكەی لە (ناو دێ ) ەوە هاتووە ئەمەش دوای ئەوە هاتووە كە شوێنی نیشتە جێ بونیان گواستوەتەوە سەر (بەردە ڕەشێ ) ناوەڕاستی گوندی هاواری ئێستا.
"هاوار و شۆڕی وەستانەوە دژی داگیرکاری بەریتانیا"
لە ناوەراستی ساڵی ۱۹۱۹ داگیركەرە ئینگلیزەكان ڕووبەوڕووی شۆرشی كورد بونەوە كە بە ڕابەری مەلیك مەحمود بەرپا ببوو، لە۱۹۱۹/۰٦/۲دا ئینگلیزەكان بە هۆی دۆستەكانیانەوە لە ناوچەكەدا توانیان ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور داگیر بكەن و خەڵك بەرەو بنارەكان و شاخی شنروێ هەڵهاتن.
هاواریەكان خەڵكیان داڵدە داو لەگەڵ برا موسڵمانەكانیان سەنگەری بەرگریان لە دوژمن گرت و شەڕ لە نێوان هەردوو لادا ڕووی دا و دوژمنیان شكاند و نەبەردیەكی بێوێنەیان لە ناوچەكەدا تۆمار كرد. سەردەستەكانی ئەو شەڕە ئەم جوامێرانە بوون :
شیخ رەشیدی عەبابەیلێ
توفیقی بارام هاواری
شیخ كەریمی عەبابەیڵی
سەید مراد فەتاح هاواری
حەمە سەعیدی زەردۆیی
مسەفای باوا هاواری
ئەلە بەیخان
حەمل سەلیم هاواری
عەلی محەمەد حەمە عەزیز (دێوانە )
كەرەم فەتاح مستەفا هاواری
عەلی مەحمود حمە چاوەش
مەقصود حمە هاواری
"بە بۆردومانی فڕۆکە ۱۰ مەدەنی شەهید دەبن"
لەو شەڕەدا فروكەی ئینگلیز گوندی هاواری بۆمباران كردووە و بە هۆیەوە ۸ مناڵ و ژنی عەبابەیلێ و ۲ پیاوی هاواری شەهید بوون.
"هاواریەکان و پێکەوەژیان"
هاواریەكان سەرە ڕای جیاوازی ئاینەكەیان لە پێكەوەژیان و هاوگوزەرانی لەگەڵ دراوسێكانیاندا ناوبانگیان دوور ڕۆشتووە و لە شایی و شیوەنی گوندە دراوسێكانیان بەشدار بوون و پەیوەندیەكی پتەویان لەگەڵ شیخەكانی عەبابەیلێ دا هەبووە. دەرویش ڕەشیدی هاواری مریدی شیخی حسامەدین بووە. لە هەورامان لەوبارەوە بەسەرهات و چیرۆكی زۆر هەن كە دەمان گەڕێننەوە بۆ ئەو زەمانە و سۆزی تەمورەی دەرویش ڕەشید شیخی تەریقەتی نەقشبەندی بزواندووە!!
هەورامیەكان بەهۆی( ئاینی یارسان) بە زمانی هەورامی نوسراوە خۆشەویستی تایبەتیان هەیە بۆ یارسانەكان كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
"گوزەرانی هاوریەکان"
سەرچاوەی ژیانی خەڵكی گوندی هاوار زیاتر ئاژەڵداری و باخداری و بنێشت كردن بووە و بە بەروبومی ڕووەكی و ئاژەڵی ژیاون و میوەی وەك هەنجیر و ترێ و هەناریان بە كاروانی بردۆتە ناوچەكانی تر و ئاڵوگۆریان كردووە بە گەنم و جۆ.
"هاوار و خوێندن و قوتابخانە"
بۆ یەكەم جار لە هاوار لە ڕێککەوتی ۱۹٥۳/۰۹/۱٥دا، قوتابخانە كرایەوە و یەكەم مامۆستا (شیخ فاتحی عەبابەیلێ ) بوو و تێیدا وانەی وتەوە. پاش ئەو مامۆستا (حمە أمین هەورامانی ) بۆ ماوەی چوار ساڵ لە قوتابخانەكەدا خزمەتی كردووە و ناوبراو پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەل دانیشتوانی گوندەكەدا هەبووە كە ئەوەش هانی داوە تا كتێبێك بەناوی (كاكەیی) یەوە بنوسێت كە لە ساڵی ۱۹۸٤چاپ و بڵاو بویەوە.
"ڕاگواستنی گوندەكانی (هاوار – هەوارەكۆن – دەرەتفێ)"
لە ڕێککەوتی ۱۹۷۸/۹/۲۷دا، دەسەڵاتدارانی بەغدا پلانی ڕاگوێزانی گوندەكانی(هاوار – هەوارەكۆن – دەرەتفێ)ی یارسان-نشینیان لە هەورامانی لهۆن جێبەجێ كرد و پاش نیوەرۆی هەمان ڕۆژ بە بەرچاوی دانیشتوانەكەیەوە خانووەكانی ئەو گوندانەفان تەقاندەوە و پانۆرامای ژیانی هەزارەها ساڵی خەڵكی كردە خەونێكی ناخۆش و دانیشتوانەکەیان بەرەو كۆمەڵگای (عەنەب) لە شاری هەڵەبجە ڕاپێچ كردن.
"هاوارفەکان و ڕۆژی بەخشین و ئاشتبوونەوە"
هاوارییەکان مەراسیمی تایبەتی خۆیان هەیە بەناوی ماست-ی قەڵاتێ. ڕۆژی ماستی قهڵاتێ یان (بهخشین)، یهكێكه له نهریته كۆنهكانی كاكهییهكانی ههڵهبجه، كه ساڵانه له مانگی نیساندا ئهنجامی دهدهن و تێیدا نمهكی یهكتر دهكهن و ماست و بهرههمی سپیایی بهسهر یهكتریدا دابهش دهكهن.
ڕۆژی ماستی قهڵاتێ یان بهخشین، نهریتێكی كۆنی كاكهییهكانی ههڵهبجهیه، مێژووهكهی دهگهڕیتهوه بۆ (شهش سهد ساڵ) پێش ئێستا و له كۆندا ئهو ماڵانهی كاكهیی كه ئاژهڵدار بوون و ماست و كهره و دۆیان ههبووه، لهو ڕۆژهدا چوونهته (قهڵاتێ) و ماستیان بهسهر ئهو خێزانانه دابهش كردووه كه ئاژهڵیان نهبووه.
ئهم نهریته جگه له گوندی هاوار ، له هیچ شوێنێكی دیكه ئهنجام نهدراوه، و ساڵانه له گوندی هاوار ئهنجام دهدرێت و گوندهكانی (دهرتووێ و ههواركۆن)ی نزیك له گوندی هاوار-یش کە ئەوانیش کاکەیین، تێیدا بهشدار دهبن.
له نهریتهكهدا، وێڕای دابهشكردنی ماست، خواردنی دیکەش دابهش دهكریت، (دانهوێڵه و نانهڕهقه) لهسهر بهرد و بهردهم هیلانهی مێرووله و باڵندهكان دادهنرێت بۆ ئهوهی ئهوانیش تێر بخۆن، ئهمهش وای كردووه ئهو ڕۆژه به ڕۆژی (بهخشین)یش ناوی بهێنرێت.
ئهگهر دوو كهس یان دوو بنهماڵه كێشهیان ههبێت، دهبێ دوو ڕۆژی پێش (ڕۆژی ماستی قهڵاتێ یان بهخشین) ئاشت ببنهوه، دهنا نابێت بهشداریی ڕێوڕەسمی ئهو ڕۆژه بكهن.
٭سوپاسی بێپایان بۆ بەڕێز کاک ئاکۆ شاوەیس کە زانیاری زۆری لەسەر گوندی هاوار دامێ.
نامیق هۆرامی نوسەر و توێژەر
هـ.هـ